Yasin_aftaw.png

وەڵامی سووکایەتی

یاسین ئافتاو

چەند مێتۆد و شێوازێک هەن بۆ وەڵامدانەوە، بە تایبەتیی کاتێک پرسەکە پەیوەندیی بە هونەر و ئەدەبەوە هەیە، هیچ شتێک لەوە باشتر نییە بە کاری هونەریی ئاستبەرز و داهێنەرانە وەڵام بدەیتەوە.عەقڵی سەلەفیی بە تایبەتیی و ئایینیی بە گشتیی؛ بە کاری هونەریی قووڵ و تیزپێکەرانە دەهریی دەبن و بە ئاسانییش ناتوانن شەڕی لەگەڵدا بکەن.

کاتی خۆی؛ شێرکۆ بێکەس لە بەرانبەر تەکفیر و سووکایەتیی و هەڕەشەکاندا نەچوو داوای یاسایی تۆمار بکات، یان هێزی یەکێتیی بەکار بهێنێت دژی فەتواچیی و تەکفیرییەکان، ئەو وەڵامی هەر تەکفیر و فەتوایەکی بە چامە، پەرەگراف و وێنەیەکی شیعریی دەدایەوە، چڵەپووشی فەتوا و تەکفیر چۆن دەیانتوانی لە ئاست لرفە و شەپۆل و هاژەی ئەو تاڤگە باڵابەرزەدا خۆیان بگرن؟! بۆیە کە زانیان پێی ناوێرن؛ ملی خۆیان کەچ کرد و لە تاریکایی هزریاندا خۆیان مەڵاس دایەوە.

شەڕکردن لەگەڵ ئەو شەپۆلی سەلەفییەتەی دونیای ئێمەی گرتووەتەوە، تەنیا و تەنیا بە شەڕکردن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی مافیاییدا دەڕوات، مەلا فڵان و فیسار کێن؟ ئەوانە بووکەڵەی هەرزان و بێ ئەرزشی ئەمیرەکانی جەنگن و چۆنیان بووێت وا هەڵیاندەسووڕێنن. بۆیە؛ هونەرییانە، بەرز و قووڵ؛ پێش ئەوەی تف لە ناوچاوی مەلای تارکبین بکەیت، یەک قۆنەرە بخەرە دەمی سیاسییەکانەوە؛ وەڵڵا، بەس هونەرییانە، بیرت نەچێت، با لە ناو دوو کەوانەشدا نەبێت.

ئەگەر ئەتەوێ لە شکۆی هونەر تێ بگەیت؛ ئەم بەسەرهاتە بخوێنەرەوە:

دەوروبەری ساڵی ١٦٠١ یاخود ١٦٠٢، لە لایەن دامەزراوەی پاپاوە، داوایەک ئاراستەی کاراڤاجیۆ-ی نیگارکێش دەکرێت تابلۆی مردنی مەریەمی پاکیزە وێنە بکێشێت، ئەویش دەستبەجێ و بە پشتبەستن بە تێکنیکە دڵخوازەکەی خۆی (کیارۆسکۆرۆ)، واتە جیاوازیی داینەمیکی نێوان ڕووناکیی و سێبەر؛ وێنەکە دەکێشێت.

پاش ماوەیەک تابلۆی «مەرگی پاکیزە: The Death of the Virgin»؛ درووست دەکات (وێنەی هاوپێچ)، کاتێک تابلۆکە دەنێرێتە کڵێسە و دەیبینن، هەموو بە جارێک تووشی واقوڕمان و هێدمە دەبن، سەرەتا کە هێشتا زۆر وردەکاریی تابلۆکەیان بۆ ڕوون نەبۆتەوە، بەوە دەهریی دەبن کە کاراڤاجیۆ بێ هیچ ڕازاندنەوە و شکۆداریی و تەقدیسێک وێنەکەی کێشاوە، نە فریشتەی تێدایە نە ڕووناکیی ئاسمان، ژوورێکی تاریکی هەژارانە، حەوارییەکانی چواردەوری مەریەم هەموویان لە دەرۆزەکەر دەچن، مەریەمی مەجدەلیی سەری ناوەتە سەر ئەژنۆی و دەگری، کەشێکی غەمبارانەی تەواو مرۆییانە زاڵە بەسەر تابلۆکەدا، وەکو هەموو کارەکانی دیکەی کاراڤاجیۆ، شەبەنگێکی ڕووناکی لە کڵاورۆژنەیەکی ژوورەکەوە هاتۆتە ژوورەوە و سەر و ڕووی هەندێک لە حەوارییەکان و لاشەی مەریەم و سەر و پشتی مەریەمی مەجدەلیی ڕووناک کردۆتەوە، ئەم ڕووناکییە سەرچاوەکەی کڵاوڕۆژنەیەکی ژوورەکەیە و هیچ ژێدەرێکی ئاسمانیی و خودایی نییە، ئەم کارە، داماڵراوە لە هەر پەڕجوو و دڵنەواییەکی خوداییانە، ئینسانییانەیە تا سەر ئێسک، هەردوو مەریەمی پاکیزە و مەجدەلی و حەوارییەکانیش مرۆڤی ئاسایین، لە گۆشت و خوێن، مردنیش ئەو سیحرە دینییەی نییە و بگرە زۆر ناخۆش و قێزەونیشە.

پیاوانی ئایین و تەماشاچییانی تەقلیدیی؛ پەروەردەبوو لەسەر سیحری تابلۆکانی مایکڵ ئانجلۆ بۆنارۆتی، ڕەفائێل و داڤێنشی و هونەرمەندانی چاخی ڕێنیسانس؛ هێشتا لە هێدمەی یەکەم وەئاگا نەهاتبوون کە تووشی بوومەلەرزەیەکی دیکە بوون…

مەریەمی پاکیزە دەموچاوێکی ئاشنای هەیە، لە ژنێک دەچێت لەو نزیکانەدا بینیویانە، خۆیەتی، عەشیقەکەی کاراڤاجیۆیە، ئەی هاوار! عەشیقەیەک بۆتە مۆدێلی مەریەمی پاکیزە! نەک هەر ئەوە، دەموچاوی حەوارییەکانیش ئاشنان، دەرۆزەکەرەکانی ئەو ناوەن و ڕەنگە هەریەکە لە تەماشاچیی و پیاوانی ئایینییش ڕۆژێک لە ڕۆژان خێرێکیان پێ کردبێتن، ئەمە کاری یەکەم جاری کاراڤاجیۆ نییە و پێشتریش کاتێک وێنەی «بانگکردنی قەدیس مەتتا»ـی کێشابوو، هەمووان دەموچاوی مەتتایان ناسییەوە کە کت و مت لە هێنری چوارەمی پاشای ئەوسای فەرەنسای دەکرد، ئیدی هاواریان لێ هەستا: ئەمە چ گەمژەیەک وێنەی کێشاوە، نا چ شێتێک، چ کافر و زەندیقێک!

کڵێسە و پیاوانی ئایین و بینەرەکانیش تابلۆکەیان ڕەت کردەوە، کڵێسە وێنەکەیان بە سووکایەتیی و بێڕێزیی دایە قەڵەم، چونکە مەریەمی وەکو هەر ئافرەتێکی دیکەی ئاسایی بەرجەستە کردووە، ئەوەش لەو لاوە بووەستێت کە ئەوانە لە کێ دەچن، یەکسەر فەرمانی سەرپەڕاندن بۆ کاراڤاجیۆ دەرچوو، دەستگیر کرا و پێش ئەوەی فەرمانەکە جێبەجێ بکرێت، یەکێک لە خانەوادە ئۆرۆستۆکراتەکان یاریدەی دەدەن هەڵبێت و بەرە ماڵطا دەڕوات، لەوێ خۆی دەشارێتەوە، بەڵام بەردەوام دەبێت لە وێنەکێشان، ئیدی وێنەکانی پڕ دەبن لە سەری بڕدراو و ملپەڕاندن و پیاوی بێسەر، وێنەکەی مردنی پاکیزە لە چاوان دەشاردرێتەوە، هەتا لە سەردانێکدا بۆ ڕۆما، تابلۆکە پیشانی ڕۆبنز-ی هونەرمەند دەدەن و ئەویش بە بە های ٣٠٠ سکۆدی بۆ خانەوادەی گۆنزاگای دەکڕێت و ئێستا لە مۆزەی لۆڤەر دانراوە و نرخەکەی سەدان ملیۆن دۆلارە.

ئەی تەکفیرچیی و سەلەفییەکانی کڵێسا لە کوێن؟ ڕەنگە لە زێرابەکانی ڕۆمادا خەریکی تەهلیلە و خاچکێشان بن… ئەی گەمژە؛ کەللـەی تۆ بەر دیواری هونەری بەرز بکەوێت دەبێتە لیقاو… نە خۆت و نە عومری ئێمەش بە فیڕۆ مەدە، ئەو مێشکە جوانە بەکاربهێنە و خەساری مەکە..


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە