Danaz.jpg

دۆزەخ لەدەرەوەیە..

داناز عەبدولڕەحمان

با لە ماڵەوە بین
بەدیار دەنگی تەیرەکاندا گوێڕادێرین.
ئەمڕۆ ماڵ بۆنی ژیانی لێدێ.
بەهەشت بەپێی خۆی هاتۆتە ژوورەکانمەوە.
نێرگز لەسەر فەڕشەکاندا سەوز بوون.
دەرەوە دۆزەخێکی سوورداخکراوە
بە تاعون..

من
لەو دیو پەنجەرەکەوە دەڕوانم
مەرگ ئینجانەکانی خستۆتە سەر دەستی خۆی.
دەیانشکێنێت.
من لەو دیو دەرگاکەمەوە گوێم لێیە
مەرگ لەدەرەوە بەدەنگی بەرز گۆرانی
بۆ ڕۆیشتنی ئازیزان دەڵێت.

مەرگ..
لە شەقام
مەرگ لە جادە.
مەرگ لە مزگەوت.
مەرگ لە بازاڕ.
مەرگ لە پارک.
مەرگ لە زانکۆ.
مەرگ لە چایخانەکاندا..
وەک سەگی پێ سووتاو دەسوڕێتەوە.

من ناچم بۆ پیاسە..
توخنی دۆزەخ ناکەوم.
دەمەوێ لە تەنیشت مناڵەکانمدا گۆرانی بڵێم.
دەمەوێ بە خێزانەکەم بڵێم
ژیان لە تەنیشت تۆوە شتێکی ترە..

ئەمڕۆ
"کڵۆم" لە ناو چاوانی دەرگاکان دەدەم
دەرگا لە کەس ناکەمەوە.
پەنجەرەکان سواخ دەدەم بە زوڵمەت
پەنجەرە بە ڕووی کەسدا واڵا ناکەم.
دەست دەخەمە سەر سنگی کتێبەکان
دەیانخوێنمەوە.
بەدیار فلمە ڕۆمانسییەکانەوە
دەگریم.
گوێ لە موزیک دەگرم و
سەیری جوڵەی ماسییەکان دەکەم.
سڵاو و نامە گەرمەکان
لە مۆبایلەوە بۆ دۆستەکانم دەنێرم.

لە تەنیایی مانگەشەو دەڕوانم
ئەدگاری ئایندە بەڕوناکی دەشۆم.
ئەستێرەکان بە پەنجەکانم دەژمێرم.
ئینجانەی گوڵەکان تێر ئاو دەکەم.
دەچمە بەردەم ئاوێنەی ژوورەکەم و گۆرانی دەڵێم.

نامەوێ بڕۆمە دەرەوە
دۆزەخ لەدەرەوەیە..

بەهەشت هاتۆتە کونی ژوورەوە
فەڕشی میوانداری بۆ ڕادەخەم
گوێ دەدەمە حیکایەتەکان دوور و درێژەکانی باوکم
سەر دەخەمە کۆشی نەرمی دایکم
سەیری ئەلبومی گەنجێتی دەکەم.

مەرگ لەدەرەوە دەسوڕێتەوە.
من لە ژوورەوە پێدەکەنم.


ئەم بابەتە 181 جار خوێندراوەتەوە