Banaz.jpg

قەرسیلیترین شەو

قەرسیلیترین شەو، ناوی بەرهەمێکی تازەی شاعیر (بەناز کوێستانی)ە، لە (21) دەقی شیعری پێکهاتووە لەگەڵ کۆمەڵێک مۆتیڤی جەبار سابیر دا، لە دوو توێی (200) لاپەڕەدا. لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.

وا بڕیارە لە ڕۆژی چوارشەممە 11/3/2020 لە ناوەندی ڕۆشنبیری رەهەند بڵاودەبێتەوە.

ئاوات حەسەن ئەمین پێشەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە و لە بەشێکى پێشەکیەکەدا هاتووە: "دیوانی (قەرسیلترین شەو) هاوڕێ و خاتوونی شاعیر بەناز کوێستانی دیوانێکە ئەوە هەڵداگرێت قسەی لەسەر بکرێت، چونکە بایی ئەوە بارگاوییە بە تەلیسمەکانی شیعر بوون و کەدەکرێ و دەلوێ وەکو دەقێکی مێنوسێک ڕاڤە بکرێت و ئاشنامان بکات بە دیوەکەی تری ئادەمی بوون".

 بەناز کوێستانى لە چەند دێرێکدا:

- لە ساڵی 1994 دەستی بەنووسینی بابەتی ڕۆژنامەووسی و شیعر کردووە.

- لە ساڵی 1995 پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواو کردووە.

- لە ساڵى 2001 بەشی ڕۆژنامەنووسی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی تەواوکردووە.

- لە ساڵی 2005 بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە.

- خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری ڕۆژنامەی پێگە بووە.

چەند کتێبێکى چاپکراوی هەیە، لەوانە:

- هەناسەیەک لە تەنهاییدا، کۆمەڵە پەخشانێکی شیعر ئامێزە.

- کاریگەری هونەری ڕیپۆرتاژ لە ڕۆژنامە کوردییەکاندا، لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی.

- ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە کوردستانی باشووردا، لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی.

- بۆ لێوەکانی تۆ، شیعر.

- قەرسیلیترین شەو، شیعر.

 چەند دەقێکى شیعرى ناو دیوانەکەى:

ماڵێکم هەیە خامۆش

ژوورێکم هەیە بێ دەنگ

جێگەیەکم هەیە سارد

پەنجەرەکەم بەدرێژایی ڕۆژگار داخراوە

کیلۆنی دەرگاکەشم ژەنگی هەڵهێناوە

 *** ***

ئەمە چ زەمەنێکە

عەشق لەمن یاخی بێت و

منیش لە عەشق یاخی

چ نەهامەتییەکە

نالی پشت لە حەبیبە بکات و

شارەزووریش بەجێ بێڵێ

پیرەمێرد ژیانەوە بدڕێنێ و

چاپخانەکەی توڕ هەڵداتە نشێوێکەوە و

پیتەکانیشی لە ئاگردانی جادووگەرێکدا

بکاتە خۆڵە مێش


ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە