Hemn.jpg

من و گوڵی بەرباران

لە چەند رۆژى رابردوودا نوێترین کۆمەڵە چیرۆکێکی (هێمن بەرزنجی) بە ناونیشانى (من و گوڵی بەرباران) بڵاوکرایەوە، نوسەرى کتێبەکە لە بارەى نوێترین بەرهەمى نوسیویەتى:

"هیچ شتێک هێندەی کتێب دڵخۆشم ناکات، هێندەی کتێب چێژم ناداتێ و دونیام لاشیرینتر ناکات. من لەژیانمدا هەرگیز بستێک زەویم نەبووە، ئۆتۆمبێلم نەبووە، لەسەر نیشتیمانی خۆم بەکرێ ژیاوم.بەکرێ چوومەتە گەشت و سەرکار، بەڵام هەمیشە کتێب و کتێبخانەم هەبووە، هەمیشە خاوەنی سەرمایەیەکی هیجگار گەورەی مەعریفە بووم.

ئەوە کۆی دڵخۆشی منە. هیچی تر.

دانبەوەدا دەنێم.. هیچ کات هێندە لەچاوەڕوانی کتێبەکانمدا نەبووم لەکاتی چاپدا، بەڵام بۆ کتێبی (من و گوڵی بەرباران) هێجگار بەپەرۆشبووم.

ئەو لەوێ لەکەرنتیندا بوو، من لێرە دژی ئەوڤایرۆسە شەوڕۆژم، خستە سەریەک بەخاتری مرۆڤایەتی و ئازادی".

دوابەدواى بڵاوبونەوەى بەرهەمەکەشى هەرزوو خوێنەران و هاوڕێیانى نوسەر لەسەر کتێبەکە دوان و لە واڵەکانى خۆیان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى باسیان لە (من و گوڵی بەرباران) کرد، ڕۆزا حەمە ساڵح لە بارەى ئەم کتێبەوە نوسیویەتى:

منیش کتێبی من و گوڵی بەر بارانم خوێندەوە.

کتێبێک پڕ لە جوانی، ڕۆح زیندو دەکاتەوە، ھەموو جوانێکانی ژن بوونت پێشان ئەدات وەک ئەوەی پێت بڵێت تۆی ژن لە گوڵ ناسکتری، لە گوڵ پاکتری، لە گوڵ بۆنخۆشتری، لە گوڵ جوانتری، لە گوڵ ئارامتری....

ژن لای نوسەر ھیوایە، سومبلە، دڵبەرە، دایکە، دەست ڕەنگینە، نیشتیمانە، میھرەبانە، عەشقە، سمفۆنیایە، مۆسیقایە کاتێک لە گەڵ کۆپلە شیعری شاعیراندا دەیژەنێت ئای چ جوانە ئەو ئاواز و نەغمەی کە پێمانی دەبخشێت!

لە کتێبی "من و گوڵی بەر باران"

چەند وتە و دێڕێک لەناو تێستەکانی سەرنجی ڕاکێشام، پێم جوان بوو لێرەوە بینووسم:

١/ دایکم دەیگوت: خودا ئەوەندە لە پشتی ژن ڕاوەستاوە، کاتێک بە زویری بە جێی دەیڵیت، ئەو ڕۆژە ھیچ بەرەکەتی خودا ڕووی تێناکات، بۆی ھەیە ئەو ڕۆژە ھەتا بینەقاقای لە زەرەردا بێت، لێ کاتێ ژنەکەی بە خەندەوە بە جێ دێڵێت، بۆی هەیە بلیتیی یانسیی خۆشبەختی بۆ دەر بچێت.

٢/ خودایە ژنەکان بۆ لە ڕێکخستنەوەدا ئەوەندە دەستڕەنگینن؟

٣/  جارێکیان بیرم لەوە کردووە، ژنان ھەر تاوانێک بکەن، نابێت لە زیندانی ماڵەوە بیانگوازینەوە بۆ زیندانی تر، چونکە ژن ھێندەی بەسە کە زیندانی کلتور و شتی ترە.

٤/  ئێستا تێ دەگەم بۆ زۆرێک لە درەختەکان وشک بوون! چونکە مرۆڤەکان، عاشقەکان، بە بارانی خۆشەویستی چاویان ئاویان نەداون.

٥/ لەگەڵ ژن بە، بە ڕۆیشتن و دانیشتن لە گەڵ ژنەکاندا، دوو جار جوانی، دووجار میھرەبانی، دوو جار دڵخۆشیت.

٦/ دەشێ ژنەکان بۆ ماوەیەکی کەمخایەن ڕقهەڵگربن، بەڵام ناتوانن درێژەی پێ بدەن.

٧/ خودایە چەند جوان و منداڵانە دڵی ژنەکانت دروست کردووە، خەم زوو لە بیر دەکەن.

٨/  بەس ئەوە بزانە، خودا ژنی خەلق نەکردایە، ئەم ژیانە چگە لە زبڵخانەیەک ھیچی تر نەدەبوو.

٩/  ھەموو کەس ترسێک لە ژیانیدا هەیە. هەندێک جار وەک تارماییەک هەستی پێدەکات، هەندێک جاریش وەک سێبەرێک لەم لاولای خۆیەوە دەیبینێت.

١٠/  ئەوەی بتوانێت دڵی ژنێک بشکێنێت، چاوەرێی ھەموو پەیمانشکاندنێکی لێ بکە.

 

لە بەشێکى کتێبەکەدا هاتووە:

"بەڵێ‌ من لەم شارە قەرەباڵغ و جەنجاڵەدا، گوڵی بەر بارانم خۆش دەوێت، ئەو کەسانەشم خۆش دەوێت، کە لە شارە گەورەکاندا بەتەنیا یەک کەسیان خۆش دەوێت. بە چەکوشی خۆشەویستی مۆڕاڵی بەستەڵەکی کەلتوور و ئایین و یاساکان تێک دەشکێنن. یاسایەک بۆ خۆشەویستیی خۆیان دەهێننە بوون. خۆشەویستی واتە زانین، واتە عەقڵ، واتە ئاگایی و دڵێکی ئازاد، با جیهانیش تێت نەگەن، خۆت تێدەگەیت چی دەکەیت. با هەشت میلیار کەس دەنگت نەبیستن، خۆت دەنگی خۆت دەبیستیت.

خۆشەویستی بەختەوەری دەهێنێتە ئاراوە، بە مەرجێک هەموو یاسا باوەکان تەمێ‌ بکات.

ئەوانەی بۆ خۆشەویستی چاویان لە مرۆڤەکانی تر داگرت ئازا بوون.

ئەوانەی نامەی خۆشەویستییان دا بە کەسانی تر جەسوور بوون، ئەوانەی لەسەر ڕێگا کەسانی تریان ڕاگرت و خۆشەویستییان بۆ بەیان کرد، ڕقیان کوشت.

خۆشەویستی ڕۆح دەهەژێنێت، ناهێڵێت جەستە پێش ڕۆح بڕزێت. ناهێڵێت مرۆڤ پێکەنینی سەهۆڵ ئاسا بێت، خۆشەویستی سنووری کات تێک دەشکێنێت، شەو دەخاتە ناو ڕۆژەوە، ڕۆژ بەناو قووڵایی شەودا دەبات، بەڵی من گوڵی بەر بارانم خۆش دەوێت".

 

 هێمن بەرزنجی لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: هێمن عوسمان حەمە رەشید.

- لە ساڵی 1980 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە.

- لە ساڵی 2005 یەکەم بەرهەمی شیعری بەناوی رازەکانی غوربەت بڵاکردۆتەوە.

- خەڵاتی یەکەمی کورتە چیرۆک لاوی ساڵى لەسەرئاستی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.

- لە فێستیڤاڵی گوڵە عەمبەر خەڵاتی سێهەمی شیعرى بەدەستهێناوە.

- لەفێستیڤاڵی شارەزور خەڵاتی سێهەمی چیرۆکى بەدەستهێناوە.

- لە فێستیڤاڵی کەڤاڵ خەڵاتی سێهەمی چیرۆکى بەدەستهێناوە.

- لە فَیستیڤاڵی داستانی سنە خەڵاتی دووەمی چیرۆکى بەدەستهێناوە.

- لە فێستیڤاڵی تانجەرۆ خەڵاتی یەکەمی شیعرى بەدەستهێناوە.

لە بەرهەمە چاپکراوەکانى:

- رازەکانی غوربەت، شیعر.

- خۆشەویستی، شیعر.

- ئەلبومێک لە خەیاڵ، شیعر.

- تۆ ببە بە دراوسێم ماریانا، شیعر.

- کوڕی مەریەمێکی تر، چێرۆک.

- پەنای بەربا، چیرۆک.

- جەستە فرۆشێکی دڵشکاو، چیرۆک.

- هاوسەری دووەمی کوژراوەکە، کورتە چیرۆک.

- ژنی ژێر گڵۆپە سورەکە، چیرۆک.

- ورچە هەنگوین خۆرەکە، چێرۆکی منداڵان.

- باخۆشەویستیم بۆ كۆڵانەكەتان دەبا، 2019.

- تۆخۆشەویستیت داهێنا، 2019.


ئەم بابەتە 137 جار خوێندراوەتەوە