Bo.jpg

بۆ دایکم

مەحموود دەروێش - وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

بیری نانەکەی دایکم ئەکەم
بیری قاوەکەی
بیری دەستی.. کاتێ ئەیهێنا بەسەرما
ڕۆژبەڕۆژ مناڵی لەناخما گەورە ئەبێ و
عاشقی تەمەنی خۆم ئەبم
لەبەرئەوەی ئەگەر بمرم
شەرم لە ئەشکی دایکم ئەکەم
ئەگەر ڕۆژی گەڕامەوە
بمکە بە شاڵ بۆ برژانگی چاوەکانت
بەگژوگیا ئێسقانەکانم داپۆشە
ئەمەوێ پاک بمەوە بە بنی پێیەکانت
بە چەند تاڵێ لە پرچی خۆت بمبەستەوە
بە داوێ لە داوەدەزووەکانی دامێنی کراسەکەت
بەڵکو.. ببم بە خواوەند
ئەگەر دەستم بەر قووڵایی دڵت کەوێ
ئەبمە خواوەند
ئەگەر ڕۆژێ گەڕامەوە
بمکە بە دار بۆ ئاگری تەنوورەکەت
بکە بە تەناف بۆ جلەکانی خۆت لە سەربان
لەوەتەی لە نزاکانی تۆ بێبەشم
ناتوانم خۆم بەپێوە ڕاگرم
پیر بووم دایە
ئەستێرەکانی مناڵیم بۆ بێنەوە
تا لەگەڵ زەڕنەقووتەکانا
بەرەو هێلانەی چاوەڕوانیی تۆ بێمەوە

 

(وەرگێڕانی ئەم شیعرە پێشکەشە بە ڕۆحی دایکم)


ئەم بابەتە 79 جار خوێندراوەتەوە