Qadr.jpg

بنەماڵەى قادر بەشدارى شاعیر سوپاسنامەیەک بڵاودەکەنەوە

دواى ئەوەى بەرەبەیانى رۆژى 23/2/2020 رۆژنامه‌نووس و شاعیر و فۆتۆگرافه‌ر (قادر به‌شدار) (ئاوێنه‌ی شارێک) لە نەخۆشخانەى رزگارى لە شارى هەولێر کۆچى دوایى کرد و هەمان رۆژ لە مەراسیمێکى شایستە لە گۆڕستانى دەروێش خدر لە شاری کۆیە بەخاکسپێردرا، بنەماڵەکەیان سوپاسنامەیەکیان بڵاوکردۆتەوە، هاوکات لەگەڵ سوپاسنامەکە داواکارن هەموان بە پێشنیارو راو بۆچونەکانیان ئامادەبکەن بۆ ئەوەی ئەرشیفە دەوڵەمەندەکە و ماندووبونەکەی بە فیرۆ نەدەن و دەزگاو ناوەندێکی ھەوال و رۆشنبیری دروست بکەن بە ناوی (قادربەشدار).

ئەمەى خوارەوە دەقى سوپاس و پێزانى بنەماڵەکەیانە:

سوپاس و پێزانین

بەناوی خانەوادەی قادر بەشداری ئاوێنەو چرای شارەکەمان، قادر بەشداری پێشمەرگە، قادر بەشداری زیندانی سیاسی ، قادر بەشداری بێژەر، قادر بەشداری شاعیر و نوسەر، قادر بەشداری وەرگێر، قادر بەشداری فۆتۆگرافەر، قادر بەشداری عاشق بە کۆیە و کوردستان، قادر بەشداری گەیەنەری دەنگ و رەنگی کۆیە بە ھەندەران، قادر بەشداری خاوەن رۆژ ژمێری کۆیە، قادر بەشداری کۆیە و کوردستان، سوپاس و رێزو حورمەتمان بۆھەموو ئەوخۆشەویستانەی لە کۆیە و کوردستان و ھەندەران ھاوخەممان بوون، ئەگەرچی لەراستیدا مافی ئەوە بەخۆمان نادەین ئەو خەمە بەتەنھا بە خەمی خۆمان بزانین، چونکە بێگومان خەمی ھەموو کۆیە دەڤەرەکەمان بوو.

قادر بەشدار موڵکی ھەموان بوو وە بۆ ھەموانیش بوو مەراسیمی پرسەکەش گەواھی دەر و سەلمێنەری قسەکانمانن، لەگەل ئەوەش
حەز دەکەم بلێم سوپاسی یەکە بە یەکەتان دەکەم، چاوی یەکە بە یەکەتان ماچ دەکەم، وەفادار و بەئەمەک بوون بۆ رۆلەکەتان، لەدەست دانی قادر بەشدار کەسەرێکی گەورە بوو، چرایەکمان لێکوژاوە، بەلام ئەوە سوننەتی ژیانە مرۆڤ لەدایک دەبێ و دواجار ھەرچەند بژی دەمری، ھەروەک حاجی فەرموویەتی:

مەرگ و ژین میسلی سێبەرو تاوە، ئەوەی باقی بمێنێ ھەر ناوە

قادر بەشداریش کەمی نەکرد ئەرشیفێکی فۆتۆگرافی زیاتر لە (151000000) سەدو پەنجاو یەک ملیۆن وێنەی لەپاش بەجێ ماوە ئەوە جگە لە چەندین خزمەتی تری کە لە رۆژانی دوای راپەرین لە کەنالی گەلی کوردستان - کۆیە پێشکەشی بەگەل و نیشتمانەکەی کردوە.

جارێکی تر رێز و حورمەت و خۆشەویستیمان بۆ ھەموو لایەک تاکاتی چلەی ماتەمینی بەشدارەکەتان ئێمە و ئێوە، پێشنیارو راو بۆچونەکانتان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی ئەرشیفە دەوڵەمەندەکە و ماندووبونەکەی بە فیرۆ نەدەین و دەزگاو ناوەندێکی ھەوال و رۆشنبیری دروست بکەین بە ناوی (قادربەشدار)، ھەرشادو سەرفرازبن.

دکتۆر محمد خضر قادر، برای کۆچکردوو
لەجیاتی بنەماڵەی کۆچکردوو

قادر بەشدار لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: قادر خدر قادر

- پیشە: شاعیر و نوسەر و ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر

- لە رۆژى 16/8/1962 لە گەڕەکی بایزئاغاى کۆیە لەدایکبووە.

- ئەندامى شانەى رێکخستنە نهێنییەکان و پێشمەرگەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بووە.

- چەندین جار لەسەر هەڵوێستەکانى لەلایەن رژێمى بەعسەوە زیندانى کراوە.

- بەهۆى وێنەگرتن و ئەرشیفرکردنى شارى کۆیە نازناوى ئاوێنەى شارێکى پێبەخشراوە.

- بۆ ماوەى 25 ساڵ لە کەنالی گەلی کوردستان - کۆیە کارى کردووە.

- لە ماوەى ژیانیدا ئەرشیفێکی فۆتۆگرافی زیاتر لە (151000000) سەدو پەنجاو یەک ملیۆن وێنەی لەپاش بەجێ ماوە.

- لە ساڵى 2019 بەهۆى جەڵتەى دڵ بارى تەندروستى تێکچوو، هەر ئەمەش بووە هۆکارى کۆچى دوایى و مانەوەى بۆ چەندین جار لە نەخۆشخانە.

- لە رۆژى 23/2/2020 لە تەمەنى (58) ساڵى بە نەخۆشى لە نەخۆشخانەى رزگارى لە شارى هەولێر کۆچى دوایى کرد و هەمان رۆژ لە مەراسیمێکى شایستە لە گۆڕستانى دەروێش خدر لە شاری کۆیە بەخاکسپێردراوە.


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە