kteb.jpg

بەشی هه‌شته‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

هه‌ر وڵاتێك، سیاسه‌تی باش، متمانه‌ی كۆمه‌ڵ، ژێرخانی پێشكه‌وتوی نه‌بێ‌، بێگومان له‌ناو بازنه‌ی دروشم‌و، ململانێی بێهوده‌و به‌ڵێنی زه‌ردو سه‌وزدا، ده‌سوڕَێته‌وه

.....

سه‌نگاپوره‌، سیاسه‌تی باش‌و متمانه‌ی خه‌ڵك‌و ژێرخانی پێشكه‌وتوی ئابوری، له‌وڵاتێكی جیهانی سێهه‌مه‌وه‌، گۆڕیویانه‌ بۆ ریزی وڵاته‌ یه‌كه‌مه‌كان.

سه‌لماندیان هه‌ر وڵاتێك، سیاسه‌تی باش، متمانه‌ی كۆمه‌ڵ، ژێرخانی پێشكه‌وتوی نه‌بێ‌، بێگومان له‌ناو بازنه‌ی دروشم‌و، ململانێی بێهوده‌و به‌ڵێنی زه‌ردو سه‌وزدا، ده‌سوڕَێته‌وه‌. سه‌ره‌نجام، ده‌شته‌پێ‌!
بڕوانن سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، دوای سیاسه‌تی باش‌و چه‌سپاندنی متمانه‌، له‌سه‌ر ئابوری ده‌ڵێ‌ چی؟
"دوای جیابونه‌وه‌مان ساڵی (1965) له‌ مالیزیا، هه‌ر كه‌سێك بیری له‌وه‌ بكردایه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌نگاپوره‌ بكرێته‌ ناوه‌ندێكی دارایی‌و دراو، به‌ شێتیان ده‌زانی".

دوای (10) ساڵ، سه‌راپا ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ گۆڕدراوه‌و سه‌نگاپوره‌یان كردۆته‌ یه‌كێك له‌ باشترین ناوه‌نده‌كانی دارایی‌و دراوی جیهان. پسپۆڕێكیان ناردۆته‌ له‌نده‌ن. له‌وێ‌ بردویانه‌ بۆ ژورێك نه‌خشه‌ی دارایی گۆی زه‌وی تیا بووه‌و پێی وتووه‌:
سه‌یر بكه‌، ئه‌مه‌ نه‌خشه‌ی دارایی دراوی جیهانه‌. له‌ (زیوریخ)وه‌ سه‌عات 9/ی به‌یانی ده‌رگای بۆرسه‌ی جیهانی ده‌كرێته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ هی فرانكفۆرت، ئینجا له‌نده‌ن. عه‌سر ده‌رگای زیوریخ داده‌خرێ‌، دوای ئه‌وه‌ هی له‌نده‌ن‌و فرانكفۆرت. له‌وكاته‌دا (نیویۆرك) بانكه‌كانی ده‌كاته‌وه‌. ده‌ستبه‌جێ‌ جموجۆڵی دراو ده‌درێته‌ ده‌ستی نیویۆرك. دوای نیوه‌ڕۆ داده‌خرێ‌. نیویۆركیش كاری دراو ده‌داته‌ (سان فرانسیسكۆ) دوای ئه‌وه‌ی (سان فرانسیسكۆ)ش ده‌رگای ئاڵوێڵی دراو داده‌خات، هه‌تا 9/ی به‌یانی بانه‌كانی سویسرا جارێكی تر، ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌سه‌ر كۆی ئه‌م جموجۆڵه‌ داراییه‌و سیسته‌می بانكییه‌، منیش له‌ لاپه‌ڕه‌ (106)دا ده‌ڵێم:
"ئه‌مه‌یه‌ سیسته‌می بانكی‌و دارایی، ته‌واوی سامانی جیهان به‌ڕێوه‌ده‌بات. له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌، ته‌نها پاشكۆیه‌تیه‌كی لاوازو پاره‌ قه‌رزكردن، یان دوره‌په‌رێزییه‌ له‌ بازاڕی بۆرسه‌، كه‌ خه‌ته‌ره‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ‌و داهات!".

ساڵی (1997) متمانه‌ی دارایی له‌ بازنه‌ی بۆرسه‌ی سه‌نگاپوره‌دا (500 ملیار دۆلار)ی تێپه‌ڕاندووه‌.
ئه‌م دۆخه‌ ئابوریه‌و پێشكه‌وتنه‌ی بازاڕی دۆلار و دراو، له‌به‌رامبه‌ردا، له‌لایه‌ن توندره‌وه‌كانه‌وه‌ له‌ناو كرێكاران، دژایه‌تی كراوه‌. لێره‌شدا، سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌ (لی كوان یو) زیره‌كیه‌كی بێڕاده‌ی به‌كارهێناوه‌، له‌ بابه‌تی (نۆهه‌م)دا باسی ده‌كه‌ین.

 


ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە