kteb.jpg

بەشی ده‌یه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

ئه‌م به‌شه‌ش، هه‌ر بۆ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كرێكاران‌و متمانه‌ی سه‌ندیكاكانه‌ به‌ حكومه‌ته‌كه‌یان، كه‌ دوور له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی زه‌ردوسور، توانیویانه‌ به‌ لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ئابوری حكومه‌ته‌كه‌یان‌و پابه‌ندبون به‌ یاساكان، به‌ره‌ به‌ره‌ خۆشگوزه‌رانی كرێكاران، زۆر پێشبخه‌ن. سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌ له‌مباره‌وه‌ ئارام ئارام سه‌ركه‌وتووه‌. دیقه‌ت بده‌ن له‌ لاپه‌ڕه‌ (128)دا چی ده‌ڵێ‌:

"هانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆمپانیاكانم دا ئه‌ركه‌ نوێكانیان كه‌ چۆنیه‌تی دابینكردنی متمانه‌ی كرێكارانه‌، راپه‌ڕێنن. كه‌ به‌بێ‌ ئه‌م متمانه‌یه‌، هه‌رگیز به‌رهه‌مهێنان په‌ره‌ناسه‌نێ‌. مه‌حاڵه‌ یاسای توند و په‌یڤی زبر ئه‌و ئامانجه‌ به‌دیبهێنێ‌. سیاستی گشتیمان ئه‌وه‌بوو بڕوا به‌ كرێكاران‌و رابه‌ره‌كانیان بهێنین پشتیوانی ئامانجه‌ بنچینه‌ییه‌كانمان بكه‌ن. متمانه‌ی جیهانیی به‌ سه‌نگاپوره‌ به‌هێز بكه‌ین‌و، وه‌به‌رهێنه‌ران رابكێشین‌و هه‌لی كار بڕه‌خسێنین. به‌ڵام له‌ دوائه‌نجامدا، ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ به‌درێژایی ساڵان له‌ هاوكاری‌و په‌یوه‌ندی به‌ كرێكارانه‌وه‌ به‌ده‌ستم هێنابوو، ئه‌مه‌ یارمه‌تی داین په‌یوه‌ندی پیشه‌سازی له‌ توندوتیژیه‌وه‌ بۆ هاوكاری‌و هاوبه‌شی بگۆڕین". بڕواننه‌ لاپه‌ڕه‌ (128-129).

به‌ ده‌ ساڵی حوكمڕانی، ئه‌م سه‌رۆكه‌و هاوڕێكانی، له‌بری گه‌نده‌ڵی‌و مشه‌خۆری، خه‌باتێكی سه‌ختیان كردووه‌ كه‌ له‌ناو وڵاته‌كه‌یاندا ژێرخانی ئابوری پته‌و بكه‌ن، سیسته‌می سیاسی پێشبخه‌ن، متمانه‌ی گه‌ل وه‌ربگرن. له‌وكاته‌دا، هێزی چینایه‌تی كرێكاران كاریگه‌ر بون، به‌ڵام سه‌رلێشێواو بون. ئه‌م سه‌رۆكه‌، له‌بری قسه‌ی بریقه‌دار، سیسته‌می خه‌باتی سه‌ندیكایی گۆڕیون‌و گوزه‌رانی چاك كردون. به‌مه‌ش متمانه‌ی وه‌رگرتوون. به‌هۆی ئه‌م متمانه‌یه‌وه‌، ساڵی (1969) واتا: ده‌ ساڵ دوای حوكم گرتنه‌ده‌ست، هاوڕێیه‌كی خۆی به‌ناوی (دیفان نایر) ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی سه‌ندیكاكانی كرێكاران. ئه‌م رابه‌ره‌، توانیویه‌تی متمانه‌یه‌كی بێڕاده‌ له‌نێوان كرێكارو خاوه‌ن كاردا دروست بكات. به‌رهه‌م زیادی كردووه‌، بژێوی كرێكارانی زۆر باش بووه‌. ته‌نها ژماره‌ی تاكسیه‌كان به‌سن بزانرێ‌ چییان دروست كردووه‌. له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا ژماره‌ی ته‌كسی بێمۆڵه‌تی كۆن (200) دانه‌ بووه‌، گه‌یشتۆته‌ (10 هه‌زار) تاكسی پێشكه‌وتوو. (200) پاسی جوانیشیان بۆ خوێندنگاكان دابین كردووه‌. ئه‌م هیمه‌ت‌و هه‌ڵمه‌ته‌، وای كردووه‌، كه‌ (دیفان) له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكاكانه‌وه‌، ساڵی (1981) هه‌ڵبژێردرێ‌ بۆ سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌. به‌مه‌ش، رابه‌رێكی كرێكاری، له‌وڵاتێكی دیموكراسی تازه‌ رزگاركراوی بازاڕ ئازاددا، متمانه‌ی كرێكارو فه‌رمانبه‌ر وه‌رده‌گرێ‌‌و به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ لوتكه‌.

له‌كوردستاندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاسای كاری نوێ‌ په‌سه‌ندكراوه‌و له‌چاو یاسا فاشیانه‌كه‌ی به‌عس زۆر باشتره‌. به‌ڵام، هێشتا، نه‌ سه‌ندیكای كرێكاران سه‌ندیكایه‌كی راسته‌قینه‌ی ناو كرێكارانه‌و نه‌ رێگه‌ش ده‌درێ‌ رابه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خه‌باتی پیشه‌یی كرێكاران بكه‌ن.. نه‌ چاكسازی له‌ ژینگه‌ی كارو خۆشگوزه‌رانی كرێكارانیش له‌ئاستێكدایه‌، كریكاران لایه‌نی كه‌می متمانه‌یان هه‌بێ‌، هێزی كاریان بخه‌نه‌كارو دڵیان به‌ هاوكاری‌و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كارو كارگه‌كان‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان خۆشبێ‌!


ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە