Syamnad_Hadi.jpg

هەناسەی چەقۆیەکی مێژووبڕ یاداشتێک سەبارەت بە چیرۆکی: 'ئەو ژوورەی هاوڕێکەم خۆی تیا کوشت'ـی سیامەند هادی

گۆران لەتیف

یادداشتەکە لەسەر ئەو بنەمایە نوسراوە کە خۆکوشتن بوونێکی سەربەخۆی نییە، بەڵکوو بەرەنجامی درز و چەپاندن و زمانلێسەندنەوەیە. بە مانایەک بەرەنجامی دوو شتە، دوو زەمەن و دوو شوێن و دوو فیگەر.. واتە لەدایک دەبێت...

کامۆ لە لێکۆڵینەوەیەکیدا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان ڕەخنە لە کۆمەڵگە و دەوڵەت دەگرێت، ئەویش وەک وەک بەرهەمهێنەری توندوتیژیی و کوشتن...

ئێمیل دۆرکاهیم، لە تێز و تێورییە زانستییەکانیدا لەسەر خۆکوشتن یەژێ: خۆکوشتن هەرگیز دیاردەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان زەمینەی بۆ دەڕەخسێنن.

زانستی تازە، تێز و لێکۆڵینەوە تازەکان چەندین هۆکاری دیکە دەستنیشان دەکەن: گۆڕانی بەهاکان و  کێشەی ئابووریی و  ڕیکلام، تەکنەلۆژیا و شڵەژانە دەروونییەکان و بەدخۆراکیی، جەنگەکان و زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ، بەڵام هێشتا ئەم هۆکارانە هۆکاری کۆتایی و ڕاستەقینە نین، لە پەیوەندیدا بە کوردەوە ڕەنگە جیاوازتر بێت. ڕەنگە ئێمە نەتوانین هیچ بیرمەند و فەیلەسوف و تێورییەک بهێنین، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژی مرۆڤی کورد و کوردستانی پێ بخوێنینەوە. بۆ نموونە هەر منداڵێکی کورد لە دایک دەبێت و ئەلفوبێ فێر دەبێت، بە برینداریی لەدایک دەبێت، بەشبەش و پارچەپارچە لەدایک دەبێت، واتە لە ناو توندوتیژییدا پێڕەوکە دەبێت. ئێمە هەموومان کاتێک لەدایک بووین، دایک و باوکمان ئەوەیان فێر کردووین و بانگدراوە بە گوێماندا، ئێمە چەند بەشین، بەشێکمان لێرەیە و بەشێک لە باکوور و بەشێک لە ڕۆژاوا و بەشێک لە ڕۆژهەڵات، واتە بە ناتەواویی و نەبەکامیی لەدایک دەبین...

کاتێ لەم شووناسە لەرزۆکەى کەسێتیی کورد ڕامام، یەکڕا قسەیەکی ئۆجەلانم بیر هاتەوە، ئەو دەیوت کەسێتیی کورد وا پلیشاوەتەوە و شپرز کراوە، هەندێ جار خۆیشی نازانێ چۆن کراوە بە داردەست، دەیوت، دەتوانین لەنێوان ئاژەڵان و مرۆڤاندا کورد لە خانەى شتێکی تردا دابنێین، کە ئەو ناوی دەنێت: 'جۆری سێیەمی زیندەوەران'

ڕەنگە هیچ مرۆڤێکی سەر ئەم ڕووی زەمینە نەبێت وەک ئێمە ڕاڕا و دوودڵ و پڕگومان بێت لە بوونی خۆی و ناسنامە و ژیانی تایبەتی خۆی. سەرەڕای ئەوانەیش، کەلەپووری ئێمە لە قۆناغە جیاوازەکاندا تاڕادەیەکی زۆر ڕاپەڕینی خۆشەویستی و ژیاندۆستییە، دژ بە کەلتووری دینیی سەلەفیی و توندڕەوی و مەرگدۆستیی. لەو سۆنگەوە بۆ شیتەڵی کەسێتیی کورد، دەبێت لەو دۆخی پلیشانەوە و هەڵتڵیشانە جەستەیی و جوگرافیی و دەروونییە تێ بگەین. ئەوەی لەم چیرۆکەدا دەیخوێنینەوە لەمەڕ خۆکوشتن و خۆسوتاندن، بەرهەمی مێژوویەکی زۆر تازەیە، هاوکاتە بە مێژووی دەستەڵاتی حیزبی و شەڕی ناوخۆ.

بەڵام بە پشکنین و خوێندنەوەی زیاتر دەتوانین ڕیشەی ئەو خوێنە ڕژاوانە بدۆزینەوە. ڕیشەی ئەم خوێن و تەرم و خۆکوشتنە ئەو باوەڕ و ئایدیایەی پاڵیان پێوە دەنێت بۆ خۆکوشتن، لە هەناوی سەردەمەکە و ڕووداوەکانیدان. دەتوانین ئەم باوەڕ و کاردانەوانە دووبارە بپشکنین و بپرسین بۆچی خۆکوشتن؟

لێرەدا چەند خاڵێک دیاری دەکەین :

یەکەم: تێڕوانین لە بونیادی زانینمان، واتە چۆن شتێک وەک ڕاستیی وەردەگرین و دەیکەینە ڕێبەری خۆمان و وەک حەقیقەتی ڕەها تەماشای دەکەین؟

دووەم: بونیادی نەزانینمان. بۆ ناتوانین لە هەندێ شت تێبگەین و دەکەونە دەرەوەی بیرکردنەوەی ئێمە؟

سێیەم: بونیادی ڕەفتارمان، بۆ هەندێ جار دەزانین و تێشدەگەین، بەڵام وا ڕەفتار دەکەین شامانێ نەزانین و تێناگەین.

وادیارە خۆکوشتن و ئایدیای خۆکوشتن کەوتۆتە سەر زمان و بن زمان، بووە بە بونیادی زانین و نەزانینەکان، ڕەفتارکردنیش لە چیرۆکەکەدا بەو پێیەی چیرۆکەکە ساڵانی نەوەتەکان نووسراوە، ئەو سەردەمەش سەردەمێکی لێڵ و تاریک و تەمومژاوییە، هەموو بونیادە تازەکان لە پێواردا خۆیان مەڵاس داوە، چونکە سەرەتای گۆڕانێکی گەورەیە لە بونیادی  فیکری مرۆڤی کورددا، بەمانایەک سەرەتای درزێکە!

ئەمە هۆیەکیشە بۆتێنەگەیشتن و ڕەفتارکردن، زانینەکانیش بەرەو هەڵدێر و ناڕاستیی پەلکێش دەکات. هاوکات هۆیەکە تا نەتوانین سوکوئاسان لەو خوێنە ڕژاوە تێبگەین!

چیرۆکی 'ئەو ژوورەی هاوڕێکەم خۆی تیاکوشت'ــی سامەند هادی ساڵی ۱۹۹۹ نوسراوە، دوو کردەی خۆکوژی دەگێڕێتەوە: یەکێکیان، ژنێک بەهۆی دەنگەدەنگێکەوە لەگەڵ پیاوەکەیدا خۆی دەسووتێنێت. ئەوی دیکەیان، مامۆستایەکە و لەو ژوورەی لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لێی نیشتەجێ بوون، ئێوارەیەک چەقۆیەک لە دڵی خۆی ڕا دەبات، خوێن لە ژوورەکەدا فیچقە دەکات و دەمرێت.

چیرۆکەکە، زۆر کار لەسەر تەکنیک و تەکنیکی گێڕانەوە دەکات، بەڵام لە ناواخندا دەیەوێت ناپاکیی لە کەلتووری باو بکات و تێکی بشکێنێت.

وەگێڕ دەیەوێت: کارەکتەرەکانی پەلاماری چیرۆک بدەن، چیرۆکیش پەلاماری واقیع! چیرۆکەکە پەلاماری واقیع دەدات. هەربۆیە لێوەشاوەیی جوانیناسانەى چیرۆکەکە لە کۆتاییدا هەڵدەکشێ بۆ ئاستێکی بەرزی گێڕانەوە، کاتێک تێدەگەین ئەو کارەکتەرەی خۆی کوشتووە یەک وشە ناڵێت، تاکوتەرا لەسەر زمانی هاوڕێکەیەوە چەند ڕستەبەندێک دەخوێنینەوە، ئەویش کاتی هاوڕێیەتی و کارکردن و پێکەوەبوونیانە لەو ژوورەدا. بێدەنگیی و لاڵی کارەکتەری چیرۆکەکە تۆقێنەرە. تەنیا پەناوپەسێرێک وەگێڕ بۆی مابێتەوە تا خۆی لێ داشارێ و بیکاتە کردەیەکی ڕادیکاڵی مانەوە: گێڕانەوەیە.

وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا چیرۆکەکە لە سەردەمی جەنگی ناوخۆدا نووسراوە. تازە لایەنەکان هێور بوونەتەوە، بەڵام ئایدۆلۆژیا و ئایدیای جەنگی ناوخۆ لە هەموو پنتێکدا چەپۆکان دەدات. کۆمەڵگاش لە دۆخی گۆڕانی بەهادایە، لە پنتێکدا خێڵەکییە و بەهاکانی خێڵ کار دەکەن و لە پنتێکدا مۆدێڕنە و دەیەوێت هاوارەکانی جیهانیی بێتەوە، لە پنتێکدا دینییە، بەڵام حیزب لەیەک کاتدا هەموویەتی. هەم دینیی خۆی دەنوێنێ، هەم مۆدێڕن و هەم خێڵەکیی.

جوانیی ئەو مردنە ئەوەیە گەرەکی نییە تێکەڵی هیچ بەرەیەک بێت، بەڵکوو گەرەکێتی گەنجێکی مۆدێڕن بێت. ئەو گفتوگۆ و بیروڕایانەی هاوڕێیەکەیشی لەمەڕ خۆکوژەکە دەیڵێت و ئەو دێرە شیعرەی مەحوی پاش خۆی جێیهێشتووە تێدەگەین خۆکوژ چەندە بە لێهاتوو و هونەرمەند، هەروەتر چەندە دژی توندتیژییە و لایەنگیری مافی تاک و تاکەکەسە لە بەرانبەر کۆمەڵ و ئایدۆلۆژیا و جەماوەر و خێڵ و دین و حیزبدا.

بێدەنگیی خوکوژەکە تێکڕا گوزارشت لە بێدەنگیی و  دڕدۆنگیی و غەریبی حەقیقەت دەکات لەو سەردەمەدا. وەک ئەوەی چارەنووسی هەموو ئەوانەی بە شوێن حەقیقەت و دادگەرییەوەن چەقۆ و ژەهر و ملپەڕاندن بێت!

زیاد لە پێنج-شەش جار ئەو چیرۆکم خوێندەوە، لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکە و چیرۆکەکەیشدا زۆر جار ئەو هەستەم هەبووە ئەوەی دەیخوێنمەوە تەرمە و بووەتە تێکست، یا چیرۆک و دەیەوێت ببێتە تەرم... قسەنەکردن و بێدەنگیی کارەکتەرە خۆکوژەکان لەچیرۆکەکەدا تەواو گوزارشت لەو سەردەم و مەرگەسات و ماڵشێوانە دەکات، مێژووی چیرۆکەکە هاوکاتە لەگەڵ شەڕی ناوخۆ و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکان لە لایەن حیزبەکانەوە، بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین و لە کارخستن و گوێنەدان بەو نەوە تازەیەی هیچ حەز و ئارەزوویەکیان بۆ حیزب و کەلتووری خێڵ و دین و شۆڕش نییە. ئەوە ئەوکاتە زیاتر پشتڕاست دەبێتەوە کاتێک مامۆستاکە بەو چەقۆیە خۆی دەکوژێت کە دایکی بۆی ناردووە..

چیرۆکەکە مەبەستێتی لە ڕێی ڕووداوانەی وا دەیگێڕێتەوە پەردە لەسەر شەرمەزارییەک هەڵماڵێ، سا مەبەستێتی بێژێ لە ئەستۆی هەموومانە ئەو خوێنە. هەروەها مانا و شکۆ بە شێوازێکی ئەدەبی دەگێڕێتەوە بۆ تەرمەکان. ئەم مەرگە بۆ ڕووی دا؟ بۆچی لە ئەستۆی گشتمانە ئەم خوێنە؟

بۆ تێگەیشتن لەم مەرگە، یەک ڕێگامان لە پێشدەمدایە، ئەویش ڕێگایی تێگەیشتنە لە 'حیزب'، بەبێ ناسینی حیزبی کوردی ناتوانین ئەم مەرگە بە کۆی دیاردە دەروونی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی دیکەوە گرێ بدەین. ئەم  خوێنە ڕژاوە هەر ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی و ئایدۆلۆژیی و دەروونیی و کۆمەڵایەتیی هەبێت. پێشتر ئەو هۆکارانە بە هەناوی حیزبی کوردییدا گوزەریان کردووە، شێوەیەکی نوێ و مۆرکێکی تازەیان وەرگرتووە و بوونەتە بەشێک لە کەلتووری حیزبیی و دەستەڵاتی کوردیی لە باشوور.

خۆکوژەکە لە شوێنێکدا بە لاقرتێوە لەسەر ئەو چەقۆیەی دایکی پێی داون لە کاتی هاتنیاندا بۆ ئەو شارەی وا لێی نیشتەجێ بوون و مامۆستان، بە هاوڕێکەی دەڵێت: چەقۆیەک بە باشیی گۆشت نەبڕێت چەقۆ نییە! دواتریش هەر بەو چەقۆیە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت!

 لێرەدا سەرومڕ کاریگەرییەکانی جەنگ دەردەکەوێت. ئەو سەردەمە سەردەمی چەقۆی تیژ و هێز و فیشەک و کوشتوبڕە، یاریکردنێکی ئەدەبیی هەست پێ دەکەین: مسۆگەر ئەو چەقۆیەی وا دایکی پێی داون لێرەدا هێمایە بۆ خێزان و خێزانیش نوێنەر و سەنتەری دەستەڵاتی خێڵە، خێڵەکانیش قۆناغێک گەورەتر بوون و لەیەکەیەکی گەورەتردا تۆپەڵیان بەستووە، بەم تۆپەڵەش دەڵێن: حیزب.

لە ڕۆژهەڵاتدا، لە نێو زۆرێک لە دین و ئەفسانە و ئایدیاکاندا، باوک هێمای دەستەڵات و شکۆیە. بۆ ئەوەی باوک ئەم دەستەڵات و شکۆیەی خۆی بپارێزێت، هەمیشە لە ڕێی قوربانییەوە یان لەڕێی چڕووساندنەوە و تەپەسەردانەوە دەستەڵاتی خۆی دەپارێزێت و منداڵەکانی، ئەوانەی وا لێیان دەترسێت ببنە جێگیرەوەی شکۆ و دەستەڵاتی، مەرگیان بۆ دەبڕێتەوە، یا ڕاستەوخۆ دەیانکوژێت، یا دۆخێکێ وا دەسازێنێ تا نەوەکانی چەقۆ لە نووکی دڵی خۆیان تووند بکەن و خوێنیان فیچقە بکات... بەڵام بۆچی دایک لێرەدا ئەو کارەى باوکان تەواو دەکات و نوێنەرایەتیی دەکات؟ دایکیش بەو ناسکی و جوانیی و نەرمونیانییەی هەمان ڕۆڵی باوک دەگێڕێت. دەستەڵاتی دایک  لێرەدا ''بڕینی کەمێکی ترە لە ڕێگا کۆنەکە''،  واتە ئەو کارەی باوکان لە سۆنگەى جەنگ و پاراستنی شکۆی خۆیان و دەستەڵاتیانەوە فریای ناکەون، بۆ دایکیان جێهێشتووە... حزب لەو قۆناغەى مێژوودا چونکە یەکەیەکی شێوا و بێناسنامە و زۆڵە، ڕۆڵەکانیش لە نێوان دایک و باوکدا دەگۆڕێتەوە و کارتەکان تێکەڵ دەکات، ئەو تەنانەت ڕۆحی مێیایەتیی و داهێنان و دیموکراتییەتیش هەڵدەگێڕێتەوە، دەکرێ ئەو قۆناغە ناو بنێین: قۆناغی باوکاندن و دەسەڵاتاندنی هەموو شتێک، هەموو لێک ئاڵاوە و تێکڕا دەستیان پیسە بەو خوێنە.

هاوڕێی مامۆستا خۆکوژەکە دەڵێت: لەو ئێوارەیەدا زۆر هەوڵمدا خەڵکەکە ڕازیی بکەم ئەو شەوە تا بەیانیی بەدیار تەرمی هاوڕێکەمەوە دانیشم، بەڵام هەموویان دەیانگووت: مردوو تا زووتر بنێژرێت خێرترە! بەڵام ئەو سەردەمە، سەردەمی کەرنەڤاڵ و کۆبوونەوەی گەورەیە لەسەر تەرمەکان، بەڵام ئەم تەرمە لەوان نییە، شەهیدی ڕێگای حیزب و سەرۆک و خوا نییە، هەر بۆیە شایستەی کەرنەڤاڵ نییە. با بیشارینەوە تا زووە نەوەکو بۆگەن بکات. با بیشارینەوە نەوەکو ئەو سیحرە بەتاڵ بێتەوە.

خۆیشی پێش مردنی دەیزانی، کە مردن و ژیانی هیچی لە ژیانی ئەوانی تر نەدەگۆڕی! نە ژیانی گرنگ بوو نە مەرگی.

هەر بۆیە هیچی لەدوای خۆی جێنەهێشت. جگە لە هەندێ دەفتەر و قەڵەمێکی خوێناوی نمرەی قوتابییەکانی. هەندێ جلوبەرگی خۆێناوی و دوو دێر، دوو دێری شیعری مەحوی:

 ''لە باسی مەینەت و دەردی دەروونی بۆیە دەم نادەم،

لە خوێناوی دڵی پڕ غەم کە سینەم مەوج ئەدا تادەم.''

 

چیدی نەمتوانی لە دوای مردنی هاوڕێکەم لەو شارەدا بمێنمەوە و لەو ژوورەدا بگوزەرێم، هەر بۆیە کاتێک جانتاکەم بە شانمدا شۆڕ کردبووەوە، بێ ئاوڕدانەوە لەو ژوورە، بڕیارمدا بەیەکجاری ئەو شارە بەجێبهڵێم!

 ئەو شارەی جێهێشت و پشتیکردە ژوورەکە، پشتیکردە کۆڵانەکە، پشتیکردەکە حیزب و کەلتوور و دین و خێڵ و شارەکە پشتی لە هەموومان هەڵکرد و ڕۆیشت! تۆ بێژە گەڕایەوە بۆ لای دایکی، گەڕانەوە بۆ چاوگەى سرووشت!

ئەو چەقۆیە چەقۆیەکە هێمایی، لە مێژوودا هەمیشە زڵتەى چاوی هاتووە، هەموو شتێکی بڕیوە، تەنانەت خودی مێژووش. بەڵام ئەو پرسیارە هەر زیندووە. ئەرێ ئەو مامۆستایە بۆ خۆی کوشت؟!

دەکرێت وەڵامی پرسیارەکە بە شێوەیەکی دیکە بخەینە ڕوو، خۆکوژی مامۆستاکە، دابڕین لە ڕووداوەکانی دەورووپشتی وەک باوەڕێک سەیری بکەین، باوەڕێک کە گەیشتووەتە بنبەست و پووچیی و نیهیلیزم.

جارێکیان هاوڕێیەکم بەسەرهاتێکی خۆی بۆ گێڕامەوە، کاتێک لە بەریتانیا بووە، وتی: شەوێک لەگەڵ کچێکی گەنجدا گفتۆگۆیەکم دامەزراند.

 گوتی: بەو کچەم وت باوەڕت بە چییە؟

 وتی: هیچ.

گوتم چۆن هیچ، من ئێستا لەسەر ئەو شەقامە پێم هەڵبکەوێت هاوار دەکەمە خودا و دەڵێم: یا ئەڵڵا! مەسیحییەکانی ئەم شارەش هەروان، هاوار دەکەنە مەسیح یان مەریەم. ئەی تۆ پێت لە شتێک هەڵبکەوێت هاوار لەچی دەکەیت؟

وتی: هاوار دەکەم: هیچ!

لە چیرۆکەشەدا  بەجورێک هەروایە. خۆکوژەکە نایەوێت هاوار دەکاتە 'هیچ!'

ڕەهەندێکی دیکەی جوانیناسانەی چیرۆکەکە، گرێدانی پرسی مردن و شوێنە:

لە ناونیشانی چیرۆکەکەوە بەر ئەو کێشمەکێشمە دەکەوین: (ژوور و خۆکۆشتن)  پێکەوەلکاندنیان لە ناونیشانی چیرۆکەکەدا ڕاستەوخۆ بۆ ئەو پرسیارەمان دەبات، ئایا شوێن چ کاریگەرییەکی لەسەر خۆکوشتن یا مردن هەیە. لە دیدگای ئەودا‌ پابەندبوون بە شوێنێکەوە هیچ نییە جگە لە خۆلادان و خۆگێلکردن و خۆخافڵاندنی مرۆڤ لەو بێئومێدییە فراوانەی لەنێویدا سەرگەردان و پەرێشان و پەشۆکاو ماخۆلانێتی.

واتا شوێنکات لە دیدگای مرۆڤدا دەبێتە دەنگدانەوەیەکی بەهێز و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ خۆکوشتن. خۆی دەڵێت: (لە کاتی بوونی مندا جیهان بوونی تەواوەتی هەیە و هەموو شتێک ئاساییە، بەڵام کە من مردم جیهان هیچ مانایەکی نامێنێ و بوونی نابێت.) لێرەدا وێنای بوون وەک توندوتیژییەکی نەبڕاوە دێت. ئەو توندوتیژییە کاتێک کۆتایی دێت من نەبم، بۆیە بە گشت بوونییەوە ئەو بوونە ڕەت دەکاتەوە و چەقۆکە لە دڵی دا ون دەکات. بە واتایەکی تر، شوێنکات لە ناو  بوونی ئەودا  گوم بووە. هەموو شتێک بووە بە دەنگدانەوەیەکی گەورە، چیرۆکەکەیش لە هەندێ شوێندا هەوڵ دەدا شوێنکات تێکبشکێنێت.


ئەم بابەتە 128 جار خوێندراوەتەوە