kteb.jpg

بەشی چواره‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث الی الاول)

مەلا بەختیار

سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، به‌و هه‌موو تواناو لێهاتوییه‌ی هه‌یبووه‌، كه‌چی له‌ لاپه‌ڕه‌ (87-88)دا ده‌ڵێ‌:
"دوای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی گونجاوم بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی زه‌ره‌ره‌كانی تێچوی سه‌ربازیی به‌ریتانیا دانا، پاییزی (1968) به‌ مۆڵه‌ت چومه‌ زانكۆی (هارفارد) چونكه‌ دوای (9) ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌ستم كرد كه‌ باتری مێشكم پێویستی به‌ شه‌حنی نوێ‌ هه‌یه‌، هه‌تا بیروباوه‌ڕی تازه‌ فێر بم‌و باشتر بیر له‌ پاشه‌ڕۆژ بكه‌مه‌وه‌. خوێندنگای (كه‌نه‌دی) نازناوی هاوڕێی شه‌ره‌فی پێبه‌خشیم".

من له‌په‌راوێزی هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا، ئه‌مه‌م نوسیووه‌:
"سه‌رۆك بووه‌، كه‌چی هۆگری فێربونی زیاتر بووه‌. فێربونی كردۆته‌ سه‌رچاوه‌ی پێشكه‌وتن. نه‌ك گه‌نده‌ڵی‌و تاكڕه‌وی.." تاد.

ئه‌شڵێ‌.. چاووم به‌ زاناو پسپۆڕی زۆر كه‌وت، له‌ڕێی گۆڕینه‌وه‌ی بۆچونه‌كانمانه‌وه‌، زۆر شت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ‌و ئابوری ئه‌مریكا فێر بوم.. له‌درێژه‌ی ئه‌م قسانه‌دا، به‌جوانیی، رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌وا:

"له‌سه‌ردانی ره‌سمیی یه‌كه‌ممدا (1967) له‌گه‌ڵ (50) سه‌رمایه‌داردا له‌ شیكاگۆ دانیشتم‌و بۆم رونكردنه‌وه‌ كه‌ سه‌نگاپوره‌ چۆن له‌ گوندێكی بچوكه‌وه‌ كه‌ ته‌نها (120) ماسیگری ساڵی (1819) تیا بووه‌، بۆته‌ وڵاتێكی متروپۆڵ. كه‌ دوو ملیۆن هاوڵاتی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش به‌هۆی فه‌لسه‌فه‌ی (شمه‌ك‌و خزمه‌تگوزاری باش، به‌ڵام هه‌رزان) به‌دیهاتووه‌".

ده‌ڵێ‌:
"به‌و قسانه‌م كاریگه‌ریم له‌سه‌ر ئاماده‌بوان هه‌بوو، چونكه‌ داوای هاوكاریم لێنه‌كردن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی هاتبون، خه‌ڵكی وڵاتانی تازه‌ رزگاركراو، داوای هاوكارییان لێبكات".

ئه‌م بۆچونانه‌ی سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، قوڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌رمایه‌دارانی ئه‌مریكا داناوه‌. بۆ ساڵێك دوای ئه‌وه‌، كه‌ سه‌ردانی نیویۆركی كردووه‌و له‌گه‌ڵ باشترین (800) بڕیارسازانی یانه‌ی ئابوری كۆبۆته‌وه‌. بۆچونه‌كانی له‌سه‌ر ئابوری‌و سیاسه‌ت‌و جه‌نگی ئه‌مریكا له‌ ڤێتنامدا، به‌چاكیی گوێی لێگیراوه‌.

له‌ بۆچونه‌ گوێ لێگیراوه‌كانی، وایلێكردون، وڵاته‌كه‌ی كه‌ره‌سه‌ی خاوی نه‌بووه‌، هه‌تا كۆمپانیاكان به‌هه‌رزان بیكڕن، به‌ڵام ده‌ستی هه‌رزانی كاری هه‌بووه‌. بۆیه‌، گوێیان له‌و كه‌سانه‌ نه‌گرتووه‌ كه‌ هه‌ر خه‌ریكی هه‌ڵوێست فرۆشتن بون‌و به‌ دروشم دژی كۆمپانیا فره‌ ناسنامه‌كان بون. ده‌رگایان بۆ كردونه‌ته‌وه‌و هانیان داوون وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. به‌مه‌، ژێرخانیان به‌هێز كردووه‌و بێكارییان كه‌مكردۆته‌وه‌و به‌م سیاسه‌ته‌ش، توانیویه‌تی، مه‌ڵبه‌ندێك له‌ناوچه‌ی جیهانی سێهه‌مدا بكاته‌ جیهانی یه‌كه‌م. ده‌ڵێ‌: "ئه‌گه‌ر سه‌نگاپوره‌، له‌ مه‌یدانه‌كانی ئاساییشی گشتی‌و تایبه‌تی، ته‌ندروستی، فێربون، په‌یوه‌ندیه‌كان، هاتوچۆ، خزمه‌تگوزاری، سه‌ركه‌وتو بێ‌، ده‌بێته‌ بنه‌مای ده‌ستبه‌كاربونی سه‌رمایه‌دارو خاوه‌نی پرۆژه‌ بازرگانیه‌كان".

به‌م سیاسه‌ته‌ ئابوری‌و به‌رهه‌مهێنان‌و متمانه‌ خوڵقاندنه‌، ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ توانیویه‌تی، وڵاته‌كه‌ی بكاته‌ نمونه‌یه‌كی كه‌موێنه‌ له‌ پێشكه‌وتن.


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە