95853633_303055694015794_7177055737921667072_n.jpg

موکری و ڕامانێکی خێرا بە نێو نووسراوەکانیدا

بەرزان مەحمود

وەک دەگوترێ (( موکری یەکێکە لە نوێکەرەوەکانی چیرۆکی کوردی لە ساڵانی حەفتاکاندا . ئەم چیرۆکنووسە جگە لەوەی کە بە شیعر دەستی پێکردووە ، دواتر وازی لە شیعر نووسین هێنا . تا ساڵی ١٩٨٠ نۆڤلێتی ( سەگوەڕ )ی نووسی ، هەر ئەم نۆڤلێتە بوو موکری کردە دەنگێکی ناسراو و دیار لە چیرۆکی کوردیدا )) .
ژانری ئەدەبی ، بەتایبەت ڕۆمان و چیرۆک ، تا ساڵانی حەفتاکان ، چیرۆکگێرەوە تەنیا یەک ڕەهەندو یەک ئاسۆ بووە ، چیرۆکبێژی هەموو شتزانێک بووە و ڕاستەوخۆ چیرۆک دەگێڕاوە بە تەکنیکێکی سادە و ڕوون . زمانی چیرۆکی پێش حەفتاکان چڕو پڕ نەبووە ، ڕەمزییەک لەگۆڕێدا نەبووە ، یان دەگمەن سەری هەڵداوە . بەڵام چیرۆکی کوردی دوای ساڵانی حەفتاو هەشتاکاندا ڕەوتێکی دیکەی پێوە دیارە کە ئەویش مەنەلۆگ و شەپۆلی هۆش و ڕەمزییەت و فرە دەلالەتبووە . نوێخوازبوون ، چیرۆکی پێش خۆیان لە حەقایەت و گێڕانەوەی چیرۆکی بەر ئاگردان گۆڕی و تەکنیک و فۆرمی نوێیان داهێنا . ( بەکارهێنانی چیرۆک لەناو چیرۆکدا ، شەپۆلی هۆش و تەکنیکی نوێ ) کاریگەری نووسەرانی وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژاوا بە ڕوونی پێوە دیارە .

موکری نۆڤلێتی ( سەگوەر ) ی لە شاخ نووسی ، ئەوکات چاپخانەی کۆمەڵە لەساڵی ١٩٨٢ دا بۆیان چاپکرد و دوای بڵاوبوونەوەی ئەوانەی کە نەیاریبوون ، ئەو نۆڤلێتەیان دایە بەر ڕەخنەو گاڵتە پێکردنی ، چونکە موکری پێشمەرگە چەندین شتی دەبینی و پێی هەرس نەدەکرا تا دواتر ئەو نهێنییەی کە لەناو شاخبوو ، گواستییەوە نێو شار و تۆماریکرد ... موکری تا ئەو حەددەی مەترسی کوشتنی کەوتە خەتەرەوە . دواتر مام جەلال پێشەکی بۆ کتێبەکەی نووسی و ئیدی دەستیان لە کوشتن و گاڵتەپێکردنی موکریان هەڵگرت و خەڵاتی ( داهێنان )یشی پێ بەخشرا .

جگە لەو فەزا و کاتەی کە نووسەر تێیدا سەگوەڕی نووسی ، باس لە شێوەی نووسین و چنین و بەراوردکردنی بە دەقی ئێستەو کەشفکردنی لایەنی شاراوە و تەکنیکی بکەین ، ئەوا لەکاتی خوێندنەوەی سەگوەڕدا هەست دەکەین کە بەر دەقێک کەوتووین ، جگە لەوەڕسی و سادەیی تەکنیکدا ، هیچی دیکە نییە . لە پشت باکگراوندی ئەو نووسینەدا فەزایەکی فەلسەفی وجودی و پووچگەرایی بوونی هەیە بەمانا ( سارتەر )یەکەی .
لە ڕۆمانی ( تۆڵە )شدا فەزاو کەشوهەوای فەلسەفی پووچگەرایی پێوە دیارە . بەتایبەت کاریگەریی ئەلبێر کامۆ .
نووسەر ڕاستەوخۆ ئەو پرسیارە دەکات و دەڵێ : ئایا ژیان ئەوە دەهێنێ کە تێیدا بژین ؟ درێژەدان بە ژیانکردن لەسەر چ بنەمایەک ؟ بۆ مرۆڤ مەحکومە بەژیانکردن ؟ لەکاتێکدا بە چەندین ساڵ بەر لە بنووسی کورد ئەو پرسیارانە کراوە .

لە شانۆیی هارونە ڕەشیددا ، جگە لەو چەند دێڕەی کە نووسەر سەبارەت بە شانۆیێەکەی دەیڵێ : دەق وەکوو خۆی ئەو شانۆییەم نەنووسیوە و خەیاڵ و تەکنیکی جودان و هەندێ لە ڕووداوەکان زادەی نووسەر خۆیین . بەڵام وەکتری لەکاتی خوێندنەوەی هارونە ڕەشیددا ، هەست دەکەین ئەو شانۆییە کەشوهەوای ڕۆمان زاڵە بەسەریدا و زۆربەی دایەلۆگەکان قسەی درێژن و لە فەزای نووسینی ڕۆمان نزیکترە ، وەک لە شانۆنامە .

دەتوانین بڵێین پڕ کەموکوڕترین ئیشی موکری لە ڕۆمانی ( هەرەس )دایە ، جگە لەناوی هەرەس کە موکری یەکەمجار ئەو ناوەی بەکار هێنا لەبری وشەی ( ئاشبەتاڵ )کە پێشتر ئەو وشەیان بەکار دەهێنرا . داهێنانی موکری لە نێو ناوەڕۆکی ڕۆمانەکانیدا نییە ، بەلكوو لەو وشەیەیە کە لەبری _ ئاشبەتال ، ( هەرەسی ) بەکار هێناو هەر ئەو ڕۆمانەیشی بوو ، هەرەسی بەخودی نووسینەکانی موکری هێنا .

 


ئەم بابەتە 96 جار خوێندراوەتەوە