جەلیل زەنگەنە، دەرهێنەرى زنجیرە دراماى گەردەلوول لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى ژیان باس لە ئەکتەرە کۆچکردووەکان دەکات و دەڵێت: "ئاسۆعومەر سوارە و جیهاد دڵپاک قەرەبوو ناکرێنەوە".
رۆژنامەى ژیان چەندین پرسیار ئارستەى جەلیل زەنگەنە، دەرهێنەرى زنجیرە دراماى گەردەلوول دەکات، لەیەکێک لە پرسیارەکاندا دەپرسێت، لەناو ئەکتەرە کۆچکردووەکانی گەردەلوول، زۆرتر بەکامیان ناڕەحەت و دڵگران بووی؟
جەلیل زەنگەنە لە وەڵامدا دەڵێت: "بەهەمویان دڵگران بووم، ئەوە دکتۆر سەلام، جیهاد دڵپاک، جەلال بەیار، بەهادینی حەلیم، مەمەند مستەفا، جەمالی حەمە کۆڵ، پشتوان نووری بەدەوی و زۆریتر. بەڕۆشتنی ئەوان ئەستێرەیەک دەکوژێتەوە، بەڵام بیرمان نەچێت، چەند دانەیەکیان لە ئەستێرەیەک زیاتر بوون، وەک ئاسۆعومەر سوارە و جیهاد دڵپاک، چونکە بەهرە و توانایان هەبوو ئەوانە قەرەبوو ناکرێنەوە".