Paykar.jpg

پەیکەرێک بۆ شێخ مارف بەرزنجى دروست دەکرێت

لە نوێترین کارى هونەریدا هونەرمەند (ئاسۆ کانەبى) پەیکەرێک بۆ شاعیر و چیرۆکنوس و نوسەرى کورد شێخ مارف بەرزنجى دروست دەکات.

هونەرمەندى پەیکەرساز (ئاسۆ کانەبى)، لە ئێستادا خەریکى درووستکردنى پەیکەرى شاعیر و چبیرۆکنوس و نوسەرى کورد (شێخ مارف بەرزنجى)یە، کە پەیکەرەکە بە بەرزى (4) چوار مەتر درووست دەکرێت و وا بڕیارە لە شارى کەرکوک دابنرێت.

ئەو پەیکەرە لە زنجیرە کارێکى هونەرییە، کە (د. تەها رەسوڵ)، لەسەر ئەرکى خۆى ژمارەیەک پەیکەر بۆ ئەدیب و هونەرمەند و نوسەرانى کورد لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان دروستیدەکات.

شێخ مارف بەرزنجى لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: مارف عەبدولکەریم حوسێن.

- پیشەى ئەدەبى: شاعیر و چیرۆکنووس و نوسەر.

- لە مانگی (2)ى 1921 لە ناوچەی قادر کەرەم لە دایکبووە.

- خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی چوارەم لە قادر کەرەم تەواو کردووە.

- خوێندنى پۆلی پێنجەم و شەشەمی سەرەتایى قۆناغی ناوەندیی لەشاری کەرکووک تەواو کردووە.

- لە ساڵى 1937 یەکەمین ھۆنراوەی نەتەوەیی نووسیوە. بەڵام لە ساڵى 1942 لە ڕۆژنامەی دەستنووسی (باسەرە) بڵاوکردۆتەوە.

- لە ساڵی 1940 چووەتە بەر خوێندنى ئامادەیی.

- لە ساڵى 1943 دواى تەواوکردنى خوێندنى ئامادەیى بووەتە فەرمانبەر و دوای ساڵێک واز لە کارەکەى دەهێنێت.

- لە ساڵی 1944 لە کۆلیژی ماف لە بەغداد وەردەگیرێت.

- لە ساڵى 1947 وەکو سەرەتایەک یەکەمین چیرۆکى نووسیوە، بەڵام ھەوڵدانی بۆ نووسینی چیرۆک لەسەر شێوەو تەکنیکی نوێ لە ساڵی 1955 بووە.

- لە ساڵی 1948 خوێندنى زانکۆ تەواو دەکات و دەبێتە پارێزەر.

- لە ساڵى 1948 و 1949 کارى پارێزەری لە شارى کەرکووک دەکات.

- لە ساڵى 1950 دوای ئەوەى لەسەر ھەڵوێستی سیاسى رووبەڕووى مەترسى دەبێتەوە روودەکاتە شاخەکانی سەنگاو و قەرەداغ و شارباژێڕ و  ئاوارە دەبێت و نزیکەی چوار مانگ لای شێخ مەحموودی نەمر لە داری کەلی و مانگێکیش لە سیتەک لای شێخ لەتیفی حەفید دەبێ

- لە ساڵی 1939 لەگەڵ دامەزراندنی پارتی ھیوا دەبێتە ئەندامێکی چالاکی ئەو پارتە.

- لە ساڵی 1940 دەبێتە باوەڕ پێکراوی خوێندکارانى لە شاری کەرکووک.

- لە ساڵى 1954 لە ھەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق، یەکێک بووە لە پاڵێوراوانی بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو، دەنگێکی یەکجار زۆر لە سلێمانی بەدەستهێناوە، بەڵام ڕژێم رێگەى نەدواوە ببێتە نوێنەری گەلەکەى لە پەرلەماندا.

- لە ساڵى 1954 تاکو ساڵى 1955بووەتە پارێزەری جوتیارەکانی کوردستان لە دژی خاوەن موڵکە دەسەڵاتدارەکان، بەمەش ناوناوى پارێزەری ھەژارانى پێدەبەخشرێت.

- لەدوای شۆڕشی 14ى تەممووزی 1958بووە بە سکرتێری ئاشتیخوازانی پارێزگای کەرکووک و بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئاشتخوازانی عێراق ھەڵبژێردراوە و لەسەر دواى هاووڵاتیانى شارى کەرکووک بە سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە دامەزراوە.

- لە رۆژى 14/7/1959 لەگەڵ دەستەیەک نیشتمانپەروەرانی کورد زیندانى دەکرێن و دەدرێن بە دادگای سەربازی و فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەکرێت.

- لەناو بەندیخانەوە وتار و ھۆنراوە و چیرۆکی ھونەریی و ڕەخنەو لێکۆڵینەوەی بەھێزی نووسیوە و لە گۆڤارە کوردییەکان بەنازناوی (پشکۆ) بڵاویکردۆتەوە.

- لە رۆژى 23/6/1963 فەرمانى لە سێدارەدانى لەگەڵ هاوڕێکانى جێبەجێدەکرێت و بەرەبەیانى ئەم رۆژە لە سێدارە دەدرێن.


ئەم بابەتە 87 جار خوێندراوەتەوە