xwajaajaj.jpg

لە ساڵڕۆژى کۆچى دوایى ئەحمەد خواجەى نوسەر و مێژوونوسى کوردا

لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆ 4/3/1997 ئەحمەد خواجە لە شارى بەغداد کۆچى دوایى کردووە و لە گردى سەیوان لە شارى سلێمانى بەخاک سپێردراوە.

خواجە، ناوى تەواوى ئەحمەد خواجە عەزیز عوسمان ئاغای ئەردەڵانە، نوسەر و مێژوونوسى کوردە و لە رۆژى 6/7/1903 لە شارى سلێمانى دایکبووە، لە سەرەتادا خوێندنى  لە حوجرەکەی خواجە ئەفەندی باوکی خوێندوە و خوێندنی ئامادەیی لە شارى سلێمانى  تەواو کردووە.

لە ساڵى 1922 کاتێک شێخ مەحمود لە هیندستان گەڕاوەتەوە بۆ شارى سلێمانى و حکومەتی پێکھێنا کردویەتى بە گەنجینەوانی خۆی و لە شۆڕشەکەی شێخی نەمردا بەشداریکردووە، چەندین جار  شێخ مەحمود نامەی پێدا ناردووە بۆ کاربەدەستانی ئێران و کونسوڵی  روسیا.

لە رۆژى 20/9/1923 کاتێک ڕۆژنامەی (ئومێدی ئیستقلال) دەرچوو، بوو بە سەرنووسەری رۆژنامەکە، خواجە بیری لە دەرکردنی (پول)ێک بۆ حکومەتی  کوردستان کردۆتەوە کە شێخ لەتیفی دانساز نەخشەی بۆ کێشاوە.

بە کەسایەتییەکی گەورەی روناکبیریی دادەنرێت و خزمەتی زۆری بە بوارەکانی ئەدەب‌ و مێژووی کورد کردووە ‌و زیاتر وەک مێژوونووسێک ناسراوە، کتێبی(چیم دی) کەلە دوو توێی سێ‌ بەرگدا چاپکراوە، بەگەنجینەیەکی بەنرخ دادەنرێت بۆ گێڕانەوەی مێژووی روداوەکانی سەردەمی شێخ محموودی حەفید.

خاوەنی چەندین بەرهەمە، لەوانە:

- چیم دی، (3) بەرگ.

- 101 پیاوی کورد.

- مامۆستا پەری.

- فەرهەنگی کوردی.

- بلانجۆ، وەرگێڕان.


ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە