kteb.jpg

بەشی حه‌وته‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

كاتێك وڵات پێشده‌كه‌وێ‌، سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، ئاسۆی پێشكه‌وتنی فراوانتر ده‌بێ‌، ئه‌ویش له‌ڕێی فێربونی زیاترو پێگه‌یاندنی زاناو پسپۆڕه‌وه‌. له‌لاپه‌ڕه‌ (103)دا ده‌ڵێ‌:
"پێویست بوو متمانه‌ به‌ به‌رپرسان‌و فه‌رمانبه‌ره‌ لاوه‌كانمان بكه‌ین كه‌ ده‌ستپاك‌و راستگۆ، زیره‌ك، خاوه‌ن وزه‌، هانده‌رو توانای جێبه‌جێكردنیان هه‌بوو، گه‌رچی كه‌موكوڕییان له‌ ئه‌زموندا هه‌بوو. هه‌ڵبژارده‌ی باشترین زاناكانمان له‌ناو خوێندكاره‌كانمان بۆ به‌ناوبانگترین زانكۆكانی به‌ریتانیا، كه‌نه‌دا، ئوسترالیا، نیوزله‌ندا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، ئیتاڵیاو ژاپۆن، نارد. پاشان كه‌ توانیمان بۆ ئه‌مریكاشمان ناردن. له‌ڕێی ئه‌مانه‌وه‌ كۆمپانیاكانیان دامه‌زراندوه‌و هێڵی ئاسمانی سه‌نگاپوره‌یان پێشخستووه‌".

ده‌شڵێ‌:
"كاتێك زانیمان پرۆژه‌و كۆمپانیاكانمان سه‌ركه‌وتون، ئازادی زیاترمان دانێ‌‌و له‌ كۆتی وه‌زاره‌ته‌كانمان دورخستنه‌وه‌و گرنگترین كۆمپانیاو بواره‌كانی ئابورییان سه‌ربه‌خۆ كردووه‌. سه‌ره‌نجام، به‌م سیاسه‌ته‌، پرۆژه‌و كۆمپانیاكانیان توانای زیاترو سودی پترو كێبه‌ركێی زۆرتریان كردووه‌".

له‌په‌راوێزی هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا نوسیومه‌:
"پشت به‌خۆبه‌ستن، ژێرخانی ئابوری هاوچه‌رخ، بازاڕی ئازادی راسته‌قینه‌، پێگه‌یاندنی تواناو ئه‌قڵ، دروستكردنی كادری كارامه‌و فێربونی به‌رده‌وام، هاوكات چاودێری پاكی‌و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری.. ئه‌مه‌ ئه‌نجامه‌ كاریگه‌ره‌كه‌یه‌تی".

له‌ لاپه‌ڕه‌ (104)دا، زۆر به‌جوانیی به‌دوای نهێنی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان گه‌ڕاوه‌، سه‌ره‌نجام گه‌یشتۆته‌ ئه‌وباوه‌ڕه‌ كه‌ (متمانه‌) وای كردووه‌، وه‌به‌رهێنه‌رانی بێگانه‌ بڕوایان پێ بكه‌ن‌و له‌ ریزی سه‌نگافوره‌دا بوه‌ستن بۆ دروستكردنی كۆمپانیاو پرۆژه‌كان‌و پاڵاوگه‌ نه‌وتیه‌كان.

ده‌شڵێ‌:
"كاتێك، قه‌یرانی نه‌وت ساڵی (1973) سه‌ریهه‌ڵدا، بڕیارمدا كه‌ له‌ خستنه‌ بازاڕی نه‌وتی پاشه‌كه‌وتكراو درێغی نه‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر واشمان بكردایه‌، دوو ساڵ كیشه‌ی پاشه‌كه‌وتی نه‌وتمان له‌وكاته‌دا نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌رمه‌ی قه‌یرانه‌كه‌شدا، رێگه‌م نه‌دا (متمانه‌) بدۆڕێنین‌و سیاسه‌تی ئابوری نه‌وت، وه‌كو خۆی به‌رده‌وام بوو".

دیقه‌ت بده‌ن، له‌ئاكامی متمانه‌ له‌ده‌ستنه‌دانی له‌كاتی قه‌یران، بۆ قازانجی كاتیی، ده‌ڵێ‌:
"پیشه‌سازی نه‌وتمان به‌وپه‌ڕی متمانه‌وه‌ په‌ره‌یسه‌ندو گه‌یه‌ندرایه‌ پترۆكیمیاویی له‌كۆتایی حه‌فتاكان. له‌نه‌وه‌ده‌كانیشدا، سه‌نگافوره‌ پاڵاوتنی نه‌وتی گه‌یانده‌ (2 , 1 ملیۆن به‌رمیل) له‌رۆژێكدا. دوای هیوستن (ئه‌مریكا)‌و رۆستردام (هۆڵه‌ندا) سه‌نگاپوره‌ بۆته‌ سێهه‌م ناوه‌ندی پاڵاوتنی نه‌وتی جیهان. هه‌روا بۆته‌ سێهه‌م زه‌به‌لاحترین بازرگانی نه‌وت دوای نیویۆرك‌و له‌نده‌ن".

منیش له‌ په‌راوێزی كۆتایی لاپه‌ڕه‌ی (105)دا، له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ نوسیومه‌:
"متمانه‌.. ناونیشانی نهینییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی سه‌نگاپوره‌ بووه‌. وه‌كو سه‌رۆكه‌كه‌یان ده‌ڵێ‌. متمانه‌ش له‌ناو بازاڕی ئازاد، ده‌وڵه‌ت‌و سیسته‌م‌و چاودێری ده‌وێ‌. دیاره‌ به‌رتیلخواردن‌و سه‌رانه‌ سه‌ندن‌و هه‌ڵپه‌ی كاربه‌ده‌سته‌كانیشیان بۆ شه‌ریكی كۆمپانیاكانیان، رێنه‌دراوه‌و گه‌نده‌ڵیی نه‌بووه‌. خزمه‌تی نیشتمان‌و خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی كرێكاران‌و پێگه‌یاندنی زانستییانه‌ی كرێكاری ته‌كنیكی، به‌رده‌وام هه‌بووه‌. بۆیه‌ وڵاته‌كه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ لوتكه‌ی پیشكه‌وتن".

ئه‌و ئه‌زمونه‌ له‌ متمانه‌و پاكێتی، له‌ گه‌رمه‌ی قه‌یرانی سومه‌ته‌نیدا، به‌راورد بكرێ‌ به‌ بازاڕی كوردستان، پێچه‌وانه‌ی سه‌نگاپوره‌یه‌، كه‌ یه‌ك دڵۆپ نه‌وتیشیان نییه‌. به‌داخه‌وه‌، كۆمپانیا نه‌وت فرۆشه‌كان‌و ویستگه‌كانی سوته‌مه‌نی- به‌نزین، له‌كوردستاندا، هه‌میشه‌ پاشه‌كه‌وتیان هه‌یه‌، هه‌تا له‌كاتی قه‌یراندا، یان كاتێك حكومه‌تی عێراق سوته‌مه‌نی له‌كوردستان ده‌بڕێ‌.. بازرگانه‌كانی سوته‌مه‌نی له‌كوردستاندا، رێك له‌وكاتانه‌دا، نه‌وت‌و به‌نزین‌و گازۆیلی پاشه‌كه‌وتكراویان، داده‌به‌زێننه‌ بازاڕ ‌و به‌نرخێكی گران ده‌یفرۆشنه‌ خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌.

كوردستان.. به‌ خه‌بات‌و قوربانیدان، به‌ ئه‌نفال‌و كیمیاباران، به‌ راگواستن‌و ته‌عریب، رزگاری بووه‌. سه‌نگاپوره‌ له‌دۆخێكی سیاسی تایبه‌تیدا سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتووه‌، قوربانییه‌كی زۆر زۆر كه‌می داوه‌، كه‌چی به‌هۆی "متمانه‌"وه‌، خه‌ڵك‌و كۆمپانیاو بازاڕیان.. ئاوها رێك‌وپێك بووه‌. گرانفرۆشی نه‌بووه‌!! له‌كوردستانیشدا، ئه‌وه‌تا مانگی رێبه‌ندانه‌، كه‌چی خه‌ڵك نه‌وتی نییه‌.. رێگه‌ له‌ ته‌نكه‌ره‌ گاز ده‌گیرێ‌.. بۆئه‌وه‌ی سه‌رانه‌ی زیاتر بچێته‌ گیرفانی بانده‌كان!!


ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە