darwich3.jpg

کۆمەڵە کۆپلە شیعرێکی مەحموود دەروێش

وەرگێرانی: پشکۆ نەجمەدین

تاسەکردن بۆ ڕۆشنایی
دەبێ خەڵک بۆ بخرۆشێ،
ئێمە لە ڕۆژی ڕووناکدا، ڕێ بکەین و
من چەترەکە و جانتاکەی دەستت لێ بگرم،
لەسەر سووچی دیوارێکدا، لە دەمی تۆ، ماچێک بچنم!
چاوەکانت…
تەمەننامە، تەنیاڕۆژێک، خەواڵوو بن،
ئیتر من ئارامیی زەریا، لەژێر تیشکی گزنگی خۆردا دەبینم.
لێوەکانت…
خەونی منە، لەسەروەختی ماچکردندا، لە لێوەکانت ڕامێنم.
ئیدی ئەوە گڕ و بڵێسەی هەتاوە، لە چێبوونی شاییی بووکدا!
دەبێ چی لەدەست دا شەوگار، ئەگەر من دوو مۆم گڕ بدەم،
ڕووخسارەکەی تۆ ببینم، تیشک بیشوات!
ڕووباری عاج کە مەڕمەڕی سینگ و گەردن، پاسەوانین،
بۆی دەبمەوە بە منداڵی شیرەخۆرە!
لە قووڵاییی مەینەتی و کارەساتمەوە، هانا بۆ گلێنەت دەبم،
تا شەرابی ڕووناکایی بڕژێنێتە نێو دەمارم!
بۆ خەڵک بیکا بە هەڵا،
ئەگەر سەرم بنێمە نێو دەستەکانت و
کەمەرت بچەمێنمەوە، لەسەر ڕێگا!

دوا کۆپلەی شیعری نامەیەک لە مەنفاوە
بە بێ ئاڵا و بێ نیشتمان
دایکە دایکە!
بۆ کێم نووسیون نامەکان؟
کام پۆستەچی دەیانهێنێ؟
داخراون ڕێگای زەوین، ڕێگای زەریا و
گشت ئاسۆکان.
هۆ دایکە گیان!
تۆ و باوکم، برا و خزم و هاوڕێکانم،
ڕەنگە هەمووتان زیندوو بن،
دەشێ هەمووتان مردوو بن،
ڕەنگە وەک من بن، بێ نیشان!
ئەرێ چییە بەهای ئینسان:
بێ نیشتمان،
بە بێ ئاڵا و
بە بێ نیشان؟
دەبێ چی بێت، بەهای ئینسان،
بە بێ ئاڵا و بێ نیشتمان؟

هیوا
هێشتا لە دەفری ئێوەدا، پاشماوەی هەنگووین هەر ماوە،
مێشومەگەزی لێ دەرکەن، هەنگووینەکە پاشەکەوت کەن.
***
هێشتا لەنێو ڕەزانتاندا، هێشووەبەرسیلەکان ماون،
چەقەڵەکان بتارێنن، ڕەزەوانان! هەتا هێشووەکان پێبگەن.
***
هێشتا لە ماڵی ئێوەدا، ڕاخەرێک و دەرگایەک هەن،
دەی ڕێ لە ڕەشەبا بگرن، تا منداڵەکان ڕابکشێن،
ڕەشەبا، سەرماوسۆڵەیە، ئێوە دەرگاکان دابخەن!
***
ئەی باوکەکان!
هێشتا لە دڵی ئێوەدا، خوێن خوڕەی دێ،
لە پشتتاندا، تۆرمەی کۆرپەلە، دەبزوێ…
ئێوە ئەو خوێنە مەڕێژن!
***
هێشتا لە ئاگردانتاندا،
چیلکەوچەوێل، قاوەیەک و
چەپکێ لە گڕ!
***
قەتاری کاتژمێر یەک
ژن و پیاوێک، لێک دادەبڕێن،
گوڵ لە دڵیان دەتەکێنن،
دڵیان دەشکێن.
سێبەر لە سێبەر دەردەچێ و
دەبن بە سیان:
پیاوێك،
ژنێک و زەمەن…
قەتار نایێ و
دێنەوە قاوەخانەکە،
پەیڤێکی تر دەپەیڤن و
هاوئاهەنگن…
لە ژێی تاردا،
کازیوەیان خۆش گەرەکە و
ڕێگەی جیاییش ون دەکەن!
لەسەر مەکۆی ئەم دڵەش،
دوودڵی، لە ئاییندە دەئاڵێ…
لە «مەدرید»دا، کۆڵانەکان بانگیان کردم،
هاوڕێکانیش دەچوونە نێو ژێرزەوین و لەبیرکردن.
لە ژندا، من هیچ شتێکی لەبیر ناکەم،
مەگەر ڕووخساری و شادیی خۆم.
لەبیرم دەکردی و زیاتر و زیاتریش،
ئەگەر کەمێک لە قەتاری کاتژمێر یەک،
دواکەوتباین…
گەر سەعاتێک، لە چێشتخانەیەکی چینی،
دانیشتباین.
گەر باڵندە کۆچەرییەکان، تێپەڕیبان،
گەر ڕۆژنامەیەکی شەومان خوێندباوە،
ئێمە ژن و پیاوێک دەبووین، پێک گەیشتبان.

یەکشەممە، شینە
لە سترانمدا، ژنێک دانیشتووە و تەشی دەڕێسێ،
چا تێدەکات و پەنجەرەش لەسەر ڕۆژان ئاواڵە،
زەریاش دوورەدەست.
ژنێک، یەکشەممە، شینی پۆشیوە،
لەگەڵ گۆڤار و نەریتی گەلان، خۆی دەخجڵێنێ،
شیعری ڕۆمانسی دەخوێنێتەوە و
لەسەر کورسییەک خۆی دەڕازێنێ…
پەنجەرە بەڕووی ڕۆژاندا واڵا،
زەریاکەش دوورە!
دەنگێک دەژنەوێت، چاوەڕواننەکراو،
دەرگا واز دەکات،
کەسێک دەبینێت لەسەفەردایە،
دەرگا دادەخات،
وێنەی دەبینێ،
پرسی پێ دەکات:
من خۆم بکوژم؟
موزیکی مۆزارت، لەبەر دڵ دەنێ و
لەگەڵ زەوینە ئاسمانییەکەدا،
ئاسوودە و دڵشاد،
پەنجەرەش بەڕووی گشت ڕۆژەکاندا،
ئاواڵە و گوشاد،
زەریاکەش هەر دوور،
ئێمەش پێک گەیشتین…
زەریام خستە نێو قاپێکی فەخفوور،
سترانم ون بوو،
نا تۆم لێ ون بوویت،
نەک گۆرانییەکەم،
دڵیش ئاواڵە بەرەو ڕۆژەکان،
زەریاش بەختەوەر!

ئەم کۆمەڵە شیعرە لە پەیچی تایبەتی نووسەر وەرگیراوە


ئەم بابەتە 95 جار خوێندراوەتەوە