Koch.jpg

هونەرمەندێکى تورک، بەهۆی مانگرتنییەوە لە خواردن گیانی لەدەستدا

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە بڵاوکراوەیەکیدا هەواڵی کۆچی دوایی خانمە گۆرانیبێژی تورک ( هێلین بۆلێک)ی تەمەن (28) ساڵی بڵاوکردەوە.

خانمە هونەرمەندەکە وەک بەرهەڵستی و ناڕەزاییەک لە  دژی ئەو سزایەی حوکمەتی وڵاتەکەی سەپاندوێتی بەسەر باندەکەیاندا، بۆ ماوەی (228) ڕۆژ مانی لە خواردن گرت، ڕۆژی هەینی 3/4/2020 گیانی لەدەستدا.

هەروەها ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشدا کە حوکمەتی تورکیا لە ساڵی 2016 کار و چالاکییەکانی گروپەکەی ڕاگرتووە و کۆی بەرهەمە بڵاوکراوەکانیانی سڕیوەتەوە، شایەنی باسیشە گروپی (یۆروم)، کە زیاتر بە گۆرانییە شۆڕشگێڕانەکانیان ناسراون، لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپاوە بە تیرۆرست ناوزەند کراون، بە تۆمەتی ئەوەی کە گروپەکە پەیوەندییان بە شەڕڤانانی (DHKP)ەوە هەیە.

بەر لەوەى کۆچى دوایى بکات، دایکی هێلین چەندین جار نامەی ئاڕاستەی ڕای گشتی کردووە، کە تیایدا داواى کردبوو، کە کچەکەى داوا ناکات بێتاوان بکرێت یاخود ئازاد بکرێت، بەڵکو داوادەکات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دادگای بکرێت.

هەروەک دایکى بەراى گشتى راگەیاندبوو، "وەکو دایکێک زۆر پێم ناخۆشە کە کچەکەم دەبینم مانی لە خواردن گرتووە، بەڵام کاتێک سەیری ئەو دۆخە دەکەین کە ئێستا هەیە هیچ چارەیەکیان بۆ نەهێشتوینەتەوە، هێلین لەسەر وتەی زیندانی کراوێک دەستگیر کراوە و وتراوە کە ئەندامە لە ڕێکخراوی یۆروم و دەستی هەبووە لە ڕێکخستنی چەند کۆنسێرتێکدا".

ئایگول بیلگی دایکى باسی لەوەش کردبوو، کە کچەکەی وتویەتی: "هەتا ئەو کاتەی داواکاریەکانی جێبەجێ دەکەن بەردەوامی بە مانگرتن لە خواردن دەدات. ئەوەی کچەکەم دەیەوێت شتێکی قورس نییە، داوای مافەکانی خۆی دەکات، کچەکەم چەندین جار دوبارەی کردووەتەوە وتویەتی من نامەوێت ئازاد بکرێم، بەڵکو دەمەوێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دادگای بکرێت، من ئەو گۆرانیانەم وتووەتەوە کە لەسەر زمانی هەموو هاوڵاتیانە، ناکرێت لەسەر ئەو کارەم بەبێ دادگای لە زینداندا بمێنمەوە، من دەمەوێت بەشێووەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەم لەگەڵدا بکەن".


ئەم بابەتە 94 جار خوێندراوەتەوە