kteb.jpg

بەشی شه‌شه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

وه‌رچه‌رخانی ئابوری، له‌ ئابورییه‌كی دواكه‌وتوه‌وه‌ بۆ هه‌ره‌ پێشكه‌وتوو، له‌مێژووی وڵاتاندا گرنگترین‌و كاریگه‌رترین سه‌ركه‌وتنه‌. ته‌نانه‌ت، هه‌رچی سه‌ركه‌وتنی سیاسی، شۆڕشگێڕانه‌، فه‌لسه‌فه‌و تیۆریش هه‌یه‌، له‌ دوائه‌نجامدا، له‌مه‌حه‌كی ئابوری ده‌درێن. زۆرن ئه‌و سه‌ركردانه‌ی لافی شۆڕشگێڕانه‌و فه‌لسه‌فه‌یان لێده‌دا، به‌ڵام پرۆژه‌ی ئابورییان نه‌بوو، شكستیان خوارد. ئه‌و سه‌ركردانه‌ی توخنی دروشم‌و تیۆری بریقه‌داریش نه‌كه‌وتن، به‌ڵام ستراتیژی بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابورییان چه‌سپاند، سه‌ركه‌وتن.

هه‌ر ئه‌زمونێك، سه‌رۆكێك، رابه‌رێك، له‌شۆڕشدا، له‌سیاسه‌تدا، له‌فه‌لسه‌فه‌دا، چه‌ند بلیمه‌ت بوبێ‌، ئه‌گه‌ر له‌بواری ئابوری سه‌ركه‌وتنی بۆ گه‌له‌كه‌ی‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌دینه‌هێنابێ‌، سه‌ره‌نجام به‌ شكستخواردوو چونه‌ته‌ مێژوو. نمونه‌كانی ماوتسیتۆنگ، كاسترۆ، كیم ئیل سۆنگ، پۆل پۆت، جه‌مال عه‌بدولناسر، نۆردۆم سیهانۆك، جه‌واهیر لال نه‌هرۆ، یاسر عه‌ره‌فات..تاد. باشترین به‌ڵگه‌ن. ته‌نانه‌ت لینین، كه‌ نه‌یتوانی ئابورییه‌كی باش پێشبخات، شكستی خوارد.

سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، به‌شی زۆری كتێبه‌كه‌ی، له‌ده‌وری به‌رنامه‌و پرۆژه‌ ئابوریه‌كانی نوسراوون. كه‌متر باسی شانازی سیاسی‌و باسی فه‌لسه‌فه‌ ده‌كات. توخنی ئایدیۆلۆژیه‌ت ناكه‌وێ‌. سه‌ریش كه‌وتووه‌.
ئه‌م سه‌رۆكه‌ ده‌ڵێ‌:
"ساڵی 1975) كه‌ ئابوری بوژایه‌وه‌. له‌به‌رێوبه‌رێكم پرسی: تا كه‌ی پارێزبه‌ندیی پێناسه‌ی گومرگی كۆمپانیای سه‌یاره‌ی مارسیدیس بهێڵینه‌وه‌؟ به‌رێوبه‌ری دارایی كۆمپانیاكه‌ وتویه‌تی: هه‌تا هه‌تایه‌. چونكه‌ كرێكاره‌كانمان له‌ڕووی ته‌كنیكیه‌وه‌، له‌ئاستی كرێكارانی ئه‌ڵمانیا نین".

ئه‌م سه‌رۆكه‌، تێگه‌یشتووه‌، كۆمپانیاكان ده‌یانه‌وێ‌ درێژه‌ به‌ زۆرترین قازانجی خۆیان له‌سه‌ر حسابی گه‌ل‌و كرێكارانی سه‌نگاپوره‌ بده‌ن. بۆیه‌، گوێی نه‌داوه‌ته‌ ئه‌و بۆچونه‌ی كۆمپانیاكان‌و ده‌ستبه‌جێ‌، ده‌سته‌به‌ری له‌سه‌ر كۆمپانیاكان لابردووه‌و پشتی به‌خۆیان به‌ستووه‌.

سه‌ره‌نجام ده‌ڵێ‌:
"له‌كۆتایی حه‌فتاكاندا. واتا: دوای (14) ساڵ له‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی ئابوری، بیكاریی‌و بێتوانایی وه‌به‌رهێنانمان پشت سه‌رخست. دوای ئه‌مه‌، چڕمان كرده‌ سه‌ر چۆنایه‌تی وه‌به‌هێنانی نوێ‌، هاوكات ئاستی فێربون‌و كارامه‌یی كرێكاران. په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاو ئۆروپاو ژاپۆن، په‌ره‌پێدا.."تاد. له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێ‌:
"ساڵی 1997 (200) كۆمپانیای ئه‌مریكامان لا بووه‌، كه‌ (15 ملیار دۆلار) وه‌به‌رهێنان كردووه‌. به‌رهه‌م‌و ته‌كنیكیان به‌رده‌وام پێشده‌خست، سه‌ره‌نجام تێچووی یه‌كێتی كاریان كه‌مكرده‌وه‌و كرێی به‌رزیشیان دابین ده‌كرد". له‌په‌راوێزی ئه‌و بابه‌ته‌دا له‌لاپه‌ڕه‌ (98) نوسیومه‌:
"1959 بۆ 1997 دوای (38) ساڵ، وڵاته‌كه‌ كراوه‌ته‌ پیشه‌نگ. كێشه‌یان كه‌مبۆته‌وه‌. بونه‌ته‌ بازاڕی پیشكه‌وتوی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان. هه‌موشی خراوه‌ته‌ خزمه‌تی خه‌ڵك‌و وڵاته‌وه‌".

له‌م كێبه‌ركێ‌ ئابورییه‌دا، به‌ریتانیا (150) ساڵ سه‌نگاپوره‌ی داگیركردووه‌، كه‌چی به‌هۆی كێشه‌ی مانگرتنی كرێكارانی به‌ریتانیاوه‌و ناكۆكی پارتی كرێكاران‌و پارێزگارانه‌وه‌، به‌ریتانیا له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ سه‌نگاپوره‌ دواكه‌وتووه‌. هه‌روا هۆڵه‌نداش. له‌ په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌ (99)دا، له‌سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌ ده‌نوسم:
"ئه‌مریكا پیش ژاپۆن كه‌وتووه‌. چین دوای هه‌مویان بووه‌. وڵاتێكی بچوكی وه‌كو سه‌نگاپوره‌، سیاسه‌تی ئابوری ئه‌مریكاو ژاپۆنی له‌باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیادا ده‌گۆڕێ‌. كه‌وابێ‌، وڵاتی گه‌وره‌و بچوك نییه‌، به‌ڵكو ئه‌قڵ‌و ستراتیژو نه‌خشه‌ی بازاری ئازاد.. رۆڵ ده‌گێڕێ‌.

له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی توندڕه‌وه‌كان، له‌وكاته‌دا، كه‌ دژی هێنانی كۆمپانیاو وڵاتانی وه‌به‌رهێن بون بۆ سه‌نگاپوره‌، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ پێیان ده‌ڵێ‌ (سه‌خیف) بون. منیش له‌په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌ (102)دا ده‌نوسم:
"ره‌خنه‌ی توندڕه‌وانه‌ هیچی لێ سه‌وز نابێ‌، ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ی ستراتیژی ئابوری هه‌بێ‌‌و رێگه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و مشه‌خۆریی نه‌درێ‌. سه‌ركرده‌ی پاك‌و بێباك له‌ بڕیارو به‌رنامه‌كه‌یدا سه‌رده‌كه‌وێ‌".

به‌دڵنیاییه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان، له‌ (29) ساڵی رابردودا، پێشكه‌وتنی به‌رچاوی تیادا به‌دیهاتووه‌. له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می داگیركاری گوناحه‌ به‌راوردیش بكرێ‌. به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌، ئایا، سه‌نگاپوره‌، كه‌ سامانی سروشتییان نه‌بووه‌، هه‌ژارترین ناوچه‌ی ئه‌و جوگرافیا-سیاسیه‌ بووه‌، توانیویانه‌ ئاوها پێشبكه‌ون. ئه‌ی كوردستان، به‌م هه‌موو سامانه‌ سروشتیه‌و ئه‌م ژینگه‌ له‌باره‌، ئایا، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی‌و مشه‌خۆری‌و ئه‌قڵیه‌تی ته‌سكی حیزبایه‌تی-حوكمڕانی نه‌بوایه‌.. شه‌ڕی ناوخۆ نه‌كرایه‌، موزایه‌ده‌ی سیاسی واز لێ بهێنرایه‌.. ئایا، له‌ئێستا پێشكه‌وتوتر نه‌ده‌بوو؟ ئایا ئێستا پشكی تاك له‌كوردستاندا، (25 هه‌زار دۆلار)ی تێنه‌ده‌په‌ڕاند؟ ئایا بێكاری‌و هه‌ژاری كۆتایی نه‌ده‌هات؟!!


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە