venos_Vayaq.jpg

گەر زەوی بمرێ!

ڤینۆس فایەق

سەری زەوی دەپێچم
جەستەی گەرمە و
دەنگی دەرنایەت
رەنگی خەمی داوە بەخۆیدا و
بۆنی مردنی لێدێت

ئارامم نەماوە
گەر زەوی بمرێ لە کوێ بینێژم
لە کام ھەسارە پرسەی بۆ دانێم

بەھار رەنگی گوڵی گرتوە و
بەرگی پایزی پۆشیوە

باوەڕ بەو ھەموو مردنە ناکەم
باوەڕ بەو ژیانە بێدەنگە ناکەم

بەیانیان لە خەو ھەڵدەستم
کردوومە بە خوو
دموچاوی ئەم خەمە لەسەر ئاوێنەکەم دەسڕمەوە و
گۆی زەوی جوانتر دەبینم
ئاسمان نزیکتر لە سەرمەوە

رۆژەکان بەدوای یەکدا دەڕۆن
بەبێ وچان
بەبێ وەستان
بەبێ ئەوەی ئاوڕێ لەو ھەموو ئازارە بدەنەوە
بەبێ ئەوەی گوێ بەو ھەموو گریانە بدەن

خۆر بەبەر چاومەوە پیاسە و دەکات
کە ئێواران بەجێمدێڵێ
ھیچم نیە بۆ باسکردن

بێدەنگی، بەدیار ھەواڵی ئەو ھەموو مرنەوە
قووتم دەدات، دەنوسم
بەڵکوو ئەو پەتایە یەخەی زەوی بەردات

شیعر بۆ گۆی زەوی دەنوسم
بەڵکوو ئەو تاعوونە بێزار بێت و
زەوی بیربچێتەوە

دەستم رادەکێشم
ئەستێرەکەی خۆم دەگرم
نزایەکی بۆ ئەم ھەسارە نەخۆشە پیا ھەڵدەواسم و
ھەناوم ھەڵدەگێڕمەوە

نازانم ئەو ئازارە لە کوێدایە
دەستم نایگاتێ
نازانم لە کوێوە دەستپێبکەم
ئەو ھەموو خەمە کۆکەمەوە

ئارامم نەماوە
گەر زەوی بمرێ
لە کام پەرستگا بیشۆم
بە کام زمان تەلقین بدەم
لە کوێ بینێژم
لە کام ھەسارە پرسەی بۆ دانێم
کە مرد لەو دنیایە
وەڵامی چیدەبێت
گەر خودا لێی پرسی:
بە تاوانی چی کوشتیانی؟


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە