Sami_Hadi-Sh7r.jpg

سامی هادی بە تێكستە شیعریەكانی لەم دونیایە دورە!

ئازاد عەلی

سامی هادی؛ بەهێمنی، هەروەكو خۆی مەنگ مەنگ، دەنگێكی دەركەوتوی شیعری نوێی كوردییە!
كەم شاعیرم دیووە، شیعر كەم بنوسێ‌، بەڵام وەكو سامی هادی، تۆزقاڵێك، خیانەت لە ناخی خۆی نەكات.

سامی!

لەزەت لە فەلسەفە، لە تەكنەلۆژیا، لە دیاردە نوێكانی ژیان دەبات، بەڵام هەرگیز ناهێڵێ‌، لەسەر رامانە شیعریەكانی‌و خەیاڵە فەنتازیەكانی، كاریگەریان هەبێ‌. ماوەیەكە، خەریكە، بەهەمان رامانی تەلیسماوی ناخی خۆی، لە ریتمی كۆنی دەیگوازێتەوە بۆ داڕشتنێكی نوێ‌. ئەویش شیعری نیمچە كورت، بەڵام دونیایەك خەیاڵی جوان جوان. هەوڵدەدەین، چەند تێكستێكی لەم مەڵۆ نوێیانەی شەن‌و كەوێكی كورت كورت، بكەین. گەرچی دڵنیاین، رامانەكانی سامی قوڵن، نوسینەكەی ئێمە تەنها هەوڵێكن‌و بەس.

دایكم

دایکم
لەودیوی روبارەکەوە
بە پەیژەی هەتاو
بەیانی باش لە ماسیەکان دەکات
دایکم
هەموو وەرزەکانی کرد بە خۆرباران
تا فرمێسکە ونبوەکانی بدۆزێتەوە
لەسەر گۆڕی باوکیشمان
ئاوێنەکانی کۆکردۆتەوە
بە زمانی ئاوێنە بانگی باوکم دەکات
زمانێ... دڵنیام
تەنیا ئەو بارانەکانی دەناسێتەوە
تەنیا دایکم..
لە رەنگی ئەو زمانە تێ دەگات

سەیری كۆپلەی یەكەم بكرێ‌، دایك دەبێتە فریشتە. لەودیوی رووبارەكەوە (خۆزیا گوتبای لەوبەری روبارەكەوە)

بە پەیژەی هەتاو
بەیانی باش لە ماسیەكان دەكات

هەمیشە روبار، دەریا، تەنانەت كانیاویش، مرۆڤ دەبەنەوە بۆ خەیاڵات. دایكی بە خەیاڵ دەخاتە كەناری روبارو بە خەیاڵی دایكیشی پەیژەی هەتاو دروست دەكات بۆ بەیانی باش لە ماسیەكان.
لێرەدا ماسی، بێوەیترین گیانلەبەری دەریایە. دایكیش، بە پاكێتی خۆی، بەیانی باشیان لێدەكات. ئەمەیە شیعر كە دونیا جوانیەكانی خەیاڵ بەرجەستە دەكات! لەمەوە خەیاڵی دایك، بۆ خەیاڵێكی فراوانتر دەفڕێ‌‌ و دەڵێ‌:

دایكم
هەموو وەرزەكانی كرد بە خۆر باران (نازانم بۆ نەیوتووە: كردە خۆرباران)
تا فرمێسكە ونبوەكانی بدۆزێتەوە

چی لە فرمێسكی دایك، كە بۆ خەمە خەفەكراوەكانی دەیانڕێژێ‌، پاكژتر هەیە؟ هیچ. هەموو وەرزەكانی كردۆتە خۆر باران.. سەیركەن، تەنانەت گەرمای هاوینیشی بەتیشكی خۆر دەبارێنێ‌. بۆچی؟
هەتا.. فرمێسكە ونبوەكانی بدۆزێتەوە. دایك، هیچ تەماحێكی نییە.. فرمێسكە ونبوەكانی لا گرانترین گەوهەری خۆیین. چەند رامانێكی جوانە بۆ خەیاڵاتی دایك؟! بەمەدا، دایكی نەوەستاوە. دەنوسێ‌:

لەسەر گۆڕی باوكیشمان
ئاوێنەكانی كۆكردۆتەوە
بە زمانی ئاوێنە بانگی باوكم دەكات

دوای مەرگی هاوسەر، یادەوەری‌و فرمێسك بۆ دایك ماوەتەوە. لەناو خۆرە باراندا بۆ فرمێسكە ونبوەكان دەگەڕێ‌. لەسەر گۆڕی باوكیشیدا، ئاوێنەكان كۆدەكاتەوە.. بە زمانیان باوكی بانگ دەكات..
ئاوێنە زمانی نییە. بەڵام لەكۆنیشەوە، دایك یادەوەری زۆری لەگەڵ ئاوێنەدا هەیە. ئەو رازو نیازەی دایكانی ماڵان لەگەڵ ئاوێنەو، وێنەی خۆیان دا، بۆ خۆیان‌و بۆ هاوسەرەكانیان هەیانە، لە هیچ شوێنێكی دیكەدا نیانە. لێرەدا، دایك، هیچی بۆ نەماوەتەوە (نەخوێنەواریش بووە) تەنها هانابردن ئەبێ‌ بۆ زمانی ئاوێنە، بۆ بانگ كردنی باوكی.. هیچ نەبێ‌ خەیاڵە بزڕكاوەكانی، لە ئاخری تەمەنیشدا بێ‌، زاخاو بدات.
لەكۆتایی ئەم تێكستەدا، بە زمانێكی نایابی شیعری، سامی دەێژێ‌:

زمانێ‌.. دڵنیام
تەنیا ئەو بارانەكانی دەناسێتەوە
تەنیا دایكم..
لە رەنگی ئەو زمانە تێدەگات

زمان، باران، ئاوێنەو رەنگ، وشەگەلێكی ویژدانین. دایك، پەنای بۆ بردون، بەڵكو، ئۆخژنێك بداتە ناخی كە هەر ناخیشی دەزانێ‌، دوای "باوك" چەند خونچەی هێشتا نەپشكوتوی دوای تەمەن بردنەسەریش، چاوەڕێی ئارەزوەكانی ژیانن. بەڵام ئەفسوس.. تازە ناپشكوێن. هیچ نەبێ‌ با باران‌و ئاوێنە بیزانن!


3/4/2020
كەرەنتینە


ئەم بابەتە 442 جار خوێندراوەتەوە