dlshad.jpg

هونەرمەندێکى کورد تابلۆیەک بەدیارى دەبەخشێتە خێزانى سەرۆک کۆمارى فەڕەنسا

هونەرمەندى شێوەکارى کورد (دڵشاد کوێستانى) تابلۆیەک کە ناوى کوردستانە بە دیارى دەبەخشێتە خێزانى سەرۆک کۆمارى فەڕەنسا.

سەبارەت بە تابلۆکە لە لێدوانێکى تایبەت بە سایتى گەلاوێژ هونەرمەندى شێوەکارى دڵشاد کوێستانى وتى: "ساڵى پار ئەم تابلۆ بچکۆلانه شیرینەم کرد بەدیاری بۆ خێزانی سەرۆک کۆماری فەرەنسا (مادام ماکرون)، تابلۆکە بە ناوى کوردستانه و به رەنگی زەیت دروستم کردووه لەسەر کارتۆن و چوارچێوەم تێگرتووه".

کوێستانى ئاماژەى بە شوێنى بەخشینى دیاریەکە کرد و وتى: "لە شارى قاهیرە، کە سەرۆک ماکرۆن سەردانى ئەم شارەى کردبوو، بە هەلم زانى لێى نزیکببمەوە، چونکە منیش وەک فەرەنسیەک بانگهێشت کرابووم بۆ دیداری سەرۆک و خانمی یەکەمى فەڕەنسا و وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا (مادام پارلی)، من بۆ گەیاندنى پەیامى خۆم وەکو کوردێک ئەو کارەم کردووە، لەگەڵ تابلۆکەمدا باسى کورتى هۆکارى بەخشینى دیارییەکەمم بۆ کرد تا بتوانم له داهاتوودا گفتوگو لەسەر دۆزى کوردستان بکەین بەیەکەوە".

لە کۆتایشدا وتى: "بەبەخشینى دیارەکەم خانمى یەکەمى فەڕەنسا زۆر دڵخۆش بوو، لەبەرامبەر دیاریەکەشدا سوپاسى کردم".

 دڵشاد کوێستانی لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: دڵشاد محەمەد ئەمین مەجید بەگ.

- لە رۆژى 13/8/1957 لە گەڕەکى ئیمام قاسم لە شارى کەرکوک لە دایکبووە.

- پیشەی هونەری: شێوەکار

- سەرەتا وەک شاعیر و دەنگبێژ، هاتوتە دنیای هونەرەوە.

- لە سەرەتاى تەمەنى منداڵیدا خولیاى ئەدەب و هونەر بووه.

- لە ساڵى 1961 لە تەمەنى (4) چوار ساڵى بەهۆى روخانى گەڕەکەیان (جمهورى) لەشارى کەرکوک و دەرکردنى باوکى لە کۆمپانیاى نەوت لەسەرکارەکەى بە بیانوى کوردبوونى لەگەڵ خانەوەداکەى هاتۆنەتە شارى سلێمانى.

- خوێندنى سەرەتایى لە خوێندنگاى گوێژە تەواوکردووە.

- خوێندنى ناوەندى لە ناوەندى رۆشبیرى تەواوکردووە.

- لە ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە و تا ساڵى 1985 بەردەوام بووە.

- لە ساڵی 1985 دەستی بەکاری هونەریی کردووە.

- لە ساڵى 1985 لە رێکخستنە نهێنییەکان کارى کردووە.

- لە ساڵی 1994 لە کاتی شەڕی ناوخۆدا کوردستانی بەجێهێشتووە و لە فەرەنسا نیشتەجێ بووه.

- لە فەڕەنسا بەبەردەوامى بەشدار چالاکییە هونەرى و ئەدەبییەکانى کردووە.

- لە رۆژى 7/3/1991 لە راپەرینى شارى سلێمانى یەکەمین کەس بووە راپەڕینى ئەنجامداوە و بە خوێندنەوەى هۆنراوە هانى هاووڵاتیانى شارى سلێمانى داوە بەشدارى خۆپیشاندان بکەن.

- له سالی ۱۹۹٦ یەکەمین پێشانگاى هاوبەشى لە یۆنان کردۆتەوە.

- لە ساڵى 2005 بووەتە سەرۆکی رێکخراوێکی کولتوری فەرە نسی و ئە فریقی.

- لە ساڵى 2017 پێشانگایەکی تایبه‌تی شێوه‌کارە به‌ ناونیشانی (سه‌فه‌رێک به‌ ناو رۆحدا) لە شارى سلێمانى کردۆتەوە.

- ئەندامى یەکێتى نوسەرانى کوردە.

- ئەندامى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستانە.

- لە فەڕەنسا خاوەنی گەلەری تایبەت بە خۆیەتى.

- زیاتر لە (70) پێشانگای تایبەتی کرۆدتەوە.

- بەشداری لە نزیکەی (30) پێشانگای هاوبەشدا کردووە.

- پێشانگاى شێوەکارى زیاتر لە (18) وڵات کردۆتەوە.

- چەندین پێشانگاى شێوەکارى له‌ ( کوردستان، یونان، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، به‌لجیکا، لۆکسمبۆرگ، فه‌ره‌نسا، عه‌مان، به‌ریتانیا، تونس، مه‌غریب، یابان، کۆریا، تورکیا، میسر،ئەڵمانیا، ئەمەریکا) کرۆدتەوە.

- چەندین چالاکى ئەدەبى و هونەرى لە سەر شارەکانى کۆبانێ و هەڵەبجە و کوردستان کردووە.

- چەند جارێک لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڕێوەبەرێتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى بانگهێشتکراوەتەوە بۆ کوردستان.

- لە چەند فیلمێکى کوردى و فەڕەنسى وەکو ئەکتەر بەشدارى کردووە.

- چەندین جار خەڵاتى ڕێزلێنانى پێبەخشراوە.


ئەم بابەتە 122 جار خوێندراوەتەوە