Ahmad_Shmal.jpg

ئەحمەد شەماڵ، ئەو دەنگەى بەنەمرى دەمێنێتەوە

رۆژى 3/4 بیست و سێ (23) ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد ئەحمەد شەماڵ تێدەپەڕێت، ئەگەرچى گۆرانییەکانی هەمیشە لە یادەوەریى هەموومان دایە و ساڵانە بەچەندین شێواز یادى دەکرایەوە، بەڵام بەداخەوە ساڵیادى کۆچى دوایى ئەم هونەرمەندە لەمساڵدا لە یادەوەرى زۆرێک لە هاووڵاتیاندا نەبوو، رەنگە ئەمەش بێ هۆکار نەبووبێت، چونکە لە ئێستادا نەک هەموو چالاکیەکى ئەدەبى و هونەرى وەستاوە، هەموان بەهۆى بوونى ڤایرۆسى کۆرۆناوە تەواو بێزار و ماندوون، سایتى گەلاوێژ بەپێویستى زانى بەبیرى هەموان بێنێتەوە، کە لە رۆژى 3/4 ساڵیادى هونەرمەندى دەنگخۆشى کورد ئەحمەد شەماڵى نەمرە.

ئەحمەد شەماڵ، ناوى تەواوى (ئەحمەد مەحموود یان ئەحەی خولە سنەیی)ە، نازناوی خولە سنەیی لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە، کە خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

لە ساڵی 1923 لە گەڕەکی سەرشەقام لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لەسەرەتادا دەخرێتە حوجرە بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز، لەبەر ھەژاری وازی لە خوێندن ھێناوە و دەستی بە کارکردن کردووە و ئاوارەی شاران بووە.

ساڵی 1953 دەستی بە کاری ھونەری کردووە، لەگەڵ‌ زۆربەی ھونەرمەندەکانی ئەو سەردەمەى خۆى وەکو (محەمەد ماملێ، حەسەن زیرەک، عەلی مەردان و سەڵاح داودە) گۆرانی وتووە، خاوەنی (50)  بۆ (60) بەرهەم بووە، کە ڕه‌‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی خۆی و ئەوینداری و سروشتی کوردستان بووە.

وێڕای ژیانی سەختی خۆی، ئەحمەد شەماڵ به کەسێکی دەم بە پێکەنین و قسەخۆش ناسراوبووە و خۆشەویستی خەڵک بووە، بەداخەوە ئەم هونەرمەندە لە ڕۆژى  ٣/٤/١٩٩٧ لە شاری سلێمانی بەهۆى نەخۆشى کۆچى دوایى کردووە و هەر لەو شارەش نێژراوە.

دوای کۆچى دوایکردنى چەندین بەرهەمى بە شێوازێکى نوێ نوێکراونەتەوە و موزیکى نوێى بۆ دانراوە، هەروەها چەند ڤیدیۆکلیپێکیش بۆ بەرهەمەکانى کراوە.


ئەم بابەتە 123 جار خوێندراوەتەوە