919690.jpg

ئاگردزەکان | دیدارێک لەگەڵ ئەنتونیو تابوکی

لە عەرەبییەوە: رەووف بێگەرد

بەشی یەکەم
ئەم دیمانەیە لەگەڵ نووسەری دیاری ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ تابوکی، یەکێکە لەو کۆمەڵە دیمانە گرنگانەی کە "جومانە حەداد" لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و ڕووناکبیری دیاردا کردوویەتی و لە کتێبەکەیدا بە ناوی "ئاگردزەکان" بڵاوی کردۆتەوە.

سۆزی ڕابووردوو لە ناوەوەی مندایە. ئەو هەڵبژاردانەم خۆش دەوێت کە یادەوەریەکان پێم دەبەخشن. ئەو ئازادیەیشم خۆش دەوێت کە دەرفەتی ئەوەمان دەداتێ دووبارە ژیان درووست بکەینەوە و بیگۆڕن

من دزێکی ڕەسەنم
ئەنتونیو تابوکی بڕوای بە ڕێکەوتە، پێکەوە لە نووسین و ژیاندا. چیرۆکی ئەم دیدارەیش ڕێکەوتێکی چرکەساتیە کە ڕەنگە بڕواپێکردنی زەحمەت بێت. بەڵام بەشێکە لە کتێبێکی ئەو کە هێشتا نەنووسراوە، ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان بینووسێت.
ئەم گەورە نووسەرەی ئیتالیا لەسەر بیرۆکەی چاوپێکەوتنەکە نازونووکی نەکرد. لەگەڵ یەکەم پەیوەندیمدا، بە فاکسێک ڕەزامەندیی خۆی لەسەر پڕۆژەکە پیشاندا. جگە لەوەی بە پێ زانینەوە باسی ئەو بایەخدانەی کرد کە ئێمە بە کارەکانی دەدەین. ئەو کاتە، وەک هەموو ساڵەکانی تری، پشووی هاوینەی ساڵی ڕابووردووی لە نیشتمانی دوەمی، واتا پورتوگال بەسەردەبرد. دەیویست دوای کۆتایی هاتنی پشوەکە لە مانگی ئەیلوولدا، دوو مانگ لە زانکۆی سیینای ئیتالیا وانە بڵێتەوە. پێش ئەوەی لە سەرەتای مانگی تشرینی دوەمدا سەفەری ئەمریکا بکات بۆ ئەوەی لە یەکێک لە زانکۆکانیدا بۆ وەرزێک وانەبێژی بکات. لەبەر هەندێک هۆکار کە ڕێگربوون لەبەردەم سەفەری هاوینی پورتوگال و پاییزی ئیتالیا و زستانی ئەمریکادا، لەسەر ئەوە ڕێکەوتین بەهاری ئەو ساڵە لە پاریس یەکتر ببینین و گفتوگۆکە سازبکەین. ئەو سووربوو لەسەر ئەوە کە دوای گەڕانەوەی لە وڵاتە یەک گرتوەکان ماوەیەک لە پاریس بەسەربەرێت. ژمارەی تەلەفونەکانی لە لیشبۆنە و سیینا و پاریسی خۆی دامێ. لەسەر ئەوە ڕێکەوتین من لە سەرەتای ساڵی تازەدا پەیوەندیی بە خانمە وەکیلەکەیەوە بکەم بۆ هەر گۆڕانێک ڕەنگە بەسەر خشتەی بەرنامەکانی ساڵی ٢٠٠٥ بێت.
لە هەشتی تشرینی دووی ٢٠٠٤، دەوری سەعات هەشت و نیوی ئێوارە، ئەنتونی تابۆکی دەرگای ئاپارتمانەکەی پاریسی لە ناوچەی سان جیرمان کردەوە و چوە ژوورەوە. شەکەت و هەناسەی سواربوو. چونکە ناچاربوو بە پێ بە نەردەوانەکاندا سەربکەوێت. ئاپارتمانەکەی لە قاتی سێ بوو. ویستی جانتا بچووکەکەی دابنێت بۆ ئەوەی پەنجە بە دوگمەی کارەباکەدا بنێت. لەپڕێکدا، لەناو بێدەنگی و تاریکیی شوێنەکەدا، زەنگی تەلەفوونەکەی لێیدا. تابوکی سەری سووڕما. چونکە هیچ هاوڕێیەکی پاریسی خۆی لە هاتنەکەی ئاگادار نەکردبوو. تازەیش ژنەکەی بە مۆبایل قسەی لەگەڵ کردبوو. ئەی کەواتە کێیە پەیوەندیی پێوەدەکات؟
لە هەشتی مانگی تشرینی دووی ساڵی ٢٠٠٤، دەوروبەری سەعات هەشت و نیوی ئێوارە، لە شەقامە ئاپوورەکانی پاریس، لەناو تاکسیەکدا بووم و لە کارێکی خۆم دەگەڕامەوە. بەردەوام پەیوەندییم بە یەکەیەکەی هاوڕێکانمەوە دەکرد و هەواڵی گەیشتنی پاریسی خۆمم پێ دەگەیاندن. نازانم چۆن لەو چرکەساتەدا ئەنتونیو تابوکیم بیرکەوتەوە. دەبێت پەیوەندیی بە ماڵەکەیەوە بکەم؟ بیرم کەوتەوە ئەو لە ئەمریکایە و پەیوەندیی پێ کردنی لە پاریسدا مەحاڵە. ماوەیەک دوودڵ بووم. پاشان بە خۆم وت: چیم لە کیس دەچێت؟ با تەلەفوونەکەم بکەم!
زەنگی یەکەم و دوەم و سێیەم... گاڵتەم بە خۆم هات و نائومێدیی دڵی گوشیم. چاوەڕێی چی بووم؟ بێگومان تابوکی ئێستا لە وڵاتی ئاپۆ سامدایە، لەبەردەم قوتابیە ئەمریکیە زرنگ و چالاکەکاندا، خەریکی وانە وتنەوەیە. زەنگی چوارەم لێ دەدات و من لەوەدام دای بخەم. کەچی دەنگی پیاوێکی هەناسە سوارم دێتە بەرگوێ.
- هالو؟
- هالو؟ تکایە ماڵی مامۆستا تابوکیە؟
- بەڵێ، من ئەنتونیو تابوکیم، کێ قسە دەکات؟
- بەڕێز تابوکی! ئای لەم ڕێکەوتە! من جومانە حەدادم، ڕۆژنامەنووسە لوبنانیەکە. لە مانگی ئازاردا بڕیاری دیدارێکماندا، لەبیرتە؟
- ئا... سڵاو... سڵاو... هەر ئێستا گەیشتوومەتە پاریس و وا هاتوومەتە ناو ئاپارتمانەکەم. چۆن زانیت لێرەم؟
- نەم زانیوە لە پاریسیت، وام دەزانی لە ئەمریکایت و لە خۆمەوە تەلەفونم بۆ کردیت، ئەی چۆنە لە ئەمریکا نیت؟
- چیرۆکێکی دوور و درێژە، چ ڕێکەوتێکی سەیرە! کە هاتیت پێت دەڵێم. تا دوو ڕۆژی تر لێرەم، دەتوانیت سبەینێ بێیت؟
بەڕاستیی ڕێکەوتەکە سەیربوو. پێش چەند ڕۆژێک لە دیدارە بێ بەرنامەکەمان، ئەنتونیو تابوکی لە فڕۆکەخانەیەکی ئیتالیا دانیشتوە و ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە، چاوەڕێی فڕۆکەکەیەتی کە بڕیارە بیبات بۆ ئەمریکا. لەپڕا لە نزیکی خۆی دەڕوانێت و جانتا دەستیەکەی نابینێت: گوزەرنامەکەی، کارتی سەفەر، دەفتەری چەکەکەی، پارەی، دەقی ئەو وتارانەی لە ئەمریکا دەیانبێژێت، لیستی ژمارە و ناونیشانە گرنگەکان، بەتایبەتییش کلیلی ماڵەکانی سیینا و لیشبونە و پاریسی، هەمووی دزراون. تابوکی کە بڕوای بە ئاماژەگەلێک هەیە ژیان بۆی دەنێرێت، هەستی کرد ئەو کاتە سەفەری ئەمریکای بۆ ناکرێت، بۆیە بەتەواوی دەستی لە ڕۆیشتن شت و گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی ئیتالیای. یەکەمین کاری ئەوەبوو کلیلی ماڵەکەی سیینای گۆڕی، داوای لە خزمێکی لیشبۆنەی خۆی کرد هەمان شت بۆ ماڵەکەی پورتوگالی بکات. لێ ترسیی دزینی ماڵە زۆر ئازیزەکەی پاریسی هەر لە دڵدا بوو. بۆیە بۆ گۆڕینی کلیلەکە خێرا بڕیاری سەفەرێکی دوو ڕۆژەی بۆ پاریس دا. ئەو دوو ڕۆژە ڕێکەوتی سەفەرەکەی منی دەکرد بۆ پاریس بۆ سازدانی دیدارێک لەگەڵ پیتەر هانکە و چەند نووسەرێکی تر. هەروەها چرکەساتی پەیوەندیی کردنەکەم ڕێکەوتی لەگەڵ گەیشتنی ئەو ڕۆماننووسە ئیتالیەدا بوو بۆ ماڵەکەی. ئیدی ڕێکەوت یاریەکانی خۆی کرد و یەکان گیربوون.
لەڕاستیا بەدرێژایی ئەو ساڵانە، ژیانی تابوکی خاڵی نەبوە لە ئاماژە و ڕیکەوت. یەکەمین ئاماژە خەڵاتی گەشەکردن و پێگەیشتنی بوو لەنێو جوانیی سروشتی توسکانیادا. چونکە خاوەنی ڕۆمانی "یریدا وادەزانێت" و "بەدحاڵی بوونێکی بچووک و بێ بایەخ" و "خەونی خەونەکان" و "فریشتە ڕەشەکان" لە ٢٤ ئەیلولی ساڵی ١٩٤٣، لە شاری بیزا لەدایک بوو. ئەمە لەکاتێکدایە شارەکە لەژێر تۆپ بارانی هاوپەیماناندا بوو. ئاماژەی دوەم، لەوانەیە ئەمیان لەوەی پێشوو بەهێز و کاریگەرتر بێت، دیدارە ڕاز ئامێز و بروسکە ئاساکەی بێت لەگەڵ فرناندو بیسوا کە بەتەواویی ڕەوتی ژیانی ئەمی گۆڕی. ئاماژەی سێیەم ئەوکاتەبوو کە نووسەری گەورەی ئیتالی (ئیتالوکالیڤنو) بەڕێکەوت هەندێک لە بەرهەمەکانی ئەوی بینی و سەرسام بوو پێیان و بۆی بڵاوکردنەوە. بەوجۆرە ژیانی تابوکی لە نیگایەکی ڕێکەوتەوە بۆ یەکێکی دی بەردەوامبوو. تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤ بڵێت ئەمە ژیانێکی خوازەیە و لە تەونی خەیاڵەوە نزیکترە تا تاشەبەردی واقیع، ئەی ئەوە خۆی نیە کە دەڵێت: ئەگەر مرۆڤ لە ئاماژە و ڕەمزەکانی ژیان تێ بگات، ئەوسا دەزانێت ژیان لە خەیاڵدان خەیاڵاوی و سەیرترە.
لە ئێستادا ئەنتونیو تابوکی لە دەنگە هەرە دیارەکانی ئەدەبیی ئەم سەردەمەی ئیتالیایە. لە دەنگە گرنگەکانی ئەوروپاییشە. ڕۆمان و چیرۆک و شانۆگەری و سیناریۆ و وتاری نووسیوە. بەرهەمە ئەدەبیە گەورەکانی پورتوگالیش وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئیتالی. یەکەمین کاری بە وەرگێڕانی تەواوی بەرهەمی شیعریی فرناندو پیسوا دەست پێ کرد. خاوەنی ئەم هەستە ئاوارتەیە، بەم کارەی تەنیا ناوبانگی پیسوای لە ئیتالیادا نەچەسپاند، بەڵکوو بە هەموو دنیایشی ناساند.
تاڕادەیەک تابوکی درەنگ دەستی بە نووسین کردوە. تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کە یەکەمین ڕۆمانی "گۆڕەپانی ئیتالیا"ی نووسی. لێ ئەوەی بەتەواویی ناوبانگی پێ پەیداکرد، ڕۆمانی "شەوێکی هیندی" بوو کە ساڵی ١٩٨٤ بڵاوبوەوە. پاشان ئالان کورنو فیلمێکی لێ بەرهەم هێنا. لەبارەی ڕۆڵی نووسەر لە ژیانی گشتیدا، تابوکی بەرانبەر بە ئەمبرتو ئیکو وەستا. چونکە بەلای ئیکۆوە بەرپرسیاریەتەکە تەنیا لە مەسەلەی ڕێک خستنی مەعریفەدا کۆدەبێتەوە. بەڵام تابوکی وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە لە نووسەر دەڕوانێت کە پێویستە هەڵوێستی بەرانبەر هەموو ئەو شتانە هەبێت کە لە دەوروبەریدا ڕوودەدەن. تابوکی هەمیشە دژ بە دەسەڵات بوە. لە هەردوو ڕۆژنامەی "کویپری دیلاسیر"ی ئیتالی و "باییس"ی ئیسپانیدا بە بەردەوامیی هەڵوێستە سەختەکانی خۆی دەربڕیوە. وەک ڕۆمان نووسییش، بەتایبەتیی لەگەڵ کەسە چەوساوەکاندایە کە بەردەوام پڕن لە دژوازی و گومان و پەراوێزخران. بێ ئەژمار خەڵاتیی ئەدەبیی پێ بەخشراوە. نەک تەنیا لە ئیتالیا، بەڵکوو لە فەرەنسا و پورتوگال و یونان و ئەڵمانیا و ئیسپانیا و نەمسایشدا. بەرهەمەکانی وەرگێڕاونەتە سەر سی زمان زیاتر.
لە زەنگی دەرگاکە دەدەم و تابوکی لێم دەکاتەوە. ماڵێکی گەورەی بی دەبدەبە. هەر لە بەراییەوە مرۆڤێکی گەرم و ڕووخۆش. ڕەنگە ئەو دیدارە دەگمەنە، لەو شارە، لەو کاتەیشدا کە هەمووی ڕێکەوت دروستی کردبوو، هەر زوو بەستەڵەکی خۆپارێزیەکەی شکاندبێت.
کە دانیشتین و دەستمان بە یەکدی ناسین کرد، وێنەی کچەزایەکی جوان و چکۆڵەی خۆی پیشاندام. ئینجا پێش دەستی کرد و وتی: "ئەم ڕێکەوتەی ئەمڕۆ من و تۆی پێک گەیاند ئاماژەیەکی ترە لە ژیانەوە، بۆیە زۆر گەش بینم بەم دیدارە" منییش ئەوەم دووبارە کردەوە و دەستمان بە قسان کرد.
* * *

*با لەدوا ڕۆمانتەوە دەست پێ بکەین کە لەکاتی دەرچوونیەوە تا ئێستا و لە هەموو ئەوروپادا سەرکەوتنێکی نایابی بەدەست هێناوە. هەندێک ڕەخنەگر وای باس دەکەن تا هەنووکە چاکترین کاری تۆیە. چیرۆکی دروست بوونی "تریستیانو دەمرێت" چۆن ئەو کەسەی دەمرێت لای تۆ لەدایکبوو؟
- پێش لەدایک بوونی ڕۆمانەکە زۆرم لە ناو ڕۆحی خۆمدا هەڵگرتبوو. ماوەیەکی زۆر، پێش ئەوەی ڕووناکی ببینێت، لەسەر ڕەفەی کتێبخانە کەم و ناو دەفتەر و نەستی خۆمدا دامنابوو. تریستانو کەسایەتیەکە بەدرێژایی دوانزە ساڵ لە ناوەوەمدا ژیا. بەردەوام گوێم لە دەنگی دەبوو، جارێک لەگەڵیا دەدوام و تاوێک لێی دەتۆرام. پاشان کە بەتەواویی دەنگەکە پێ گەیشت دەستم بە نووسینی کرد. کەرەسە سەرەکیەکەم لە شێوەی تێبینیدا نووسیبوو. هەندێکیان نووسرابوون و ئەوی تریم لە نهێنیدا حەشاردابوو. کە دەستم بە نووسینی ڕۆمانەکە کرد بەشێکی زۆری ئەو یاداشت و تێبینیانەم دانا کە لام بوون. هەروەها بڕگەیەکی زۆری ئەوانەی لە یادەوەریمدا هەڵم گرتبوون و لەسەرخۆ چاوەڕێی نووسینەوە بوون. بۆیە لەم کارەدا بەشێوەیەکی تایبەتیی دەنگ ڕۆڵی گرنگ دەبینێت، چونکە وابەستەی کەسایەتیەکە دەیگێڕێتەوە. ئەگەر ئەم دەربڕینە ڕاست بێت. هەروەها نووسینەکە زارەکیە. تریستانو جەنگاوەرێکی بەرەنگاریە، وەک هەموو ئەو تێکۆشەرانەی دژی فاشیزم و نازیزم جەنگاون. ئەو قارەمانی شارەکەی خۆیەتی، لە سی ساڵ لەمەوبەرەوە ئیلهامی داوەتە نووسەرێک کە ڕۆمانێک دەربارەی ژیانی بنووسێت، بە هەموو ئەو کێشانەوە کە پەیوەندیان بە قارەمانەتیەوە هەیە، ئەو قارەمانە بەتەمەنە ئێستا لە گیانەڵادایە. نووسەر داوای لێ دەکات لە باری سەرنجی ئەوەوە باس لە ژیانی خۆی بکات. بۆ ئەوەی پێی بسەلمێنێت کە ژیان تەنیا زنجیرەیەک هەڵوێستی پاڵەوانانە نیە، بەڵکوو لە ژیان نامەی مرۆڤدا گەلێک شوێنی سێبەر هەیە. تریستانو بە دەنگی بەرز خۆی دەگێڕێتەوە. بۆیە پێکهاتەی ڕۆمانەکە بە پلەی یەکەم لەسەر لۆژێکی مەنەلۆگ دامەزراوە

 
* لەکاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا هەستم بە ڕۆمانێکی شانۆیی کرد.
- ڕاستە، ڕۆمانەکە لە قوڵایی گیانی شانۆوە سەرچاوەی گرتوە. چونکە دەنگ زیاتر پەیوەندی بە شانۆوە هەیە تا نووسین، نووسین بە سروشت کەڕ و لاڵە. کێشەکەم لەنێوان دوودژدا بوو. لەلایەکەوە ئارەزووی نووسینی بیوگرافی، لە هەمان کاتدا ئەوەیش بە خۆم و خەڵک بسەلمێنم کە نووسینەوەی ژیان مەحاڵە و ناتوانین بیگێڕینەوە. لە چاکترین حاڵدا دەتوانین ماناکەی وەربگرین. ئەم نووسینە بە شانۆ کراوە زۆرجار وەک وڕێنەیەک دێتە بەرچاو، چونکە لە یادەوەریەوەیە بە هەموو سێبەر و گومان و لادان و وەهمەکانیەوە.
* لە ڕۆمانەکانتا گەلێک جار یادەوەریی بوونی هەیە.
- ڕاستە، سۆزی ڕابووردوو لە ناوەوەی مندایە. ئەو هەڵبژاردانەم خۆش دەوێت کە یادەوەریەکان پێم دەبەخشن. ئەو ئازادیەیشم خۆش دەوێت کە دەرفەتی ئەوەمان دەداتێ دووبارە ژیان درووست بکەینەوە و بیگۆڕن. ئەو گۆڕانەی هەندێک جار تا سنووری ساختە هەستی پێ دەکرێت. یادەوەریەکانی مرۆڤ ڕێژەیی و دەست بژێرن. ڕەنگە تاقە قۆناغێک کە مرۆڤ تیایدا دەست بەرداری وەهم بێت، کاتی نزیک بوونەوەی بێت لە مردن. چرکەساتی مردن چرکەساتێکی زۆر ڕاست گۆیانەیە. ئەو چرکەساتەیە کە هەموو دەمامکەکان دەکەونە خوارەوە. کاتێکە هەموو هەست دەکەین کە ئیتر وادەی کۆچە و چ پێویستیەک بە ساختەکاریی نیە
کەسایەتی وەک دەنگ لەدایک دەبێ.


* ئایا لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لەدایک بوونەکەی تریستیانو بەدەم گیانەڵاوەیە؟
- بابڵێین نوختەی دەست پێ کردن یان ئیلهام، لە چرکەساتی ئەو مەرگەوە هاتوە، هەر لەوێوە ئەوانی تریم چنیوە. ئەوە کۆتایی - سەرەتایە. لەڕاستیدا تریستیانو ناوی نەبوو بۆیە ناوی خۆمم دایە. لێ ئەوەیشم زانی کە لەبەرئەوەی ناوەکەی خۆمم پێ داوە، بمەوێت یان نا، دەبێت بەشێک لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆمی بدەمێ. بۆیە وردەوردە بوو بە وێنەیەک لە خۆم، من ئەمەم نەدەویست، من تەنیا ئەوەندەم دەویست کە ببم بە بەشێک لەو، بۆیە بڕیارم دا ناوەکەی بگۆڕم، ناوی خوازراوی تریستیانو لیوباردیم دایە. بە دیاریی کراویش لە "گفتوگۆی نێوان تریستیانو و هاوڕییەکدا" کە لە "کارە ئاکاریەکاندا" هەیە. دەمویست کارەکتەرێکی پۆزەتیڤ بێت، بەو مانایەی لە لایەنە باشەکانی مێژوەوە هاتبێت. بەڵام ئەوییش پڕە لە پرسیارگەلێک دەربارەی مانای قارەمانیەتی و ئازایەتی و ناپاکی و ترسنۆکی، چونکە بێ ویستی خۆی بوە بە قارەمان و ژیانیشی خاڵی نیە لە ڕسوایی.


* بەو مانایەی کە تریستانو قارەمان و لە هەمان کاتا دژە قارەمانیش
- بەڵێ. هەقیقەتی تریستانو تەنیا لەسەر لایەنە پۆزەتیڤەکەی کورت نەکراوەتەوە. بەڵام، ئایا هەموومان وانین، تێکەڵەیەک نین لە ڕەش و سپی؟ تریستانو تەنیا لە گیانەڵادا نیە، بەڵکوو بەهۆی ئەو ئازارانەوە کە هەستی پێ دەکات لە هەموو لاپەڕەیەکدا دەمرێت. لەکاتی گێڕانەوەکەیشیدا هەقیقەتەکەی گەڵاڵە دەبێت، دەیدۆزیتەوە و بە دەنگی بەرز دەیڵێیت. ئەو تەنیا نێچیری ئازاری ویژدان نیە بەو ئەندازەیەی کە تینووی تێگەیشتنە. ئەو شەیدای گێرانەوەی ژیان نامەی خۆی نیە ئەوەندەی کە شەیدای تێگەیشتنی مانایە. بۆیە ئامادەگیی نووسەر لەبەردەمیدا شتێکی لاوەکیە. ئەوە دیالۆگێکی یەک لایەنەیە لەنێوان کەسایەتیەک و کەسایەتیەکدا، واتا لەنێوان خۆم و خۆمدا.

 

*ئایا ویستووتە بەهۆی ئەو مەنەلۆگە سەیرە دوودەنگیەوە، بەرجەستەی دوالیزمی دەنگی ناوەوەی خۆت بکەیت؟
- ڕێک وایە، لای من کەسایەتیەکە دەنگێکی ناوەوەیە. کەواتە ئیلهام چیە؟ ئەو دەنگەیە. کە ئەوییش بێگومان منم، چونکە من ڕاهاتووم بە بێدەنگیی و بە ڕستەی تەواو و ڕاستەقینە لەگەڵ خۆمدا بدوێم. مەسەلەکە لە سەرەتادا لە ئەڵقەیەکی کارەبایی داخراو دەچێت، پاشان وەرچەرخان و دابەش بوون دەست پێ دەکات. تەنانەت لەیەک ترازانیش لەنێوان خۆم و خۆمدا. ئیدی ئەو دەنگەی ناوەوەی خۆم، دەنگی کەسایەتیەکە، دەنگێکی تری تیا دروست دەبێت کە بە تەواوی دەنگی من نیە. وەک ئەوە وایە دەنگی من بێت و لە هەمان کاتدا دەنگی منیش نەبێت. ئەمەیش جۆرێکە لە شیزوفرینیایەکی بێ ئازار. پێویستە لەگەڵ ئەو دەنگەدا بکەومە سازان، مەودایەک لەنێوانماندا دروست بکەم بۆ ئەوەی دەرفەتی هەبێت دوور لە من خۆی پێ بگات، ئەوسا، کە ئەو جیاکاریە، یان ئەو بەراوردکاریە بەرجەستە بوو، ئەڵقەکە دەکرێتەوە و دەبێت بە شانۆ. ئینجا هێدی هێدی و لەسەر شانۆ، میوانداریی دەنگی تر دەکەم. لە هەموو جۆر و ڕەنگێک، ئیتر چیرۆکەکە دەست پێ دەکات. ئەمیان دەکەم بە کاپیتان، پاڵتاوێکی پێستە لەبەر ئەویان دەکەم، ژنێکیش بۆ سێیەم فەراهەم دێنم. ئیتر هەر بەو جۆرە: دەنگەکان دەچنە سەر لاپەڕە و ڕۆمانەکە دەست پێ دەکات

 

*بەڵام تۆ لەم دوتێویەدا هەم دەنگەکەیت و هەم ئەو لاپەڕەیەیش کە دەنگەکەی دەکەوێتە سەر. وەک بتەوێت لە "تریستانو دەمرێت"دا ڕۆمانێک لەسەر نووسەرەکەی بنووسیت.

 - ڕاستە، پێم خۆشبوو یاریی لەگەڵ ئەو دەنگەدا بکەم، ڕەنگە بەرانبەریشی لێ بگرم. لێی جیانەبوومەتەوە، وتم: بابزانین دواجار کێ سەردەکەوێت. ڕۆمانەکەم وەک شەڕێکی بەرانبەرینە نووسیوە. بەڵام دژ بە خۆم. من تریستانوم و ئەو نووسەرەیشم کە تریستانو ژیانی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە. بۆیە ڕەوتی ڕۆمانەکە لەسەر یەک هێڵ نەبوە. بەڵکوو گێژەڵووکە بوە. وەک ئەنجامییش دەنگەکە سەرکەوتوە چونکە بەهێزتر بووە.

* ئەم چاوپێکەوتنە ساڵی ٢٠٠٤ سازکراوە، تابوکی لە ٢٥ مارتی ٢٠١٢ لە شاری لیشبونەی پورتوگال کۆچی دوایی کرد. (وەرگێڕ)


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە