Tarza_Jaf.jpg

شیعرەکەی سامی هادی و رەخنەکەی ئازاد عەلی

تەرزە جاف

 رەخنەگرتن و نوسین لەسەر شیعر (ئەگەر پێویست بێت هەبێت) پێم وایە کاری شاعیر نیە ، هەر لە سەرەتاوە  شیعر لەگەڵ خۆیدا نهێنیە نەگوتراوەکان دەدرکێنێت و کاتێک خوێنەر پێی وا بو ئەوەی دەیخوێنێتەوە شیعرە ئیتر  تەواو وەڵامی هەمو پرسیارەکانی داوەتەوە و دوای ئەوەش هەرچی بگوترێت لەسەر شیعرەکە (بە وەرگێڕانیشەوە) کەم تا زۆر شیعرەکە دەڕوشێنێت و وەک پەڵەی پەنجە لەسەر شووشەیەکی بێگەرد بە شیعرەکەوە دەلکێت.

ئەم چەند دێڕەش لەژێر کاریگەری نوسینێکی ئازاد عەلی دایە کە  لە سایتی گەلاوێژ بە چەند بەشێک بڵاوبۆیەوە ، من  لێرە تەنها قسە لەسەر یەک دەق دەکەم، ئەویش چونکە زۆر بە ڕوونی هەستم بە کاریگەری کەسایەتی کاک سامی خۆی  لەسەر هەڵسەنگاندنەکەی ئازاد عەلی بۆ دەقەکە کرد، واتە، بە ڕای بەندە لە باسکردنی دەقەکەدا کاریگەری کەسایەتی کاک سامی بە زەقی بۆ خوێنەرێک کە کاک سامی بناسێت دیارە کە هەڵسەنگاندنی شیعرەکە لە ناسینی کاک سامیەوە هەڵقولاوە زیاتر لەوەی لە دەقە شیعریەکەوە  بێت.

 من لێرەدا بە فرسەتێکی دەزانم هەم باسێکی کورتی  کاک سامی بکەم، هەمیش بە نەفەسی شاعیرێک هەوڵ بدەم، بە شەرمێکەوە شیعرەکە  (تا ئەم چەند دێڕە تەواو دەبێت) لە شاعیرەکە جیا بکەمەوە تا بتوانم وەک شیعرێکی ڕووت لێکدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە نا، بەڵکو شاعیرانەی بۆ بکەم لە دەرەوەی ئەو کاریگەریەی کاک سامی دروستی دەکات بۆ کەسێک  کە لە نزیکەوە بیناسێت.

 ئەوەی ڕۆژێک کاک سامی هادی ناسیبێت ئەوە دەزانێت کە پیاوێکی میهرەبانە، دەنگی بەرز ناکاتەوە و ئەگەر زۆر بە پێویستی نەزانێت قسە لەسەر بابەتێک ناکات، لەو کەسانەیە کە برینەکانی، ئازارەکانی نیشانی کەس نادات.

کاک سامی کەسایەتیەکی دوور لە شەهوەتبازی و ژنبازی هەیە و هەمیشە وەک پیاوێکی نورانی دەکەوێتە بەرچاو و دڵ.

ئەم پیاوە هەرچەندە شەفاف دێتە بەرچاو، بەڵام تا لێی نزیک نەبیتەوە نازانیت کە شەفافیەکەی وەک جامخانە بەقەدرەکانی خانوە کۆنە ڕەسەنەکانە، کە بۆیە گرنج گرنج و ڕەنگاوڕەنگن، تاکو ڕووتی وئازار و نهێنیەکانی ئەودیوی جامخانەکە بشارنەوە و وەکو نەخش و گوڵی ڕەنگاوڕەنگ و بە چاوی بینەری  ببەخشنەوە، بۆیەش، ئەگەر لەودیوی ئەو شوشەیەوە ئاگر، برین، ئازاریش هەبێت دیسان وەک نەخش و رەنگ لەمدیوەوە خۆی دەنوێنێت.

بەڵام :

شیعر بۆخۆی ئازایەتی دەوێت، چونکە شاعیر کەم تا زۆر لە شیعردا خۆی ڕووت دەکاتەوە و برین و پشکۆ و ‌حەزە نەوتراوەکان دەدرکێنێت، کاتێکیش مرۆڤ دەگاتە ئەو ڕادەیەی شیعرنووسین ببێتە زەرورەت بۆی، بیەوێت یاخود نا، لە ئاگاییەوە بێت یاخود لە بێئاگاییەوە چەند پارچەیەک لەو پۆشاکە رۆحیانەی لێ دەکەوێتە خوارەوە و ڕووت دەبێتەوە.

هەر بۆیەش کاک سامی کاتێک خۆی تەسلیمی شیعرنوسین دەکات، خوێنەر دزەدەکات بۆ ئەودیوی شووشە گرنجگرنجەکە و بەشێکی شاراوە دەبینێت و ئیتر شیعرەکە بۆ خوێنەربەجێدەمێنێت و ماناکەشی لەناو دڵی شاعیردا دمێنێتەوە.

 

 لە شیعرەکەدا دەڵێت:

 

لە ژنەکانی بەرلین دەچوو

بێ هەتاو توایەوە

مناڵیم هێندەی چۆلەکەیەک بوو

کەچی وەک تیشکی شەرمنی

تەمتومان بیرم ماوە

ئەو دەیویست بمرێت

کەچی بۆنی جەستەیم هێند کۆکردۆتەوە

تا لەگەڵ فڕینی خۆمدا

 ئەویش بفڕێت

 

ئازاد عەلی دەنوسێت: "ژن لای سامی پیرۆزترە لە پیاوانی تر، بۆیە زات ناکات، جگە لە جوانییە رۆ‌‌حیەکانی ژن  بەولاوە ، توخنی لایەنی دیکەی ژن بکەوێ، بە تایبەتی سێکس. تەنانەت ماچیش!!"

"مەگەر دوراودور بە خەیاڵی بۆنی جەستە، لە جەستە تێری خواردبێ، هێندەی خۆی لە بۆنی جەستەی ژنەکەدا خواردۆتەوە، لەگەڵ خۆیدا، ئەویش دەفڕێ."

هەروەها دەڵێت: "ئەوەی سامی بناسێ، دەزانێ چۆن شەرمی مناڵی و پەروەردەی کۆمەڵایەتی بەرینەداوە. شەرم شەرابی هەمیشەیی ئەندێشەی سامین".

دەبێت ئەوەمان بیر بێت مرۆڤەکان، جا شاعیرەکان زیاتریش، سووچێکیان هەیە لە رۆ‌‌حیاندا تێیدا دەسووتێن، ئەگەر ئەو سووتانە بە بێدەنگی بێت یانیش بە پریشک و قرچە قرچەوە... کاک سامیش وەک هەموان لەوانەیە پشکۆیەکی گەشی هەبێت لە قوژبنێکی رۆ‌حیدا ‌حەشاری دابێت.

نوسەری رەخنەکە لە کەسایەتی مەنگ و شەرمنی کاک سامیەوە ئەوەی هەڵێنجاندوە کە دەبێت شاعیر نەگەیشتبێت بە ئارەزوی خۆی "مەگەر دووراودوور بە خەیاڵی تێری خواردبێت..." ئەگەر ئەم شیعرە کاک سامی نەینوسیبایە و ئەگەر نوسەری رەخنەکەش (سامیناس) نەبوایە و دەقەکەی وەک دەقێکی ڕووت هەڵبسەنگاندایە  بە ڕوونی ئەوەی دەبینی، کە لە کۆتایی شیعرەکەدا ئاماژەی وا بەدی دەکرێت کە شاعیرەکە گەیشتوە بە خۆشەویستەکەی و تەنانەت بەشی دوورکەوتنەوەش بۆنی ئەوی لە یادەوەری خۆیدا زیندان کردوە تا ئەو ڕادەیەی کە ئەگەر بە خەیاڵیش کەی بیەوێت بەو بۆنەوە خۆی و ئەویش دەگەیەنێتە فڕین (فڕین لەم وێنەیەدا دەکرێت گەیشتن بێت بە تڕۆپکی هەستی ئاوێتەبوونێکی دوراودور کە ئەوەندە بڕبکات تا دەگاتە (ئەو)ی دوور و پێکەوە بفڕن!

لە شیعردا هەم مردن و هەم فڕینیش دەکرێت ئاماژەی سێکسی بن (مردن بۆ سێکس و فڕین بۆ گەیشتن بە ترۆپکی  چێژ). 

دەی ئیتر ئەوە کاک سامیە و ئێمەی هاوڕێی وەک فریشتەیەک سەیری دەکەین و ئەویش بە بێدەنگی لەناو سەوزایی و کتێبدا پشکۆکانی خۆی بە تەنیا خۆی دەسووتێنێت و ئێمە تەنها ڕوناکی و گەرماییەکەیمان بەردەکەوێت.


ئەم بابەتە 184 جار خوێندراوەتەوە