Axa.jpg

دەرەقەتهاتن بە چۆکپێدادان بەگژاچوونەوەی دوژمن بە بێ جەنگ

لەسەر ئەرکی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی کتێبی دەرەقەتهاتن بە چۆکپێدادان بەگژاچوونەوەی دوژمن بە بێ جەنگ چاپکرا.

دەرەقەتهاتن بە چۆکپێدادان بەگژاچوونەوەی دوژمن بە بێ جەنگ، (پ. ى. د. رزگار ئاغا) لە زمانى ئینگلیزیەوە کردویەتى بەکوردى و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانى دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لە بارەى کتێبەکەوە وەرگێڕ نوسیویەتى:

"بە پێویستم زانی، کە خوێنەری کورد ئاشنا بکەم بە هەندێک هێڵی گشتی و، هەندێ وردەکاری سیاسەتی پیادەی زلهێزەکان و، بە تایبەتی ئەمەریکا. ئەمەش لەوەوە دێت، کە هێشتا رۆژانە هەژاریی لە شرۆڤە و لێکۆلینەوەی سیاسییماندا رەنگ ئەداتەوە، لە ناو ئاوەزا و، رۆشنبیریی تاکی کوردا. بەجۆرێکە، سەروبەری لێکدانەوەکان چەند پەیڤێکی باو تێپەر ناکەن، کە فشۆڵی دونیابینی و، درک پێنەکردنی پێشبینیەکانیانیان، لە ئەرزی واقیعدا پێوە دیارن. ئەم باری رۆشنبیرییە تەنکاوە، هەمیشە کۆمەڵگەیەکی هاکەزایی Shallow Society ئەخاتەوە، کە نوقمی سۆز ( عاتیفە) ببێ و، یەکێک لەو ئامانجانە بپێکێت، کە لەپشت رووداوەکانەوەیە و، دواجار، تێنەگەیشتن و بە هاکەزایی مانەوە بێـت.

بە کورتی، ئەم دۆکیومێنتە باس لە سیاسەتێکی نوێی ئەمریکا ئەکات؛ کە سیاسەتی سێیەمە بە ستراتیجێکی نوێوە لە بەرامبەر نەیارەکانیدا ئەیگرێتە بەر، چ لە ئەوروپا (رووسیا بە نموونە) و، چ لە ئاسیا (چیین بە نموونە)و، چ لە رۆژھەڵاتی ناوەراست بۆ پاراستنی ھەژموون و، پێگەی سیاسیی و، ئابووریی و، عەسکەریی خۆی. دیارە ئەم سیاسەتە نوێیە وەک ستراتیجێکی نوێ، ھەم وەک ئەلتەرناتیڤ و، ھەم وەک تەواوکەری ھەردوو ستراتیجییەتی زەبر و زەنگی عەسکەریی، کە شەڕ یەکلاییکەرەوە و بڕیار سەپێنە و، ستراتیجییەتی نەرمکێشیی، کە لەڕێی کاریگەریی و، دامەزراوەکان و، دیبلۆماسیی و، کۆمەکی ئابووریی و، ئاڵوگۆڕی رۆشنبیریی لە بڵاوکردنەوەی ھزر و بیروبۆچوون، شتگەلێکی دی بۆ ھاندانی کۆمەڵگەکان، کە چاو لە ئەمریکا بکەن و، ئەمریکا بکەنە پێشرەویان".

لە کۆتایشدا د. رزگار ئاغا دەڵێت: "بە خوێندنەوەی ئەم دۆکیومێنتە، وا تێ ئەگەم، خوێنەر ئاسۆیەکی فراوانتر لە بەردەمیدا ئەکرێتەوە، کە بە روونی پشتپەردەی رووداو و، کەسایەتی و، کۆبوونەوە و، بڕیار و، جووڵەی سەربازیی و، جموجووڵە دیبلۆماسییەکان ببینێت. زۆر زیاتر لەوەی، کە شرۆڤە کرچوکاڵەکانی گۆشبووی دنیای سیاسەتی خۆماڵیی، سەنگ و بەردی ئەکەن و، ئەیخەنە بازاڕەوە".


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە