Dalshad.jpg

بە بیانوی دەرچوونی یەکەم دەستەی خوێندکارانی بەشی فیلمساز

دڵشاد مستەفا

دانپیانانێکی درەنگ وەخت

دەبوو رۆژی ٢٢\٤ \٢٠٢٠ یەکەم وەجبەی دەرچوانی بەشی فیلمسازی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی وێنەی دەرچوون بگرن و ئاهەنگی شادی ئەو رۆژە بگێڕن و لەوێوە هەنگاوی داهاتویان دەستنیشان بکەن . بەڵام دۆخی ناهەمواری دنیا ئێمەی لەو شانازییەو ئەوانی لەو شادییە بێبەش کرد . ئەو بۆنەیە چەند رۆژێکە خستومیەتە سەرکەڵکەڵەی بیرکردنەوەیەکی قوڵ لەو چوار ساڵەی ڕابورد . ئەمە چیمان کرد و چۆن دەستمان پێکرد؟ چی باشمان کرد و چی خراپ ؟ چی ڕاستمان کرد و چی هەڵە ؟ هەڵبەتە زۆرینەی هەڵە و خراپیەکان لە ئەستۆی منە ، من ناخودای ئەو کەشتییە بووم ، گەر بگاتە کەناری ئارامی .

هاوڕێکانم، مامۆستا ئازیزەکانی ئەو بەشە چ ئەوانەی لەگەڵمان ماون چ ئەوانەشی لەبەر هەر هۆکارێک بێت بەجێیان هێشتوین ، بەشی خۆیان لەو شانازییە پێ دەبڕێت ، چونکە بەبێ شەونخونی و ماندوبوون و لەخۆبردویی ئەوان ئەم کەشتییە بەڕێ نەدەکەوت . ئێمە وەک ئەو دایک و باوکانە بووین کە یەکەم منداڵیان دێتە دنیا ، بە دوو رێگادا دەیبەن ، یەکەم هێند پەرۆش و خەمخۆر و فرەهەستیار مامەڵە دەکەن ، نەبا ئەو منداڵە توشی شتێک بێت و دواتر منداڵەکەیان بەرگەی یەکەم قەیران ناگرێت ، و هەندێکی تریش بەجۆرێکی تر دەیەوێت منداڵ خۆی زۆر شت تاقی بکاتەوە و خۆی لەهەڵە و راستییەکانی خۆیەوە فێر ببێت .

لە ڕاستیدا نازانم بڵێم ئێمە کامیمان کرد . ئەوەی بۆ من گرنگ بوو وەک ئەزموون لەهەڵەکانی خۆمە فێر دەبووم ، دەمزانی کامە ناگونجێ ئیتر ، کام بابەت ئیدی کەڵکی نییە ، کامە مامۆستا بڕستی ئەو بەردەوامیەی نییە ، کامە خوێندکار خەونی نییە، بەڵام رەنگە هەندێک جار وەک باوکێکی دڵرەق ڕەفتارم کردبێت کە دەیەوێت منداڵەکەی لەهەڵەکەی فێر بێت و هەندێک جاریش میهرەبانی ژەهری زۆر بڕیاری پێ نۆشیوم . ئیدی باشم کردوە یان خراپ نازانم و هەر ئەوەندەشم لە توانا بووە . گەر هەر هەڵەیەکم کردوە، ببورن ، گەر نەشمان توانیبێت وەک پێویست ئەوە بیین کە لەچاوەڕوانی ئێوەدا بوو ، ئەوە توانای ئێمەیە و ئەوەشمان لەبەردەست بووە ، بە هیوام ئەو نەوەیەی خەون بە ئایندەتانەوە دەبینین بتوانن رێگەیەکی دروستتر و باشتر بدۆزنەوە تا هەڵەکانی ئێمەش ڕاست بکەنەوە .


ئەم بابەتە 91 جار خوێندراوەتەوە