kteb.jpg

بەشی بیستەهەم: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

(هەڵگەڕانەوەی شۆڕشگێڕان بۆ گەندەڵی)

سەنگاپورە جگە لە پرۆژەی ستراتیژی و ژێرخانی ئابوری هاوچەرخ، هەروا پرۆگرامی خوێندن و فەلسەفەی پەروەردەی زانستی؛ جگە لە سیستەمی دیموکراسی و گرتنەبەری رێبازی ناڤینی سیاسی و دژایەتی توندڕەوایەتی چەپ و راست، جگە لە هەموو ئەمانە، خۆپاراستنیش لە گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکارانیش پەرژینی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بوو. لەم بارەوە نەک باسی سەنگاپورە، بەڵکو باسی رابەرانی ئازادیخوازی ئاسیاش، کە تێوەگلاونەتە گەندەڵی بەم شێوە جوانە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە باس دەکرێ:
کاتێک پارتی کاری میللی ساڵی ١٩٥٩ هاتە سەرکار، کارەکانمان بە چەشنێک رێکخست کە ئیدارەیەکی خاوێنمان هەبێ. چاوچنۆکی و گەندەڵی و لێکترازانی زۆرێک لە سەرکردەکانی ئاسیا، ئازاری داین.

(ل:٢٠٩)
جەنگاوەرە تێکۆشەرەکانی پێناوی ئازادی و رزگاری گەلانی ستەمدیدە، هەڵگەڕانەوە بۆ تاقمێکی گەندەڵی تەخشان و پەخشانکەری سامانی وڵاتەکانایان.

بەڕاستی ئەو قسانە، هەر دەڵێی نەخشی هەڵکۆڵدراوی سەر تابلۆی راستیەکانن. سەیرە، روداوەکانی شۆڕشگێڕانی مێژوو، بەشێکیان مێژووی خۆیان شێواندوە. لە قۆناغی خەباتدا سەربەرز و قارەمان، لە بونیاتنانی سیستەمی دیموکراسی و دادپەروەریدا سەرشۆڕن.

خوێندنەوەی من وایە، کێشەیەکی گەورە لە نێوان ئایدیۆلۆژیەت و بونیاتی دەسەڵاتدا هەیە. دەرکەوت، بەپێوەری ئایدیۆلۆژی، سیستەمی دیموکراسی و دادپەروەری بونیات نانرێت. باشترین سیستەمی دیموکراسی و چاکترین حکومەتی دادپەروەری خۆشگوزەران، بەبێ سەروەری یاسا و سەربەخۆیی راستەقینەی دادوەری، مەحاڵە.

با دیقەت بدەین، سەرۆکی دوژمنی گەندەڵی کە شۆڕشگێڕ و جەنگاوەریش نەبووە، لافی مارکسیەت و سۆسیالیستی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاشی لێ نەداوە، چی بەو شۆڕشگێڕانە دەڵێ لاف لێدانیان لە کاتی شۆڕشدا زۆر بوەو لەکاتی بونیاتنانی حکومەتیشدا، گەندەڵ بون. پێیان دەڵێ:
کۆمەڵەکانیان دواکەوتوو گوزەرانیان نالەبار بوو، شەپۆلی شۆڕش لە ئاسیادا، دایگرتین، سوربوین کە لە کۆڵۆنیالیزم رزگارمان بێ، وەلێ، هەستمان بە نائومێدی و شەرمەزاری لەو سەرکردە نیشتمانپەروەرە ئاسیاویانە دەکرد کە لە جێبەجێکردنی نمونەی بەرزدا شکستیان خوارد و نەیانتوانی ئەو گومڕاییەی بەرچاومان بڕەوێننەوە. بڕوانە لاپەڕەی (٢٠٩)
مەبەستی گومڕایی لە لاف لێدانی شۆڕشگێڕانەیە، کە لە بونیاتنانی دەسەڵاتدا چۆن شکستیان خواردوە.

بۆ کوردستان و لەولاشەوە فەلەستین، کە دوو نیشتمانی هاوئازار و هاوپێناوین، پێویستمان بە لێکدانەوە نییە. چونکە بۆچونی سەرۆکی سەنگاپورە، بە داخەوە، هەردولامان دەگرێتەوە.


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە