Goran.jpg

گۆران... سێبەرى خەیاڵ

گۆران .... سێبەری خەیاڵ، ئەم کتێبە لە نووسینی (کامەران سوبحان)ە، خوێندنەوەیەکی جیاوازی گۆرانی شاعیرە، لە (27) پەنجەرەی جیاوازەوە.

(گۆران)ی شاعیر لەم کتێبەدا، لە ژیان و شیعر و تایبەتمەندییەکانیدا بە روخساری جیاواز دەردەکەوێت.

ئەگەرچى وا بڕیاربوو رۆژى شەممە 29/2/2020 لە مەراسیمێکدا کتێبەکە لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی بڵاوبکرێتەوە، بەڵام وەک نوسەرى کتێبەکە لە واڵى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسوبک نوسیویەتى: " بەپێشنیاری کۆمەڵێ خوێنەر، مەراسیمەکەمان بەهۆی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دواخست بۆ کاتێکی تر". لە ئێستادا کتێبەکە لە کتێبخانەکانی کوردستان دەستدەکەوێت.

لە پێشەکى کتێبەکەدا هاتووە:

(غەزەلیات و گەپ و ئۆپەرێت و شیعری منداڵان ‌و گەشتی شیعریی و شیوەن و سروود و شیعری شانۆ ئامێز)ی نووسیووە. جگە لە وەرگێڕانی شیعر، لە زمانی ئینگلیزیی و عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی کوردی و وەرگێڕانی شیعر، لە شێوە زارەکانی ترەوە. بەرهەمی زۆر بووە، بەڵام هەندێ شیعریشی ونبووە. یەکێ لەو شیعرە ونبووانەش، کە زۆر بە کەمی هێمای بۆ کراوە. شیعرێکە بۆ تیرۆرکردنی شاعیرێکی ناوداری ئەدەبی کوردیی نووسیووە.

عەبدوڵڵا بەگ، پێچەوانەی ڕۆژانی تر، جۆش و شەیدای چوونە پۆلی قوتابیانی نەبوو.! پاش هیلاکی و دوو دڵییەکی زۆر، گووڕیدا بەخۆی و هەرچۆنێ بوو ڕۆیشت. منداڵان هەڵسانە سەرپێ. سەرەتای ڕۆژێکی نوێیە، هێشتا خۆر بە هێواشی لە لوتکەی سەرکەلەوە دەرکەوتووە. تیشکەکانی بە نەرمی بەسەر چیای پشتی ماڵانی گوند، بەرەو دەریاچەی سیروان پرشنگ دەدات... (کەمێ بێدەنگیی) منداڵانی پۆل، سەریان لەم بێدەنگییەی مامۆستاکەیان سوڕماوە.! مامۆستا هەردوو دەستی لە گیرفاندایە و بەرەو پەنجەرەکە دەڕوات. ئەمجارە بێدەنگییەکی قوڵتر، تێکەڵ لە بێزاریی. نیگای چاوە پڕ لە حەسرەتەکانی، لە قوڵایی دەریاچەی سیرواندا کۆدەکاتەوە... (بێدەنگیی) عەبدوڵڵا فەنی، لەسەرخۆ، بە زمانێکی منداڵانە دەکەوێتە قسەکردن:

*چەند ڕۆژێ لەمەوبەر، شاعیرێک، لەکەنار ئەو روباری سیروانە شین و قەشەنگەدا، کوژرا.! (عەبدوڵڵا بەگ، پەنجەی شایەتومانی ڕووەو خۆرئاوا درێژ دەکات.) ئەو شاعیرەش، کوڕی بەگزادەی ئەم شارە و خاوەنی ئەو شیعرە بوو، کە لە وانەکانی پێشتردا، پێم ڕەوانکردن.!

-مامۆستا باسی ئەحمەد بەگ دەکەیت؟ یەکێ لە قوتابیانی وای بە عەبدوڵڵا بەگ وت.

*بەڵێ.. شیعرەکەیت ڕەوانە؟

لانەواز و بێکەس و مەزڵومن ئێستە قەومی کورد

گا بەدەستی تورکەکان و گا بەدەست ئێرانەوە

ئەمڕۆ با وابێ، بەڵام ڕۆژێ دێ ئەولادی کورد

دێنە مەیدان بە عیلم و سنعەت و عیرفانەوە

 

گۆرانى شاعیر لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: عەبدوڵڵا سلێمان عەبدوڵڵا .

- لە ساڵى 1904 لە شارى هەڵەبجە لە دایکبووە.

- شاعیر و رۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسیی کورد بووە.

- لە لای باوکی قورئان ‌و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشا‌ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ.

- لە ساڵى 1919 باوکی گۆران کۆچی دوایی دەکات.

- لە ساڵى 1921 چووە بۆ خوێندنگاى عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام بەهۆى کوژرانى موحەممەد بەگی برای لە خوێندن وازدەهێنێت و خەریکى کار دەبێت بۆ ژیانى خۆى و دایکى.

- لە ساڵی 1925 بە مامۆستایی لە خوێندنگەى ھەڵەبجە دامەزراوە ‌و تا ساڵى  ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.

- لە ساڵى1937 دواى ئەوەى بۆ ماوەیەک بێکار دەبێت، دواتر بە یارمەتیی تۆفیق وەھبی گوێزراوەتەوە بۆ دایەرەی ئەشغاڵ بەشی (کاروباری ڕێگاوبان)،  تا ساڵى 1951 لەوێ دەمێنێتەوە.

- لەساڵى 1950 یەکەمین کۆمەڵە شێعری بە ناوی (بەھەشت و یادگار) لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپدراوە.

- لە ساڵى 1951 بۆ یەکەمینجار زیندانى دەکرێت.

- لە مانگى 11/1952 لە زیندان ئازاد دەکرێت و چووە بۆ شارى سلێمانى بووە بە بەرپرسی رۆژنامەی ژین، تا مانگى 9/1954 لەسەر ئەم کارە دەمێنێتەوە.

- لە ساڵى 1953 و 1961 ھەڵبژاردەیەک لە چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە.

- لە رۆژى 17/10/1954 بۆ دووەمین جار لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئاشتی خوازانی شارى سلێمانی دەگیرێت و فەرمانی یەک ساڵ زیندانى و ساڵێک دوورخستنەوەى بەسەردا دەسەپێنن، رۆژانى زیندانى لە زیندانەکانى سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبە ‌و نوگرە سەلمان دەبێت و دورخستنەوەکەشى لە بەدرە  دەبێت.

- لە ساڵی 1954 لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی (پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخاریست) لە چاپداوە.

- لە رۆژى 12/9/1956 لە زیندان ئازاد دەکرێت دەچێت بۆ شارى بەغداد.

- لە رۆژى 17/11/1956 جارێکى دیکە زیندانى دەکرێتەوە، دادگای کەرکووک فەرمانی (3) ساڵ بەندکردنی بە بارمتە دانانی ھەزار دیناری کاتی دەسەپێنێت بەسەریدا، لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانى پێدەکەن کە تا ئەو ماوەیە بێدەنگى هەڵبژێرێت و حکومەت لەخۆى رازیبکات، بەڵام گۆران نە ھەزار دینارەکەی دەبێ ‌و ئە ئەشیەوێ بەڵێنى وەھا بە حکومەت بدات، بۆیە دەخرێتەوە بەندیخانە و رۆژانى بەندیخانەش لە کەرکووک و بەعقووبە بەسەردەبات.

- لە رۆژى 10/8/1958 دواى سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژ لە زینداندا ئازاد دەکرێت.

- لە دواى ئازادکردنى دەگەڕێتەوە بۆ شارى سلێمانی و دواى ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەردانى یەکێتیی سۆڤیەت و چین ‌و کۆریای باکوور دەکات.

- لە ساڵى 1958 بەنیاز بووە کۆمەڵە شێعرێک بە ناوی (سروشت و دەروون) لە چاپبدات، دوای ئەوەى خستیە ژێر چاپ، بەڵام  تەواوی نەکرد.

- لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق گرتۆتە دەست و تا ناوەڕاستی ساڵى 1960 کاری تێدا کردووە، بەڵام بەهۆى بەشداریکردنى لە دووەمین کۆنگرەی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە لەسەر کارلایان بردووە.

- لە ناوەڕاستی ساڵی 1960 دەچێتەوە بۆ شارى بەغدا و دەبێت پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر لە بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و  ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی ئازادی.

- لە ساڵى 1968 لەلایەن (ھۆگر)ی کوڕی و براکانی کۆمەڵە شیعرى (سروشت و دەروون) لە گەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی (یاران)  چاپکراوە.

- لە ساڵى 1978 لیژنەیەک پێکھاتوو لە (محەممەدی مەلا کەریم، د.  عێزەدین مستەفا، کاکەی فەلاح ، حەمەکەریم فەتحوڵڵا، جەلال دەباغ ، ھۆگر گۆران ، ھێرۆ گۆران و ئەژی گۆران)  بۆ کۆ کردنەوەی بەرھەم و شێعرەکانی گۆران کە زۆربەی لە گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق بڵاو کرابوونەوە، وەک گۆڤاری ھاوار لە سووریا و ڕۆژنامەی ژیانەوە، دەنگی داس، ژین، ئازادی، گۆڤاری گەلاوێژ، دەنگی گێتی تازە، ھیوا، شەفەق، بەیان، بڵێسە، رووناھی، نامیلکەی دیاریی لاوان و یادگاری لاوانی عێراق.

- لە ساڵى 1980 دیوانى گۆران لە لایەن لیژنەکەوە بەچاپ گەیەندرا.

- شارەزایى زۆرى لە ئەدەبیاتی گەلانی تر وەک تورک و ئینگلیزی هەبووە.

- جگە لە نوسینى شیعر دەستێکی باڵاشى لە بواری پەخشاندا هەبووە.

- لە سەرەتای 1962 دەردەکەوێت کە، تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەى گەدە بووە، لە شارى بەغدا نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، دواتر بۆ چارەسەر چوە بۆ شارى مۆسکۆ و (3) سێ لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە دەمێنێتەوەو دواتر دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.

- دواى گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی کۆتاییەکانى ژیانى لەو شارە بەسەر دەبات.

- لە رۆژى 18/11/1962 بە نەخۆشى شێرپەنجە لە شارى سلێمانى کۆچى دوایى دەکات.

بەرھەمەکان:

- بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠

- فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨

- سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩

- لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩

- دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠

- نووسین و پەخشان و وەرگێڕاوەکانی گۆران، کۆکردنەوەى نوسینى پێشەکى ئومێد ئاشنا ، هەولێر، 2002.


ئەم بابەتە 123 جار خوێندراوەتەوە