kteb.jpg

بەشی سی‌ و دووەم: هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

(سەركردەی رەمزی گەورە، مێژوو دروستدەكات‌ و بە رق‌ و كینەش ناشكێندرێ‌)

سەرۆكی سەنگاپورە، هەروەكو پێشتر ئاماژەمان پێ كرد، بە زانست‌و زانیاری وڵاتەكەی گەیاندۆتە لوتكە. نەك بە (سەبەتەو قن بادان) كە دێتە سەر شۆڕشی زانیاری‌و كۆمپیوتەر، بناغەی بۆ داناوە. دەڵێ‌:

"شۆڕشی ژمارە (زانیاری) ژیانمان‌و كاركردنمان دەگۆڕێ‌. ئەنتەرنێت‌و تۆڕەكانی جۆراوجۆری، دەخوازێ‌ لە هەموو ئەوانەی لە بواری ئابوریدا كاردەكەن، شارەزای كۆمپیوتەرو بەكارهێنەریشی بن.
لە یەكەم پەرۆشەكانی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بوم، كە بوو بە هۆكارێكی گرنگی زیادبونی بەرهەمهێنانمان. ساڵی 1973 كە كوڕەكەم بە پلەی شەرەف لە زانكۆی كامبرج دەرچوو، هانم دا لەبواری كۆمپیوتەردا خوێندنی باڵا بخوێنێ‌. چونكە دەمزانی كۆمپیوتەر ئامرازێكی بەنرخی كۆكردنەوەی زانیاری‌و تەتەڵەكردن‌و بەرەنجامیشە. داواشم كرد خولی فێربونی كۆمپیوتەر بۆ خوێندكارە زیرەكەكان ساز بدرێ‌؛ خول بۆ مامۆستاكان كرایەوەو هەریەكێكیشیان كۆمپیوتەرێكی بۆ دابینكرا".(ل277)

ئەمە، بناغەی زانستییە بۆ پەروەردەكردنی نەوەیەك ئەكی بونیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرنی هەبێ‌. لەم باسەوە دێتە سەر باسێكی تر، بەمشێوەیە:

"ساڵی 1984 بڕیارمدا حكومەت موچەی تەواوی فەرمانبەران لەڕێی (جیرۆ-ئەلكترۆنی)یەوە، بدرێ‌. وەلێ، بەشێكی فەرمانبەرو كرێكارانی پیشەیی، دەیانویست بە نەقدی موچە وەربگرن. بیانوشیان ئەوە بوو كە نایانەوێ‌ ژنەكانیان بزانن چەند موچە وەردەگرن! ئەمەشم بە كردنەوەی سندوقی پاشەكەوتی پۆست چارەسەر كرد كە بتوانن لە ئامێری راكێشان پارە وەربگرن. زۆری نەخایاند، كەرتی تایبەتیش هەمان بەرنامەی پەیڕەو كرد".(ل277)

كۆمەڵی دواكەوتوو، تەنانەت بیانووی هاوسەر بۆ دواكەوتوو دەهێننەوە. ئەمە لەكاتێكدا، ژنی بێكار، لەماڵدا، كەمترین كێشەی ئابوری هەیە.. هەر بێكارییش وا دەكات، ژن بە ژێردەستەیی پیاو بمێنێتەوە.

دێتەوە سەر كۆمپیوتەرو باسی خۆی، بەجوانی ئاوها دەگێڕێتەوە:
"گەرچی خۆم سەری رمی هەڵمەتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەرو پارە وەرگرتن بەئامێری ئەلكترۆنی بوم، كەچی، سەرەڕای بڵاوبونەوەی كۆمپیوتەر، خۆم بەكارم نەدەهێنا. كاتێكیش وەزیرە لاوەكان، نامەی ئەلكترۆنییان لە ناوەڕاستی نەوەدەكاندا دەگۆڕیەوە، من نامەو ناردنی وەڵامی نامەم بە فاكس دەنارد. كاتێك زانیم لەمبارەوە كوێرەوەرم، بڕیارم دا لە (72) ساڵیدا فێری كۆمپیوتەر بم. بۆ كەسێك لە نەوەی مندا ئاسان نەبوو، چەندین مانگی ویست، هەتا توانیم بەبێ‌ هاوكاری سكرتاریەتەكەم، كارەكانم بكەم، تەنانەت دوای قۆناغێكیش زۆرجار دۆسیەكانم لە (كونە رەشەكە)دا لەبەر بەهەڵە هەڵگرتنی، وون دەكرد. كۆمپیوتەرەكەش تاوانباری دەكردم كە پرۆسەكەم بەهەڵە كردووەو هەڕەشەی دەكرد دۆسیەكەم لێ دابخات. سكرتاریەتەكەم هاوكارییان دەكردم‌و لەماڵیشەوە كوڕەكەشم بە تەلەفۆن رێنوێنی دەكردم دۆسیەكەم پەیدا بكەم..".(هەمان لاپەڕە)

پیاوی گەورە، بەبێ‌ ئەقڵی گەورەو بەبێ‌ تێگەیشتنی گەورەتر لە ژیان، هەرگیز سەرناكەوێ‌. ئەم وڵاتە، تەنها بە زانست‌و پرۆگرام سەرنەكەوتووە، بە رەمزێكی گەورەی وەكو سەرۆك (لیو كوان یو)ش سەركەوتووە.

رەمزی گەورە، بە ئارەزوو، یان بە پلەوپایە، دروستنابێ‌، بەڵكو بە مێژوو، توانا، روداوەكان، سەركەوتن، لەخۆبوردەیی‌و دڵفراوانی، رەمزی گەورە دروست دەبێ‌. گوناحیشە رەمزە گەورەكان، بە رق‌و كینەو پروپاگەندەی نەیارانی سیاسی، بشكێندرێن!


ئەم بابەتە 76 جار خوێندراوەتەوە