kteb.jpg

بەشی حه‌ڤده‌هه‌م: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

"ئه‌ستۆپاكی‌و بێباكی له‌ دادگا و سكاڵا"

سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، له‌ناو هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا، چ له‌ناو وڵاته‌كه‌یان‌و چ له‌ده‌ره‌وه‌، له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانی‌و نوسه‌ره‌ لیبراڵه‌كانی رۆژئاواوه‌، تومه‌تی بۆ هه‌ڵبه‌ستراوه‌. ئه‌میش دژی هه‌مویان، سكاڵای كردووه‌و ئه‌نجامی سكاڵاكانیشی بردۆته‌وه‌.. چونكه‌ پاك بووه‌. له‌مباره‌وه‌ سكاڵاكانی ئاوها ریزكردووه‌:

"- 1965 سكاڵام دژی شكاندن‌و تومه‌ت هه‌ڵبه‌ستن دژی كه‌سایه‌تی‌و پێگه‌ی سه‌ره‌ك وه‌زیران، له‌سه‌ر (جه‌عفه‌ر البار) كرد، كه‌ ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی نیشتمانی مه‌لایۆی یه‌كگرتوو بووه‌. سكاڵاكه‌شم بردۆته‌وه‌.

- 1972 سكاڵام دژی كاندیده‌ نه‌یاره‌كان تۆمار كرد كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵییان تاوانبار ده‌كردم. بردمه‌وه‌.

- 1976 جی.بی. جیارتنام، تاوانباری كردم كه‌ ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌م ده‌ده‌م. دادگا له‌به‌رژه‌وه‌ندی من بڕیاری دا و سزای ناوبراو درا.

- هه‌مان ساڵ.. دژی گۆڤارێكی ئه‌مریكی كه‌ له‌ هۆن كۆنگ ده‌رده‌چێ‌، كه‌ ئاواختنی قه‌شه‌یه‌كی جیابوه‌وه‌ی به‌بێ‌ بناغه‌ بڵاوكردبوه‌وه‌، دادوه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی من بڕیاری دا.

- سكاڵام دژی رۆژنامه‌ی (هیرالد تریبه‌یون ئینته‌رناشوناڵ) تۆماركرد، كه‌ له‌ ژماره‌(2/8/1994) وتارێكی تانه‌و ته‌شه‌ری دژم بڵاوكردبوه‌وه‌. رۆژنامه‌كه‌ دانی پیادا نا كه‌ ئه‌و وتانه‌ی بڵاوی كردۆته‌وه‌، تانه‌و ته‌شه‌ر بووه‌و پۆزشی هێنایه‌وه‌و هه‌موو قه‌ره‌بوه‌كانیشی پێشكه‌ش كرد". بڕواننه‌ لاپه‌ڕه‌كانی (176-179).

له‌وباره‌وه‌، سه‌رۆكی ئه‌م وڵاته‌ ده‌نوسێ‌: "گرنگترین هۆكاری ئه‌م سكاڵایانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژینگه‌یه‌كی سیاسیمان له‌په‌نجاكانه‌وه‌ خوڵقاندووه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌حكومه‌تدا به‌شدارن ناچارن دژی تومه‌ته‌كان سكاڵا بكه‌ن".

ئه‌شڵێ‌: "وه‌زیره‌كانی پارتی كاری میللی (پارتی حوكمڕان) نه‌یانده‌توانی ریزی خه‌ڵك بپارێزن ئه‌گه‌ر ئاماده‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و سكاڵا له‌ دادگاكان نه‌بن‌و تومه‌ته‌كان ره‌تنه‌كه‌نه‌وه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی، به‌جوانی وه‌ڵامی رۆژنامه‌ لیبراڵه‌كانی رۆژئاوا ده‌داته‌وه‌، به‌مشێوه‌یه‌:

"به‌پێچه‌وانه‌ی ره‌خنه‌گرانی لیبراڵه‌كانی رۆژئاواوه‌، گوایه‌ ناو و ناوبانگم هه‌رگیز له‌كه‌دار ناكرێ‌‌و ناشكرێ‌ ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌ر كه‌سایه‌تیم، چونكه‌ كه‌س به‌و پروپاگه‌ندانه‌ی دژم ده‌كرێن، باوه‌ڕ ناكات".

دیقه‌ت بدرێ‌، ئه‌م بۆچونانه‌ی رۆژنامه‌ لیبراڵه‌كان له‌سه‌ر سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌ هه‌یانبووه‌، ده‌یسه‌لمێنێ‌ كه‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌ پاك‌و راستگۆ بووه‌. خۆشه‌ویستی ناو گه‌له‌كه‌شی بووه‌. به‌ڵام ئه‌م سوور بووه‌ له‌سه‌ر سكاڵاكردن له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی تومه‌تیان بۆ هه‌ڵبه‌ستووه‌.. یان ئه‌و رۆژنامانه‌ی تانه‌و ته‌شه‌ریان لێداوه‌.

ده‌پرسین.. كام كاربه‌ده‌ست‌و به‌رپرس.. له‌كوردستاندا ئاوها بێباكه‌و ئه‌ستۆپاكه‌؟ هه‌قوایه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تومه‌تانه‌، كه‌ له‌سه‌ر دزینی نه‌وت‌و قاچاح‌و سه‌رانه‌ سه‌ندن هه‌یه‌.. ئه‌گه‌ر پاكن، با ئه‌مانیش سكاڵا تۆمار بكه‌ن. نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ بكه‌ن!!


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە