kteb.jpg

بەشی (46): هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

"ئابوری؛ سەرێكی زانستە و سەرێكی مافیایە!"

لەسەر ڤێتنام، سەنگاپورە، سیاسەتێكی نەرم‌و بەرنامەی درێژخایەنیان هەبووە. ئایدیۆلۆژیەتی كۆمۆنیستی، بەربەستی دروستكردنی پەیوەندیەكی باش نەبووە لەنێوانیان. لەمبارەوە، لەدرێژەی پەیوەندیەكانیاندا، بۆ پەرەپێدانی ئابوری ڤێتنام، دەنوسێ‌:

"ویستیان داوودەزگاكانیان بفرۆشنە كرێكاران، یان كەرتی تایبەتی؛ بۆم رونكردنەوە كە ئەم رێگایە یەكلاكەرەوە نابێ‌ بۆ: لێوەشاوەیی بەڕێوەبردن. هێڵی ئاسمانی سەنگاپورە سەد دەرسەد موڵكی دەوڵەتە، كەچی سەركەوتوەو بەتوانایە و سودبەخشیشە. چونكە كۆمپانیاكانی جیهان كێبەركێی لەگەڵدا دەكەن. ئێمە هیچ كۆمەكێكی حكومەتی ناكەین؛ ئەگەر سودی نەبێ‌ دایدەخەین. ئامۆژگاریم كردن كەرتە تایبەتیەكانیان لە رێگەی راكێشانی كۆمپانیاكانی بێگانەوە بەهێز بكەن، هەتا توانای ئیداری‌و سەرمایەی دەرەكی دەستبخەن".

دەشڵێ‌:
"لە ئۆكتۆبەری 1993 (دوموی) سەردانی سەنگاپورەی كردو تەلارو ژێرخانی سەنگاپورە ئابڵەقیان كردبوو، كاتێك سەردانی فرۆشگا-سوپەرماركێتەكانی كرد كە موڵكی كۆنگرەی نیشتمانی سەندیكای كرێكارانە، سەری سوڕما لەو هەموو كاڵا چەشناوچەشنەی بۆ كرێكاران دابین كراوە (كوت‌ومت هەروەكو سەرۆك وەزیرانی روسیا ریجكۆف 1990) كاتێك دوای مانگێك سەردانم كردن، زانیم كە رێنوێنی دەركردووە بۆ فەرمانبەرەكانی كە لە سەنگاپورە فێر بن. بەڵام، سەرەڕای چەندین رێكەوتن، كەچی بەرپرسەكانی خوارەوە نەیاندەهێشت جێبەجێ بكرێ‌".

دەشڵێ‌:
"لێی پرسیم چۆن وەبەرهێنان پەیتا پەیتا دێتە وڵات؟ پێشنیازم بۆ كرد ئەو نەریتەی لە پارتیزانیدا فێری بون، وازی لێ بێنن".(ل392-393)

ئەم پەرەگرافانە، لەلایەن سەرۆكێكەوە نوسراوە كە هەرگیز، تفەنگی نەكردۆتە شانی؛ بەرامبەر وڵاتێكیش‌و رووبەڕووی ئەو سەركردانەش دەیكات، كە تەمەنی خەباتیان‌و مێژوویان لە شەڕ و پارتیزانی بەرامبەر فەرەنسا، ئەمریكا، ژاپۆن‌و چین بردۆتە سەر. سەنگاپورە وڵاتێكی بچوك‌و ڤێتنامیش وڵاتێكی گەورەیە. كەچی، زەبری پێویستیە ئابوریەكان وای لە ڤێتنام كردووە، هانا بۆ سەنگاپورە بەرن‌و چەكەكانی سەرشانیان بخەنە دەبۆی زەمانەو ئاڵای ئاشتی لەگەڵ سەنگاپورەو سەرۆكە بەئەزمونەكەیان بەرزبكەنەوە.

ئابوری.. بنەمای ژیانەو لە ژیانیشدا، بنەمای كۆمەڵ‌و سیستەمی حوكمڕانی‌و هاوكێشە جیهانی‌و ناوخۆییەكانیشە. بەڵام ئابوری، چەكێكی دوو سەرەیە..

سەرێكی، پرۆژەی زانستی‌و بەرنامەی پەرەسەندنی تواناكان‌و پەروەردەكردنی ئەقڵەكانە..

سەرێكی تریشی، چاوچنۆكی‌و گەندەڵی‌و سیاسەتی تەسكی سەرمایەداری دەوڵەت‌و حیزب‌و مافیاكانە..


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە