zmanwadab.jpg

کتێبی زمان، ئەدەب، ناسنامە چاپ و بڵاوکرایەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاپی نوێی کتێبی ڕەخنەیی  (زمان، ئەدەب، ناسنامە) لە نووسینی  (د. هاشم ئەحمەدزادە) لە لایه‌ن چاپەمەنی مانگ و لە دووتوێی (422) لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە.

بەپێى سەرچاوەکانى هەواڵ کە ماڵی کتێبی کوردی بڵاوی کردۆتەوە، ئەم کتێبەی نووسەر هەڵگری کۆمەڵێک وتارە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە گۆڤارە کوردییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بڵاو کراونەتەوە. هەر وتارێکی ئەم کتێبە، سەربەخۆیە و لە هەمان کاتیشدا خاڵی هاوبەشی هەموو وتارەکان بریتییە لە بوارە جیاوازەکانی زمان، ئەدەب و ناسنامە لە کوردستاندا.

 ئەو باسانەی لەم کتێبەدا خراونەتەڕوو بیریتین لە: رۆمان و دیکتاتۆر، دۆن‌ کیشۆتی کوردی، قورسایی خەیاڵ بەسەر واقیعدا، ڕۆمان و ناسنامە، نەریت و دژەنەریت لە گێڕانەوەیەکی پیاوانەدا، لە جوەیدەوە بۆ هیوستن، هەڵوێستی (53) نەفەر و چارەنووسی زمانی نەتەوەیەک، ڕۆمانی کوردی و ژنانی ڕۆماننووس، ناسنامە و زمان، لە دۆنکیخۆتەوە بۆ هەناسەی زیندوو، ئەدەب و سیاسەت، کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە؟ وتووێژ دەربارەی زمان، ئەدەبیاتی تاراوگە، ڕۆمان و باوەڕ، ڕەخنەی ئەدەبی و دەقی کوردی، مێژوو و ڕاستی و بەڵگە) و چەند بابەتێکی دیکە.

 لە پێشەکی ئەم کتێبە نووسەر دەڵێت:  "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە دۆستان و ئاشنایانم بە شێوەی جۆراوجۆر پێوەندییان پێوە گرتووم و داوایان لێ کردووم کۆی وتارە چاپ کراوەکانم لە شێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەمەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەل‌ومەرجی بڵاوکراوە کوردییەکان و دژوارییەکانی دۆزینەوەی کتێبخانه و ناوەندگەلێک کە مرۆڤ بتوانێت دەستی بە ئاڕشیڤی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان ڕابگات. داواکاری دۆستانم بە ڕەوا زانی و بۆ ئەم مەبەستە هەوڵم دا وتارەکانم کۆ بکەمەوە و ئەگەر شوێنێک ویستی چاپ و بڵاویان بکاتەوە بیانخەمە بەر دەستیان".

لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە:

 "ئەوەی کە ئێمە کێین، چ وەک تاک و چ وەک نەتەوە، ڕەنگە گرینگترین پرسێک بووبێت کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، لەو کاتەوە کە بە شوێن پڕۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆندا دەوڵەت-نەتەوەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دامەزران، مرۆڤی کورد لە خۆی کردبێت. بە واتایەکی تر، ڕەنگە مێژووی خەباتی جۆراوجۆر و نەپساوەی کوردان لەم ماوە دوورودرێژەدا شتێک نەبووبێت جگە لە دۆزینەوە و دەستەبەرکردنی وڵامی ئەم پرسیارە".

"لە گوتاری کوردی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک وشەی جیاواز بۆ گوزارەکردن لە چەمکی «identity» دەکار هاتوون، بە باوەڕی من هێشتا وشەیەک کە بتوانێت هەڵگری مانای چەمکییانەی «identity» بێت لە زمانی کوردیدا جێگیر نەبووە و ئاوڕێکی خێرا لە گوتاری پارچه پارچه کراوی کوردی نیشان دەدات کە ئەم وشانەی خوارەوە لە لایەن کەسانی جیاوازەوە لە بەری چەمکی ئاماژەپێکراوی ئینگلیزیدا دەکار هاتوون: پێناسە، هۆوییەت، هەوێتی، شوناس، شناس، ناسنامە، ناسە، پێناس، هەویەت. گەڕان بە دوای مانای ئەم وشانە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەریدەخات کە هیچ کام لە فەرهەنگەکان ئەو وشانەی سەرەوە بەو جۆرەی کە بۆ نموونە وشەی «identity» لە قامووسێکی ئینگلیسیدا مانا دەکرێتەوە، مانا ناکەنەوە".

هاشم ئەحمەدزادە لە چەند دێرێکدا:

- لە ساڵی 1961 لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە دایک بووە.

- قۆناغەکانی خوێندنی تا ئاستی بەکالۆرێس لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تەواو کردووە.

- لە ساڵی 1988تا 2005 لە وڵاتى سوید ژیاوە.

- لە ساڵی 1995 بەکالۆرێسی لە ڕۆژهەڵاتناسیدا لە زانکۆی ئوپسالا وەرگرتووە و دواتر هەر لەم زانکۆیەدا باوەڕنامەی ماستەر و دکتۆرایشی وەرگرتووە.

- لە ساڵی 1999تا 2005 لە زانکۆی ئوپسالا لە بەشی ڕۆژھەڵاتناسیدا وانەبێژ بووە.

- لە پاییزی ساڵی 2005 چوەتە زانکۆی ئێگزێتر لە بریتانیا و لەوێ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەییدا دامەزراوە.

- لە ساڵی 2011پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری (associate professor) پێدەبەخشراوە.

- چەندین وتاری ئاکادێمیکی بە زمانی ئینگلیزی لە سەر زمان و ئەدەب و سیاسەت بڵاو کردۆتەوە.

خاوەنى چەند بەرهەمێکى چاپکراوە لەوانە:

- نەتەوە و ڕۆمان

 - جیهانی ڕۆمان

 - گێڕانەوەناسی

 - وەرگێرانی (هونه‌ری داستان)ی ده‌یڤید لاج

 - وەرگێرانی (هیچ دۆستێک جگە لە چیاکانی)ی بێهرووز بووچانی


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە