Kardoxi.jpg

لە ساڵڕۆژى لە دایکبوونى کاردۆخی شاعیردا

کاردۆخی شاعیر ناوى تەواوى(شێخ محەمەد ئەمین کاکە شێخ بەهاددین عوسمان)ە و لە رۆژى 25/3/1916 لە تەوێڵە لە دایکبووە، لە ساڵى 1921 لە‌ تە‌مە‌نی پێنج ساڵیدا لە‌ بە‌ردە‌ستی باوکی و خاڵۆکانیدا لە‌ خانە‌قای تە‌وێڵە‌ دە‌ستى بە‌ خوێندن کردووە و قورئان و زمانە‌کانی فارسی و عە‌رە‌بی لە‌ خانە‌قادا خوێندووە.

لە ساڵی 1925 چوەتەر بەرخوێندن و لە‌ ساڵی 1935 بە‌ مە‌بە‌ستی تە‌واو کردنی خوێندن چوەتە  شاری بە‌غداد و لە‌ (دار المعلمین ریفی) وە‌رگیراوە و لە حوزە‌یرانی ساڵی 1939 خوێندنى تە‌واو کردووە.

لە رۆژى 1/10/1939 بۆ یە‌کە‌م جار لە‌ تە‌وێڵە‌ دامە‌زراوە و بووە بە مامۆستا و تە‌نھا ساڵێک لە‌وێدا ماوەتەوە، لە ماوەى تەمەنى ژیانیدا لە چەندین شوێن مامۆستا بووە، لەوانە: (10) ساڵ لە بیارە، (1) ساڵ لە‌ جافە‌ران، (2) ساڵ لە‌ عە‌بابە‌یلێ، (2) ساڵ لە‌ سلێمانی، (10) ساڵ لە‌ ھە‌ڵە‌بجە ، (6) ساڵ لە‌ بە‌غداد، لە رۆژى 1/4/1970 دوای (31) ساڵ مامۆستایەتى خۆى داوای خانە‌نشینى کردووە و خانە‌نشین بووە.

کاردۆخى، لە‌ تەمەنى منداڵییە‌وە‌ حە‌زى لە‌ خوێندنە‌وە‌ و لە‌ بە‌رکردنی شیعر بووە‌، بە‌تایبە‌تی شیعرەکانى (حاجی قادری کۆیی، کوردی و مە‌ولە‌وی) ئە‌مانە‌ تا ڕادە‌یە‌کی زۆر کاریان تێ کردووە، نازناوى کاردۆخی بۆخۆى هەڵبژاردووە، سەبارەت بەمەش وتویەتى: "کاتێک بە‌ خوێندنە‌وە‌ی سە‌رچاوە‌ مێژووییە‌کانە‌وە‌ خە‌ریک بووم، باسیان لە‌ خێڵێک دە‌کرد بە‌ناوی (کاردۆخ)،‌ کە بۆ یە‌کە‌مجار لە‌ کوردستاندا نیشتە‌جێ بوون، کە‌واتە‌ کادۆخییە‌کان باو باپیرانی ئێمە‌ن، منیش کاردۆخیم ھە‌ڵبژارد و کردمە‌ نازناوی شیعریم"، لە‌ ساڵی 1935 دە‌ستى بە‌ شیعر نووسین کردووە و یە‌کە‌م شیعرى بە‌ ناوی (خۆشە‌ویستی وە‌تە‌ن) نووسیوە‌.

بەداخەوە لە لە ‌ڕۆژی‌ 8/6/1982 لە تەمەنى (66) ساڵى لە ‌شاری‌ سلێمانی کۆچی دوایی کردووه‌، خاوەنى چەندین بەرهەمى چاپکراوى هەیە، لەوانە:

- دیوانی (سه‌یدی هه‌ورامی)، چاپخانه‌ی کامه‌رانی، سلێمانی 1971.

- به‌رگی یه‌که‌می دیوانی (شاهۆ)، چاپخانه‌ی کامه‌رانی، سلێمانی 1976.

- به‌رگی یه‌که‌می دیوانی مه‌ردۆخی، چاپخانه‌ی دار الحریة، ‌به‌غداد 1978.

- دیوانی کاردۆخی، چاپی یە‌کە‌م، 1978.

- به‌رگی دووه‌می دیوانی (شاهۆ)، چاپخانه‌ی کامه‌رانی، ‌سلێمانی 1980.

- دیوانی کاردۆخی به‌شی یه‌که‌م ‌و هه‌ندێ‌ له‌به‌شی دووه‌م، چاپخانه‌ی ئۆفسێتی سه‌رکه‌وتن، ‌سلێمانی 1982.


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە