Kalar.jpg

ده‌رهێنه‌رى شانۆگه‌ریه‌كه‌ى كه‌لار: مه‌به‌ستمان ئه‌و مه‌لایانه‌ن كه‌ لاكۆڵانن و فیكری داعشیان هه‌یه‌

پاش ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تى له‌باره‌ى شانۆگه‌ریه‌كى سه‌رشه‌قام كه‌له‌چوارچێوه‌ى وه‌رزی شانۆی گه‌رمیان نمایشكرا، ده‌رهێنه‌رى شانۆییه‌كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ شانۆگه‌ریه‌كه‌دا مه‌به‌ستیان هه‌مو مه‌لایه‌ك نه‌بوه‌ و به‌ رونى باسكراوه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان مه‌لاى "لاكۆڵانه‌كان" و ئه‌وانه‌ بوه‌ كه‌ بیری داعشیان هه‌یه‌.

عومه‌ر عه‌بدوڵڵا، ده‌رهێنه‌رى شانۆی (وه‌رن ببین به‌ سه‌گ) كه‌ له‌ ده‌ستپێكى چالاكیه‌كانى وه‌رزش شانۆی گه‌رمیان پێرێ نمایشكرا، له‌میانه‌ى وته‌یه‌كدا له‌ كۆتا رۆژى وه‌رزه‌ شانۆییه‌كه‌ له‌باره‌ى ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ى كه‌ دروست بون له‌باره‌ى شانۆییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌وه‌ى سوكایه‌تى به‌ ئاینی ئیسلام كردوه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ شانۆكه‌یان سوكایه‌تى به‌ ئاینى ئیسلام نه‌كردوه‌ و رێزى ئاینی ئیسلام ده‌گرن.

له‌باره‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر زانایانى ئاینی له‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌دا، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌له‌ شانۆگه‌ریه‌كه‌یاندا به‌ رونى باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ مه‌به‌ستیان ئه‌و مه‌لایانه‌یه‌ كه‌ "لاكۆڵانن" و ته‌نانه‌ت زانایانى ئاینی خۆشیان دژیانن، له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌لایانه‌ى فیكری داعشیان هه‌یه‌.

له‌ وته‌یه‌كیشدا به‌ڕێوبه‌رى ئه‌وقافی گه‌رمیان به‌ وه‌كاله‌ت، م. سەباح جاف، ره‌خنه‌ى له‌ شانۆییه‌كه‌ گرت و به‌ سوكایه‌تى بۆسه‌ر زانایانى ئاینی زانی، داواشیكرد كه‌ ده‌رهێنه‌ر و ستافی شانۆییه‌كه‌ داواى لێبوردن بكه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ردا عومه‌ر عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان سوكایه‌تیان به‌ هه‌مو مه‌لایه‌ك نه‌كردوه‌، به‌ڵكو ره‌خنه‌یان له‌ به‌شێك له‌ مه‌لاكان گرتوه‌ كه‌ خۆی به‌ "لاكۆڵان" و "فیكر داعشی" ناوی بردن.

باسی له‌وه‌شكرد ئه‌م ناوچه‌یه‌ قوربانى زۆری داوه‌ له‌ شه‌ڕى داعش، بۆ رێزلێنان له‌و شه‌هیدانه‌ به‌پێویستیان زانیوه‌ ره‌خنه‌ له‌و مه‌لایانه‌ بگرن كه‌ پاڵپشتی ئه‌و بۆچونانه‌ى داعش ده‌كه‌ن.


ئەم بابەتە 119 جار خوێندراوەتەوە