Givara.jpg

گروپێکى شانۆیى، هونەرى شانۆ دەباتە نێو خوێندنگاکان

بەمەبەستى زیاتر گرنگیدان لەبوارى (هونەرى شانۆ)، گروپێکى شانۆیى لە دوکان چەندین چالاکى لە خوێندنگاکانى سنوورەکە ئەنجامدەدات.

وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 15/2/2020 کاژێر (10)ى سەرلەبەیانى خوێندنگەى (ئاریشە)ى بنەڕەتى میواندارى گروپى (شانۆى دوکان) دەکات بەمەبەستى زیاتر گرنگیدان لەبوارى (هونەرى شانۆ)، واش بڕیارە شانۆکار (گیڤارا جەبار) سمینارێک بۆ مامۆستایان و خوێندکاران رێکبخات.

سەبارەت بەم چالاکیەى گروپى شانۆى دوکان شانۆکار (گیڤارا جەبار) تایبەت بە سایتى گەلاوێژ وتى: "هونەری شانۆ، پێویستە بچێتە ناو خوێندنگاکان، بەتایبەت لادێکان،  هونەری شانۆ بەیەکێک لە هەرە هونەرو گرینگەکان دائەنرێ، چونکە لەڕێگەی هونەری شانۆوە پەیامی کۆمەڵگەکەت دەگەیەنیت و دەیناسێنیت بەتەواوی جیهان".

هەروەها وتیشى: "من وەکو خوێنکارێکی پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە کۆیە بەشی هونەری شانۆ،  بڕیارمداوە ، بگەڕێم بەسەر قوتابخانەکان و لادێکان تاکو هونەری شانۆیان پێ ئاشنا بکەم تاک و لادێکانیش بێ بەش نەبن لەهونەری شانۆ، چونکە هونەری شانۆ پەیامی جوانیە و هەقیقەتە.. بەداخەوە ئەوەنەی وانەکانی وەرزش و ئینگیلز و عەرەبی و زانست گرینگن لە قوتابخانەکان، دو ئەوەندە هونەری شانۆش گرنگە لە قوتابخانەکان و لێرەوە دەمەوێت بەم کارەم یەکەم پەیامم بۆ وەزارەتی پەروەردە بنێرم لە خشتەی وانەکانی ڕۆژانە هونەری شانۆش بخوێندرێ و ئاشنا بن بەم هونەرە، چونکە لە ڕێگەی شانۆوە پەنجە دەخیتە سەر شتە سروشتی و ناسروشتیەکان، فکرو بیرت زیاتر ئەندێشە دەکەن .. و ئامانجی سەرکیم ئەوەیە کەچیتر لادێکان و خوێنکاران بەدیار سەیرکردنی فلمە بیانیەکانەوە دانە نیشن و ئەوانیش کاری شانۆی خۆیان هەبێت و پەرە بسەنن و بە جیهان بڵێن ئێمەش هونەری شانۆ دەکەین وەک ئێوە تاک و زۆرترین ئەکتەر باش و نوسەر و ڕۆشنبیر بخوڵقێ لە لادێ کان و قوتابخانەکان و کلتورو ئەدەبی ئێمە لە ڕێگەی شانۆکانیانەوە بگەینە جیهان تا نەوە دوای نەوە بەردەوامبێت لەزیندوکردنوەی ئەم هونەرە".

گیڤارا جەبار، دانیشتوی شارۆچکەى دوکانە و خوێنکاری پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شەهید جەعفەرە لە کۆیە بەشی هونەری شانۆ قۆناغی سێیەم، بەڕیوبەری چالاکیە کانی گروپی شانۆی قەزای دوکانە و زیاتر لە (40) کاری شانۆیى ئەنجامداوە، خاوەنی چەندین دەقی شانۆی مناڵان و خاوەنی کتێبێکی پەروەردەییە بەناوی (تارمایی درۆ) لەئێستاشدا سەرقاڵى نوسینى ڕۆمانێکە بەناوی (دوای خۆرهەڵاتن).


ئەم بابەتە 230 جار خوێندراوەتەوە