kteb.jpg

بەشی بیست و سێهەم: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

(گەندەڵەكانی كوردستان.. ویژدانیان بریندار نەبووە!)

سەرۆكی سەنگاپورە، هێندە لە خۆی دڵنیا بووە، لە سزادانی هاوڕێكانیشی نەپرینگاوەتەوە. چاوی لە هیچ پلەو پۆستێك نەپۆشیووە. لەمبارەوە دەنووسێ‌:

"هەواڵە بەناوبانگەكان كە تایتڵی رۆژنامەكانی داگیركردووە، تاوانباركردنی چەندین وەزیرە بە گەندەڵی. (تان كیا غان) كە لە شەستەكان و هەشتاكاندا وەزیر بوو، یەكێكە لەوانە. لەسەرەتای پەنجاكانەوە هاوڕێم بووە كە سەرۆكی سەندیكای ئەندازیارانی هێڵی ئاسمانی مەلاوی بوو. منیش راوێژكاری یاسایی بوم".

لەدرێژەی ئەم باسەدا دەڵێ‌:
"لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی 1966 (تان كیا غان) دژی كڕینی فڕۆكەی بوینگ بوو. دوای چەند رۆژێك پەیوەندییان پێوە كردم، كە هاوڕێیەكی (تان كیا غان) بوو. دەیانزانی حكومەت بەتوندی دژی گەندەڵییەو باسی گەندەڵی كرد لەو كێشەیەدا. بەڵام (تان كیا غان) دژی ئەو زانیاریە بوو. من گومانم لێ پەیدا كرد.. لاشم برد لە بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی. هەروا لە هەموو پۆستێكی تریش".

لێرەدا زۆر گرنگە دیقەت بدرێ‌ لەوە كە ئەم سەرۆكە، حكومەت‌و بەرنامەو یاسای پاكسازی، زۆر لە هاوڕێ‌ نزیكەكانی لا گرنگتر بووە. بۆیە، هەر لەمبارەوە جەخت دەكاتەوە كەوا:

"ئاگاداریان كردم كە (تان كیا غان) بێزارە و بایەخ بە خۆی نادا، چونكە لەناو كۆمەڵدا نەفرەتی لێدەكرێ‌. بەزەییم پێدا هاتەوە بەڵام چارەسەریشم پێ نەبوو!".

لەسەر ئەو بابەتە دەنووسێ‌:
"سەرۆكی ئەنجومەنی سەندیكای نیشتمانی كرێكاران، (83 هەزار دۆلار)ی بە گەندەڵی سەندوەو (18 هەزار دۆلار)یشی لە پارەی سەندیكا سەرفكردووە. ئەمەشیان دەركردووەو سزای توندیان داوە".

لەمبارەوە روداوێكی خەمهەژێن باس دەكات:
"هەواڵی درامی لەمبارەوە ئەوەیە كەوا، (تیە تشانغ وان) وەزیری نشونمای نیشتمانی، ساڵی 1986 یاریدەدەرێكی دانی پیا نا كەوا دوو بلۆك چوارسەد هەزار دۆلاری پێ داوە. نكولی لەو تومەتانە كردو هەوڵی دا لەگەڵ گەورە یاریدەدەری رێك بكەوێ‌ بۆ راگیرانی سزادانی. وتم: پێش تەواوبونی لێكۆڵینەوە هەرگیز قبوڵی ناكەم‌و ئامادەش نەبوم بیبینم. دوای هەفتەیەك لە بەیانیەكی 15/ی كانونی یەكەمی 1986 دا (تیە تشانغ وان) مرد و ئەم نامەیەی جێهێشتبوو:

سەرۆك وەزیران
لە دوو هەفتەی رابوردودا، خەمۆكی‌و بێتاقەتیەكی بێڕادە دایگرتوم. هەستم كرد كە بەرپرسیارم بەرامبەر ئەم روداوە رەشبینە‌و دەشبێ‌ تەواوی بەرپرسیاریەتیەكە هەڵبگرم. لەبەرئەوەی پیاوێكی جوامێری رۆژهەڵاتیم، پێویستە لەسەر ئەم خەتایە، توندترین سزای خۆم بدەم:
دڵسۆزتان
تیە تشانغ وان" (ل213-216)

سەرۆكی سەنگاپورە، كە نامەكەی خوێندۆتەوە، سەردانی هاوسەرەكەی كردووە‌و دوای پشكنین دەركەوتووە كە خۆی ژەهر خوارد كردووە.

ئەمەش، سەرگوزشتەیەكی خەمباری چۆنیەتی دژایەتی گەندەڵیە.. كە هاوڕێی نزیكی سەرۆك، بەو رسواییە، خۆی دەكوژێ‌!! بەڵام ئەزمونەكە، بە سەركەوتویی چۆتە مێژوو!

دڵنیام، نە حكومەتی كودستان لەو ئاستەدایە كە ئەم كەسانە سزا بدات. نە لە كوردستانیشدا، گەندەڵە بێویژدانەكان، هەستی تاوان ویژدانی بریندار كردوون!!


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە