Bwlgarof.jpg

دەستنووسەكان ناسووتێن

کامەران سوبحان

له‌ رۆژى 10/3/1940 میخائیل بولگاکۆف (Михаил Афанасьевич Булгаков)، رۆماننوس و شانۆکاری روسی لە تەمەنى (48) ساڵى بە نەخۆشىلە شارى مۆسکۆ کۆچى دوایى کردووە، لە رۆژى 15/5/1891 لە کیف لە دایکبووە، بەباشمانزانى لە سالڕۆژى لە دایکبونیدا وتارێکى نوسەرى کورد (کامەران سوبحان) بەناونیشانى (دەستنووسەکان ناسووتێن)، کە لە کتێبی (لەخەیاڵەوە بۆ خۆڵ) بڵاوى کردۆتەوە، بۆ خوێنەرانى سایتى گەلاوێژ بڵاوى بکەینەوە

زۆر جار ئەو پرسیارە لە خۆم دەكەم و دەڵێم: تۆ بڵێی لە چەند ساڵی داهاتوودا شتێك بمێنێ بە ناوی "دەستنووسی نووسەران"؟

 دەستنووس لە رابردوودا بۆ میللەتان بایەخێكی ئێجگار گرنگی هەبووە. ئێستا لەم سەردەمی گەشەكردنی تەكنەلۆژییەدا كە زۆربەی نووسەران بەرهەمەكانیان تایپ دەكەن و دەستنووسیان نییە، ئایا لە سەدەی ئایندەدا لای خوێنەرانی كورد دەستنووسی نووسەرانی كوردی ئەم سەردەمە چ بایەخێكی دەبێت؟ پرسیارێكە زۆر جار لەخۆمی دەكەم و مایەی لەسەر وەستانیشە؟

ئەو كاتە عاشقی وڵاتی خۆم بووم كە لە نیشتمان دوور بووم

 (هەر چركەساتێك تێدەپەڕێت، حەزێكی زۆرتر لە دەروونم دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی نووسەرێكی مۆدێرنم لێ دەربچێت، بەڵام هاوكات دەبینم بۆ باسكردن و روونكردنەوەی دیمەنەكان و گەیشتن بە حاڵەتەكان وەك پێویست نییە. زەمەنی ئێستا یەكجار پڕ جووڵەیە... من تەنیا ئەمەم دەزانی كە سەفەركردن بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوەیەكی رەها تەنها بۆ چێژ وەرگرتن لە بینینی وڵاتانی دەرەوە نابێت، بەڵكو بۆ جۆرێك لە دانبەخۆداگرتن و تێپەڕاندنی بارودۆخەكەیە.. من پێشتریش وتوومە تەنیا ئەو كاتە عاشقی وڵاتی خۆم بووم، كە زۆر زۆر لە نیشتمان دوور بووم ... من پێویستم بە بینینی دنیا هەیە، دوا بەدوای بینینی دونیا دەگەڕێمەوە وڵاتەكەی خۆم. من دەزانم لێرە تەنیا وەك گورگێكی ئەدەب ناوم براوە، راسپێردراوم كە ماستاو بكەم و درۆ لەگەڵ ئەدەب بكەم، بە درۆ بە هەندێ شت و هەندێ كەس بڵێم باش. ئەم راسپاردانە لام من پووچ و بێ هوودەن.)

ئەمە چەند پەرەگرافێكی نامەیەكی درێژی نووسەری بەناوبانگی رووسی (میخائیل بۆلگاكۆف)ـە كە رۆژی 30ی ئایاری 1930 بۆ جۆزێف ستالین، سەرۆكی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیەتی ناردووە، نامەكەش وەك سەدان هەزار لاپەڕەی تری دەستنووسی ئەم نووسەرە مەزنە ماوەتەوەو خەونی سەفەرێكی بۆ دەرەوەی رووسیا بردە ژێر گڵ و دەسەڵاتدارانی رووسیا نەك نەیانهێشت ئەو سەفەرە بكات، بەڵكو بەشی زۆری دەقەكانیشیان بە بیانووی پشتیوانی نەكردن لە سۆڤیەت و سیستەمە كۆمۆنیستییەكەی، قەدەغە كرد.

پێشتر زۆربەی دەسەڵاتدارانی رووسیا بە ئاشكرا و بە نهێنی خوێنەرێكی بەردەوامی رۆمان و بینەرێكی هەمیشەیی شانۆییەكانی ئەم نووسەرە بوون، تەنانەت ستالین خۆی دەڵێت 15 جار ئامادەی بینینی شانۆگەریی (رۆژەكانی بنەماڵەی توربن) بووە و هەشت جاریش چووە بۆ بینینی شانۆگەریی (شوقەی زوویا)، بەڵام كاتێك بۆلگاكۆف تاكە داوای لە ستالین و دەسەڵاتدارانی تری رووسیا، پێدانی ڤیزایەك بوو بۆ رۆیشتن بۆ پاریس بۆ لای براكەی، دەستی دەستییان پێ كرد تا بەو ئاواتەوە كۆچی دوایی كرد.

دوای نزیكەی 60 ساڵ، زۆر كەس وایان دەزانی دەستنووسەكانی ئەم نووسەرە سووتێنراون، بەڵام كاتێك (جی. ئەی. ئی. كریست) رایگەیاند كە بەشی زۆری یاداشتی رۆژانە و نامە تایبەتەكان و دەقە نووسراوەكانی پارێزراون و لە كتێبێكی گەورەدا بەناوی (دەستنووسەكان ناسووتێن) چاپ دەكرێن، نەك خوێنەرانی رووس، بەڵكو خوێنەرانی ئەوروپی و زمانە زیندووەكانی جیهانیش بە بیستنی ئەم هەواڵە دڵخۆش بوون، ئەو بیرەوەری و نامانەی لەم كتێبەدا تۆمار كراون، نزیكەی 23 ساڵی ژیانی بۆلگاكۆف باس دەكات كە لە ساڵی 1917ەوە دەست پێدەكات تاوەكو 1940، ساڵی مردنی نووسەر.

دوای چاپبوونی ئەم كتێبەی نووسەری رووسی بە زمانی دایك، بە ماوەیەكی كەم ئەم كتێبە وەرگێڕدرا بۆ سەر زۆر لە زمانەكانی دونیا، خۆشبەختانە ناوەڕاستی ساڵی 2016 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دووتووێی (660) لاپەڕەدا ئەم كتێبە دانسقەیەی چاپ كرد كە وەرگێڕ (بێهزاد كوردستانی) بە زمانێكی پاراو كردوویەتی بە كوردی. 

پێش خوێندنەوەی ئەم كتێبە، تەنیا ناوی (میخائیل بۆلگاكۆف)م بیستبوو، بەڵام تراژیدیای ژیان و زمانە ئاست بەرزەكەی لە نامە و دەستنووسەكانیدا، وای لێكردم بەماوەیەكی كەم لەڕێی كتێبخانەی ئەلیكترۆنیی عەرەبییەوە، كۆمەڵێك رۆمان و شانۆنامەی تری بدۆزمەوە، بە تایبەتی (بەفری رەش، سروودی ئەهریمەن، مۆرفین، مامۆستا و مارگرێتا، دڵی سەگ، رۆژەكانی بنەماڵەی تۆربن، گاردی سپی و...هتد) ئەوسا زانیم ئەم نووسەرە لە ئاست نووسەرە مەزنەكانی دیكەی رووسیا (پوشكین، برادسكی، پاسترناك و چیخۆف)دا ئەژمار دەكرێ.

دەستنووسەكان ناسووتێن، چونكە پیرۆزن

خەڵك وایان دەزانی دەستنووسەكانی بولگاكۆف سووتێنراون. بە تایبەتیش كاتێك لە ساڵی 1926دا پۆلیسی نهێنیی سۆڤیەت بێ ئومێد بوون لەوەی بتوانن وا لە بولگاكۆف بكەن بەدڵی ئەوان بنووسێت. بەیانییەكی زووی سەهۆڵبەندان، ئەوكاتانەی هەموو شتەكان لەسەرماندا رەق هەڵهاتبوون، پۆلیسی نهێنی خۆیان بە ماڵەكەیدا كرد و ئەم نووسەرەیان قۆڵبەست كرد و بردیان بۆ لێكۆڵینەوە، لەو گرتنەشدا دەستنووسی دەقی (دڵی سەگ و یاداشتی رۆژانە) و دەستنووسەكانی تریان برد. پاش سێ ساڵ لە هێنان و بردن، بولگاكۆف بێ تاوانیی خۆی سەلماند. پۆلیسی نهێنی ئەو هەزاران لاپەڕەیەی بردبوویان بۆ لێكۆڵینەوە و سانسۆر، گەڕاندیانەوە بۆ نووسەر.

رۆژێك پاش ناردنەوەی دەستنووسەكانی لەلایەن پۆلیسەوە، میخائیل بۆلگاكۆف لەبەردەم ئاگردانی ژوورەكەیدا دادەنیشێت و لاپەڕە لاپەڕەی یاداشتی رۆژانە و دەستنووسەكانی خۆی دەسووتێنێ و بە ئارامی بەدیار ئەو دیمەنەوە بێ دەنگ دادەنیشێت. 

سووتاندنی دەستنووسەكانی، وەك پرۆتستۆیەك بوو دژ بە پۆلیسی نهێنی و خۆهەڵقورتاندنیان لە كاری نووسین. هەواڵی سووتانی دەستنووسەكان، هەموو وڵاتی تەنی. هەندێ لە سیاسەتمەدارانی وڵات خۆشحاڵ بوون بەوەی چەندین شاكار و لاپەڕەی یاداشتی نووسەرێك دەسووتێ كە ئەوان وا هەستیان دەكرد ئەو نووسینانە هەڕەشەن لەسەر پێگەی ئەوان. بەڵام بولگاكۆف پاش چەند ساڵێك خۆی رانەگرت و دەستی كردەوە بە نووسین و یاداشتەكانی. 60 ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەم رووداوەدا، ئینجا پۆلیسی نهێنی رایگەیاند كە ئەو كاتەی بولگاكۆف براوە بۆ لێكۆڵینەوە، هەموو دەستنووسەكانی، یان بەشی زۆریان كۆپی كراون و پارێزراون و پاشتر دراونەتە دەزگای چاپەمەنیی وڵات. ئێستا بەشێكی دیاری بەرهەمەكانی ئەو نووسەرە و بەشێكی ئەم كتێبەش دوای ئەو راگەیەنراوەی پۆلیسی نهێنیی سۆڤیەت چاپ كراونەتەوە.

 ناوی كتێبەكەش (دەستنووسەكان ناسووتێن) لە دیالۆگی یەكێك لە كارەكتەرەكانی رۆمانی (مامۆستا و مارگرێتا) وەرگیراوە. كارەكتەری نێو ئەم رۆمانە لە باسی چەقبەستنی ئەدەب و هونەردا لە سۆڤیەت بە شێوازێكی ناڕازییانە دەڵێت: "دەستنووسەكان ناسووتێن". دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پاراستنی دەستنووسەكانی بۆلگاكۆف، هەزاران جار لەلایەن خوێنەرانی ڕووسەوە ئەم رستەیە دووبارە دەگوترایەوە كە: دەستنووسەكان ناسووتێن، چونكە پیرۆزن.

لەم كتێبەدا بەدەر لە دەستنووس و نامە تایبەتەكانی ئەو نووسەرە و یاداشتی رۆژانەی، چەندین نامەی نووسەران و هونەرمەندانی مەزنی رووسی و بەرپرسە باڵاكانی وڵاتی تێدا كۆكراوەتەوە.

نامە غەمگینەكان، ناگەن بەكەس

ئەم كتێبە گەورەیە سەدان نامەی غەمگین و پڕ لە تووڕەیی و نیگەرانیی بولگاكۆفی تێدایە بۆ هونەرمەندان و نووسەران و بەرپرسانی باڵای وڵات كە هیچ كام لەو نامانە لەلایەن ئەو كەسانەی پێیان گەیشتووە، یان نەخوێنراونەتەوە، یان فەرامۆش كراون، ئەمەش هێندەی دیكە تووڕەبوونی ناخی زیاد كردووە و هەندێجار ئەم تووڕەییە لە نامە و نووسینەكانیدا رەنگی داوەتەوە.

لە 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1921دا نامەیەكی درێژ و چەند لاپەڕەیی لە مۆسكۆوە دەنێرێت بۆ دایكی لە (كیێف)، لەو نامەیەدا باسی بارودۆخی تەندروستی و دەروونیی خۆی دەكات، سەبارەت بە هەوڵەكانی لەبواری نووسین لەبەشێكی نامەكەدا دەنووسێت: (تۆ دەبێت بزانیت كە من خەریكم چ ئازارێك لە پێناوی بوونە نووسەر دەكێشم. دەتوانیت وا بیربكەیتەوە كە گەیشتوومەتە مەبەستەكەی خۆم. ژیان بردنەسەر بە جۆرێكی دیكە مومكین نییە، زۆر سادە مرۆڤ لەناو دەچێت، راستییەكەی ئەوەیە حەزناكەم یەكێك لەو كەسانە بم كە لەناودەچن بۆیە ئەمانەت بۆ باس دەكەم تا بۆت روون بكەمەوە كە من لە چ بارودۆخێكدا دەبێت بگەمە ئامانجە سەرەكییەكەم. داهاتووش روونی دەكاتەوە كە لەڕێی گەیشتن بەم ئامانجە سەركەوتوو دەبم یان نا؟). 

لە یاداشتی رۆژانەشیدا چەندین رووداوی ورد و فەرامۆشكراوی سەرنجڕاكێش دەنووسێت. ئەمە جگە لەوەی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە فەرامۆشكردنی لەلایەن شانۆی سۆڤیەتییەوە دەنووسێتەوە. هەمیشە بۆلگاكۆف دەیگوت: "شانۆی سۆڤیەت چەند پێویستی بە هەناسەدانە بۆ ژیان، هێندەی ئەوەش پێویستی بە منە، بەس نازانم بۆ هێندە فەرامۆشم دەكات". لە نامەیەكیشدا بۆ بەڕێوەبەرانی شانۆی هونەریی مۆسكۆ، داوایان لێدەكات وەك دەرهێنەر یان وەك یاریدەدەری دەرهێنەر، وەك كۆمبارس و هەرنا وەكو پاككەرەوەی هۆڵی شانۆكە دەرفەتی كاركردنی بدەنێ. 

هەر لەم كتێبەدا یاداشتەكانی رۆژانەی (یێلینیا سێرگییۆنا)ی هاوسەری (بۆلگاكۆف) بڵاوكراوەتەوە. یاداشتی رۆژانەی یێلینیا، شتی رۆژانە و هەندێ رووداوی سادەو ساكاری خۆی و (بۆلگاكۆف)ی هاوسەری لەخۆگرتووە.

 رۆژی 4ی كانوونی دووەمی 1935 دەنووسێت: (ئەمڕۆ چ سەهۆڵبەندانێكی سەیرە. پلەی گەرمی 32 پلە ژێری سفرە. لەگەڵ میخائیل رۆیشتم بۆ شانۆ. پانتۆڵی خلیسكێنەی سەر بەفرم لەبەر كردبوو كە بووە هۆی راكێشانی سەرنجی چەند ئەكتەرێك).

 دوای چەند رۆژێكی دیكە و لە یاداشتێكی كورتی رۆژی 10ی شوباتی 1935دا دەنووسێت: (سەركەوتن. ئەمڕۆ میخائیل بۆلگاكۆف هەر خۆی بە تەنیا رۆیشت بۆ شانۆ). رۆژێكی تریش دەنووسێت: "ئەمڕۆ میخائیل بە خەمۆكی و نیگەرانی گەڕایەوە بۆ ماڵەوە". لە دوا یاداشتەكانی تەمەنی بۆلگاكۆفیشدا دەنووسێت "سەرما 24 پلە ژێر سفرە.  وابزانم تەندروستیی بۆلگاكۆف بەرەو باشتر دەڕوات". لە نامەكانی رۆژانی كۆتایی تەمەنی بۆلگاكۆف و ساتی نەخۆشكەوتن و نزیكبوونەوەی لە مەرگ، رۆژی 10ی ئاداری 1940 یێلینیا، تەنها ئەم نیوەدێڕە دەنووسێت: "بۆلگاكۆف مرد".

 دواتر نیكۆلای برای بۆلگاكۆفیش لە پاریس لە مردنی براكەی ئاگادار دەكاتەوە و بە نامەیەكی درێژ باسی چركەساتەكانی ژیانی میخائیل بۆلگاكۆف دەكات لەگەڵ نەخۆشییەكەی و چۆنیەتی مردنەكەی، ئەم نامەیە كۆتایی ژیانی ئەو نووسەرە و كۆتایی كتێبەكەشە: "بۆلگاكۆف لە تاریكیدا بە دەستەكانی بەدوای شتێكدا دەگەڕێت و دەستی كرد بە هەناسەبڕكێ. لەناكاو تەواو چاوەكانی كردنەوەو ئاخێكی هەڵكێشا. سەرسامی و واقوڕماوی لەنێو چاوانیدا بوو. هاوكات رووناكییەكی سەیر و نائاسایی لەنێوچاوانیدا بوو، ئیتر مرد. ئەو رووداوە، هەروەك لە یاداشتەكانی رۆژانەمدا نووسیومە، سەعات 16:39 خولەك ڕوویدا. تەواو بۆلگاكۆف مرد".

عەبدوڵڵا جەوهەر پەیام بۆ بۆلگاكۆف دەنێرێت

بەرەبەیانی 9ی حوزەیرانی 1963 جەللادەكانی (زەعیم سدیق) هاتوچۆیان لەشاری سلێمانی قەدەغە كرد. چونكە ئێوارەی پێشتر زەعیم سدیق و هێزێكی زۆری سوپای عێراق، پەلاماری هێزی پێشمەرگەیان لە چیای ئەزمەڕ دابوو، پێشمەرگە ئازایانە هێزەكەیان تێكشكاندبوو. ئەوانیش داخی ئەو شكستەیان بە خەڵكی سلێمانی رشت. رۆژی دواتر ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی گەنج و پیر و بێ گوناهیان تیرۆر كرد و تەرمەكانیشیان نەدانەوە بە خاوەنەكانیان. بەم تاوانە، شار خرۆشا. مامۆستا و كاسبكار، قوتابی و كرێكار و ژن و پیاو و هەموو چینەكانی تر لەناو ماڵەكانیان چاوەڕوانی جەللادەكان بوون بێن بیانبەن و تیرۆریان بكەن. چێشتەنگاوێك كاتێك دایك و خوشكێكی لەماڵەوە دانیشتبوون، عەبدوڵڵا فەنی- بە زمانی خەڵكی شار- بە پڕتاو خۆی كردەوە بە ژووردا. دایكی رێگەی لێگرت و بەرامبەری لە نێوچاوانی روانی و وەستاندی: خێرە عەبدوڵڵا، كوڕی شیرین و تاقانەم چی بووە؟ هیچ روویداوە؟

عەبدوڵڵا بە روخسارە هێمن و ئارامەكەیەوە كەمێك بێ دەنگ لە ناوچاوی دایكی ورد بووەوە و هیچی نەگوت. دەستێكی برد بۆ قژی و كەمێك بە دڵەڕاوكێوە هاتە گۆ: نا نا هیچ نەبووە. بەڵام كەس نەهات؟ كەس هەواڵی منی نەپرسی؟

بە ترس و نیگەرانییەكی زۆرەوە دایكی وەڵامی دایەوە: نا كوڕی شیرینم كێ هەواڵت بپرسێت؟ 

لەوكاتەدا عەبدوڵڵا جەوهەر رایكرد بۆ ژوورەكەی خۆی و یەك باوەش لاپەڕەی نووسراو و دەفتەر و كتێبی جۆراجۆری هێنا و كردییە توونی حەمامەكەوە. دایك و خوشكەكەی بە سەرسوڕمانەوە دەڵێن ئەوە چی دەكەیت عەبدوڵڵا، دیسان بێزاری؟ دیسان سووتاندنی لاپەڕە و دەستنووس؟

عەبدوڵڵا جەوهەر وەڵامی نەدایەوە و بەردەوام بوو لە سووتاندنی دەستنووسەكانی و ئاگری نا بە توونی حەمامەوە. دیسان چەند باوەشێك كتێب و لاپەڕەی تری هێنا و بۆ ماوەی چەند خولەكێك ئاگرەكەی پێ جۆشدا. دواتر بەدیاریەوە كەمێك راما و هەناسەیەكی قووڵی هەڵمژی. كۆمەڵێك كتێبی نهێنی و یاساغ و سەدان لاپەڕەی دەستنووسی خۆی سووتاند. پاشان چووە ژوورەكەی خۆی و لەسەر پشت و روو لە سەقفی ژوورەكەی كەوتە بیركردنەوە. گوێی لە دەنگی دەرگا بوو.. كۆمەڵێك پۆلیس و سەرباز بە لەقە كێشایان بە دەرگای حەوشەكەدا و كەوتنە پشكنینی ماڵەكەی عەبدوڵڵا جەوهەر. پۆلیسێكی باڵابەرزی رەشتاڵە، لەبەردەم توونی حەمامەكەدا وەستا و لە سووتووی لاپەڕە سووتاوەكان وردبووەوە و رووی كردە عەبدوڵڵا جەوهەر و گوتی: چیت سووتاندووە؟ عەبدوڵڵا بێ باكانە گوتی: هیچ، ئەمڕۆ دایكم حەمامی گەرم كردووە.

 گەر ئەو شتانەی نەسووتاندبا، دوور نەبوو ئێستا وەكو ئەو قوربانیانەی تری سلێمانی، لە هەموو رۆژێكی 9ی حوزەیراندا یادی نووسەرێكی تیرۆركراو بكەینەوە.

تۆ بڵێی عەبدوڵڵا جەوهەر خۆی وەك میخائیل بۆلگاكۆف، یان كەسێكی دیكە، بەشێك لەو دەستنووس و یاداشتانەی ئەویان نەپاراستبێ؟ ئەی چامە شیعری (دایە گیان) و رۆمانی (بەرەو كوردستان بە مشتێ خاك و خۆڵی هەورامانەوە) كە دوای مردنی عەبدوڵڵا جەوهەر بڵاوكرانەوە، چۆن لەو رۆژەدا نەسووتێنراون؟ خۆ ئەو دەقانە پێش رەشبگیرییەكەی حوزەیرانی 1963 نووسراون!

 بەختەوەرم من شەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا، لەسەر راسپاردەی شێركۆ بێكەس لەساڵی 2013 ئەو دوو بەرهەمە و بەشێكی تری نووسینەكانی و كۆبەرهەمی سەرپەرشتی چاپی بكەم و كۆیانبكەمەوە و بەهاوبەشی دەزگای سەردەم و بنكەی ژین چاپیان بكەین.   


ئەم بابەتە 80 جار خوێندراوەتەوە