Adonis.jfif

شانۆ

ئەدۆنیس - وەرگێڕانى : تەلعەت تاهیر

ماڵێکە، تیایدا جیهان وەک میوانێکى ئەبەدى نیشتەجێیە .

زۆرجار: ئەستەمە بزانیت کامەیان میوانە و کامە خانەخوێ ؟

لەناکاو: ماڵەکە بە جەستەیەک دەچێ تەنیا بە چەقۆ بجوڵێ

کە لە هەموو لایەکەوە برین دەنێتەوە :

( ئەرێ ئەمە وێنەى بەیروتە ؟ )

رەنگە کەوتنى بەیروت زۆر بخایەنێت ،

ئەمە نرخى ئەو بەرزبونەوەیەیە کە دەیەوێت سنورى نەبێ .

بەم شێوەیە ئاوارە دەبێ ،

نەک بەرەو ئاراستەکان ، بەڵکو لەناو منداڵدانى شتەکانیشدا .

بەم جۆرە شیعر تەونى چاوێک دەنەخشێنێ تا بە ئاگاى بێنێتەوە ،

شیعریش بەیروت ناڵێ ، بەڵکو ئەو دەیڵێتەوە .

ئەو ناگوترێ : تێکستێکى یاخییە ، ئاڵۆزە ، مەترسیدارە ،

کەس ناتوانێ بینوسێ ، جگە لە مەرەکەبى هەتاو .

شەقامەکان ئاگریان لێدەچۆڕێ ،

ئاگریش چارۆگەکان دەچنێ بۆ یەکجار سەفەر و

چەندین جار خنکان .

وەک ئەوەى منداڵیى بە خۆڵەمێشى پیریى خۆى داپۆشیبێ .

تەرمەکان ، تەرمەکان ، تەرمەکان :

رۆژانێکن ، وەکو پەردە بەسەر بینین دادەرێنەوە .

لە شێوەى پارچە پەڕۆ لە سروش و ئامۆژگارییەکاندا بەردەبنەوە ،

لە تونێڵەکانى وەسوەسەوە .

قسەیەک جەستەى بەیروتى داپۆشیوە : کە هەموو قسەکانە ،

ئەوەى نایەوێ بیدرکێنێ ، تەنیا ئەوە دەدرکێنێ :

نەخێر ، نەخێر و خوشکەکانى لە بووندا یان لە شیرەخۆرى ،

یان لە نان ، یان لە فێڵى ئاو و ئاودانەوەدا

 لە پشت ئەو توێکڵانەى لە ژێر گەڵا وشکەکانەوەن ،

لە هاژەى شەپۆلدا کە دەڵێى ئەسپە و دەحیلێنێ ،

لە شانۆیەکدا پاڵەوانەکەى کەسێک نییە :

بەڵکو نائاگایى ، ئاگایى خەیاڵە .

جەستەیەک ، یاریگاى کات بەشى هەنگاوەکانى ناکا ،

جەستەیەک / لافاوێکە کەنارەکانى مێژوو دەلەقێنێ .


ئەم بابەتە 112 جار خوێندراوەتەوە