kteb.jpg

بەشی (36): هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

ئاسەوارە نالەبارەكانی دوای سەربەخۆیی
(سیاسەتمەداری رق هەڵگرتوو، هەرگیز سەرناكەوێ‌)

سەنگاپورە، دوای سەدەیەك لە ژێردەستەیی بەریتانیاو لكاندنی بە مالیزیا، كێشە جۆراوجۆرەكانی پێكهاتەكانی چینی‌و مالاوی‌و ئیسلامی‌و بوزی.. تاد، لە مالیزیادا بەچەشنێ‌ پەنگی خواردبوو، چیكە نەیانتوانی كێشەكانی سەنگاپورەی ئەوسای دواكەوتوو، تەحەمول بكەن، بۆیە، لە مالیزیایان دورخستنەوەو لەساڵی (1965)وە سەربەخۆییان وەرگرت. سەربەخۆییەكی دەگمەن بوو. كە تا ئێستاش لە سریلانكاو پاكستان‌و هیندستان، كیشەی زیاتر لە (150 ملیۆن) تامیلی‌و دەیان ملیۆن كشمیری، خوێنی لێ دادەچۆڕێ‌.

سەنگاپورە، لە ساماندا هەژار بون، بەڵام لە روانینی ستراتیژی سەركردەكانیان بۆ ئایندەیان، دەوڵەمەند بون. هەتا چەند ساڵێكیش مالیزیەكان بەچاوی وڵاتۆكەیەكی بچوكی بێ‌ پاشەڕۆژ لێیان دەڕوانین. بەتایبەتی سەربازانی مالیزی لە سەنگاپورە دەیانپاراستن!

دوای (8) مانگ لە سەربەخۆیی، سەرۆك وەزیرانی مالیزیا (تانكۆ عەبدولرەحمان) سەردانی سەنگاپورەی كردووە. لەسەر خوان دا، هەوڵی داوە، ئارامیەك بخاتە نێوان هەردوو وڵاتەكە. داوەتی وەزیرەكانی سەنگاپورەی كردووە، لە مانگی ئایاردا سەردانی مالیزیا بكەن. سەرۆكی سەنگاپورە وتویەتی:

"لە مانگی ئایاردا من سەفەرم دەكەم، وا باشترە لە مانگی تەمموزدا، سەردانەكە رێكبخەین".(بڕوانە ل309)

دیقەت بدرێ‌، وڵاتی گەورە بەرامبەر وڵاتانی بچوك، تایبەت تازە سەربەخۆیی لە وڵاتی دایك وەرگرتبێ‌، تەنها لە دیاریكردنی وادەی سەردانی رەسمیدا چۆن نیگەران دەبن. لەمبارەوە، لەسەر هەمان بابەت دەڵێ‌:

"لەكاتی خوانی شەودا، هەستم كرد ناڕاستەوخۆ هەڕەشەم لێدەكات‌و تێمدەگەیەنێ‌ كە خەمساردی خراپە و پەتی ژیانی سەنگاپورە لەدەست مالیزیایە. سەنگاپورەش ناچارە لەنزیكەوە كاریان لەگەڵدا بكات".(هەمان لاپەڕە)

مرۆڤ كە ئەم سەرگوزشتانە لەسەر مێژووی سەرۆكی وڵاتان دەخوێنێتەوە، ئینجا وردتر تێدەگات كە خەیاڵدانی نەتەوەی سەردەستە و سەرۆكی نادیموكراسی، چۆن بڕیار لە پەیوەندی دیپلۆماسی‌و دراوسێیەتی دەدەن. پەیوەندی نەتەوە گەورە و برا گەورە، لەگەڵ نەتەوەی بچوك‌و برا بچوك.

بەڵام، هاوكێشە سیاسیەكان، سەبارەت بە گەلانی بچووك‌و بەرامبەر گەلانی سەردەستەی گەورە، هەمیشە لە گۆڕانكاریدایە. ئەم سەرۆكە خۆ بەزلزانە، رۆژان تێدەپەڕێ‌‌و هەمان ئەو كێشە رەگەزایەتیەی بۆ سەنگاپورەیان دروست دەكرد، لەناو مالیزیاشدا دەقەومێ‌! نیمچە شەڕی ئەهلی دروست دەبێ‌. پاشا، حكومەت‌و پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە. سەرۆك وەزیران (تانكۆ) كە هەڕەشەی دەكرد، لێدەخرێ‌‌و هانا بۆ سەنگاپورە دەبات. سەرۆك وەزیرانی سەنگاپورە، هەڕەشەكەی لە دڵ نەگرتبوو. وەكو پیاوێكی دڵگەورە، رێز لە (تانكۆ)ی لێكەوتوو دەگرێ‌‌و سەردانیشی دەكات. ئەمجارە، ئەم سەرۆكە دورخراوە، داوا لە سەرۆكی سەنگاپورە دەكات، نەك لە سەنگاپورە، بەڵكو لەناو چینیەكانی مالیزیاش، هاوكاریان بكەن.. تاد.(ل318)

ئەمەیە رۆژگاری سیاسەت. من ئەم دڵگەورەییەم لە مام جەلال، بەرامبەر سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی دۆڕاوی حیزبەكان‌و سیاسەتمەداران دیووە. نەك جارێ‌، بەڵكو دەیان جاریش. بەڵكو مام: هاوكاری دارایی كەسوكاری عەبدولكەریم قاسم، عەبدولرەحمان عارف، تەنانەت هی سەباح میرزا و گەلێ‌ سیاسەتمەداری لێقەوماوی تری دەكرد.

هەمیشە.. سیاسەتمەداری لێبوردە.. دڵگەورە.. دووربین.. رق هەڵنەگرتوو سەردەكەوێ‌..نەك پێچەوانەكەی!!


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە