kteb.jpg

بەشی بیست و دووەم: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

(ئەمەت لەکوێ بوو؟ پرسیاری سزادانی گەندەڵە)

لە بابەتی پێشودا نوسیم کە چەندین بابەت لەسەر گەندەڵی و چۆنیەتی ڕیشەکێشکردنی لە سەنگاپورە دەنوسم. بەڕاستی ئەزمونێکی هێژایە بۆ وڵاتانی تازە بونیاتنراو، کە گەندەڵی چەشنی "گەنە" دەنوسێت بە خوێنی سامانی وڵاتانەوە. سەرۆکی سەنگاپورە، لە هیچ بڕیارێک سڵی نەکردۆتەوە. تەنانەت لە گرتنی هاوڕێ نزیکەکانیشی. با دیقەت بدەین:

"گرنگترین کاریگەری گۆڕانکاری ساڵی ١٩٦٠ لەژێر پرنسیپی "ئەمەت لەکوێ بوو؟" بەرجەستە کرا. واتا: رێ درا دادگاکان لەسەر ئەو زانیاریانە بڕیار بدەن کە گومانبار لە سنوری توانای مادی خۆی بترازێ. یان بینایەکی هەبێ موچەکەی بەشی کڕینی بینایەی وا نەکات. ئەمەش بەڵگەی یەکلاکەرەوەیە کە بەرتیلی وەرگرتووە. وردبینی لە لێکۆڵینەوە لە وەزیر یان بەرپرسی گەورە دەکرا. بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە ئەنجومەنی وەزیران دەوامی دەکرد و ناوبانگێکی ترسێنەری لە ئاشکراکردنی ئەوانەدا هەبوو کە خیانەتیان لە نەتەوە دەکرد". (ل٢١٢)

حکومەتێک بیەوێ گەندەڵی ڕیشەکێش بکات، سەرۆک وەزیرانەکەی ئاوها دەسەڵات دەداتە بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی. نەک بۆیان داپۆشێ. لە درێژەی نوسینەکەدا دەڵێ:

"گەندەڵی پرۆسەیەکی رێکخراوی تەشەنەسەندوی هەندێک بوار بوو. ١٩٧١ مەکتەبی لێکۆڵینەوە تاقمێکیان گرت بریتیبوون لە (٢٥٠) پۆلیس زیاتر کە ئەرکیان گەڕان بووە لە (٥-١٠) هەزار دۆلاریان مانگانە لە خاوەن لۆریەکان وەردەگرت.."

دەشڵێ: "هەندێک بەرپرسی گومرگ، بەهۆی خێرا پشکنینی بارهەڵگرەکانەوە کە باری قاچاخیان دەبرد، بەرتیلیان وەردەگرت" (ل٢١٣)

سەرچاوەی گەندەڵی، لە گومرگەکاندایە. کوت و مت وەکو کوردستان. کە من پێموایە، ئەو زانیاریانەی لە گومرگەکانی کوردستانەوە، بە بەڵگەوە بڵاودەبنەوە، سەرەنجام، سەری زۆر سەرکردەو کاربەدەست شۆڕ دەکەن. مێژوو دادگای خۆی، لە دوائەنجامدا بۆ هیچ کەسێک داناخات.. هەرکەسێک بێ!!

لە درێژەی ئەو قسانەدا، دێتە سەر بابەتێکی گرنگ، ئەویش هەلپەرستی یە.. لەمبارەشەوە دەنوسێ:

"پاک کردنی وڵات لە گەندەڵی و رێگرتن لە دادۆشینی دارایی رێکخراو، پرۆسەیەکی سەخت بوو، بەڵام هەڵسوکەوتی هەلپەرست ئاشکراکردن، کارێکی سەختتر بوو. بەڵام کە ئاشکرا بوون، پێویست بوو سەرکوت بکرێن" (ل٢١٣)

ئەی هاوار.. هەلپەرست، لە گەندەڵ سزادان و سەرکوت کردنیان، کارێکی زۆر سەختتر بوو. ئەمەش زۆر راستە.. هەلپەرستەکان، وەکو "جیوە" وان، خۆیان لەگەڵ هەموو حاڵەتێکدا رێکدەخەن. شەرم و شکۆیان نییە. هەمیشە دەزانن، با لەکوێوە هەڵدەکات، بۆیە، شەنی پلە و پارەیان بەردەوام هەڵگرتووەو بەئاسانی بای دەدەنەوەو کای بەرژەوەندییان بەو بایەدا دەکەن، کە مەترسی بۆ بێویژدانیان نییە. ویژدان، هەرگیز بەلای هەلپەرستدا گوزەری نەکردووە!!


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە