shi3r.jpg

چەند شیعرێکی: کۆستەنتین کافافی

لە عەرەبییەوە: رەووف بێگەرد
میریس
ئەسکەندەریە ساڵی ٣٤٠ز

 


چووم بۆ ماڵەکەی
هەرچەندە من خۆم لە ماڵە کریستیان دەبوێرم
بەتایبەتی کە لە خەم و جەژندابن

لە داڵانەکەدا وەستام و نەم ویست بچمە ژوورەوە
چونکە کەس و کاری گەنجە مردووەکەم بینی
بە شپرزەیی و بێزاریەوە تەماشایان دەکردم.
تەرمەکەیان لە ژوورێکی گەورە دانابوو
دەمتوانی لە کۆتایی داڵانەکەوە بیبینم
ژوورەکە پڕ بوو لە فەرشی گرانبەها و دەفری زێڕ و زیو
لە کۆتایی داڵانەکەدا وەستابووم و دەگریام
بیرم لەو دیدار و سەفەرانە دەکردەوە
کە ئیدی بەبێ میریس چ بەهایەکیان نیە
بیرم لەوە دەکردەوە کە ئیتر
لە گەڕانی شەوە خۆش و ئاپوورەکاندا
نایبینمەوە
ئەو شەوانەی...
بە کوڵ و دڵ پێدەکەنی و شیعری دەخوێندەوە
شیعر، بەو هەستە ناوازەیەوە کە بۆ کێشی گریکی هەیبوو
بیری ئەوەی کە ئیدی هەرگیز جوانیەکەی نابینمەوە
من بۆ هەتاهەتایە لاوێکم لە دەست چوو
کە خۆشم دەویست

هەندێک پیرێژن، لە نزیکمەوە،
لەسەرخۆ دەدوان
باسی دواڕۆژانی ژیانی میریسیان دەکرد
کە چۆن ناوی مەسیحی لەسەر لێو و
خاچیشی بەدەستەوە بووە

پاشان چوار قەشە چوونە ژوورەکە
بە گەرمیی کەوتنە خوێندن
سرود و درودیان بۆ مەسیح نارد
یان بۆ مریەم بوو (من باش شارەزای ئاینەکەیان نیم)
بێگومان، ئێمە پێشتر دەمانزانی میریس کریستیانە
پێش دوو ساڵ، هەر لە یەکەم ساتی ناسینمانەوە
کاتێک هاتە ناو گروپەکەمانەوە ئەوەمان زانی
بەڵام ڕێک وەک ئێمە ژیا
لە هەریەکێک لە ئێمە زیاتر ڕای دەبوارد
لە مەلهاکانماندا پارەی تەخشان و پەخشان دەکرد
بێ ئەوەی گوێ بە ناوزڕاندن بدات
شەوانە، لە شەقامەکاندا، بە شەوقەوە
شەڕی لەگەڵ گروپە نەیارەکانماندا دەکرد
میریس هیچ ڕۆژێک باسی ئاینەکەی خۆی بۆ نەکردین
ڕۆژێک، بە ڕاستیی، ئاگادارمان کرد
کە لەگەڵ خۆماندا دەیبەین بۆ (سیرابیۆن)
ئێستایش لە بیرمە
گاڵتەکەی ئێمەی پێ ناخۆشبوو
دوو ڕووداوی تریشم لە یادە
کاتێک پێکی شەرابمان بۆ قوربانیی پۆسایدۆن گرتەوە
ڕووی وەرگێڕا و دانیشتنەکەی بەجێهێشت
کاتێکیش یەکێکمان، بە حەماسەتەوە وتی:
ئەپۆڵۆی مەزن و جوان گروپەکەمان بپارێزیت.
میریس بۆڵەیەکی کرد (بێجگە لە من کەس گوێی لێ نەبوو)
قەشە مەسیحیەکان لەسەر لاوەکە
بە دەنگی بەرز نوێژیان دابەست
بە وردی و دڵکاریەوە
سەرنجم دا، چەند بە وردیی، هەموو شتێکی مەراسیمی
ئاینەکەیان بۆ تەرمەکە ئامادەکرد.
تەرمی مەسیحیەک .
من لە پڕێکدا، هەستێکی نامۆم تێ گەڕا
هەستم کرد میریس لێم دوور دەکەوێتەوە
هەستم کرد بووە بە یەکێک، بە مەسیحیەک لەناو نەتەوەکەیدا
منییش بووم بە غەریبێک، غەریبێکی تەواو.
پڕیش بووم لە گومان
دەشێت سۆزە تایبەتیەکەم منی خەڵەتاندبێت
لەوانەیە بەردەوام نامۆ بووبێتم بەو
بەپەلە لە ماڵە سامناکەکەیان هەڵاتم
پێش ئەوەی مەسیحیەتەکەیان
بەسەر یادی میریسدا زاڵ بێت و
یادەوەریەکان بگۆڕێت





لە قوتابخانەی فەیلەسوفێکی ناوداردا

دوو ساڵ.. قوتابی ئەمونیس ساکاس بوو
بەڵام لە فەلسەفە بێزراو و
ساکاسییش بێزارتری کردبوو.
چوە سیاسەتەوە و زوو دەستی لێ بەردا
چونکە حاکمەکەی گێل و
دەستەودایرەکەی بووکەڵەیەکی فەرمی و
خاوەن ڕوخسارێکی ناجۆر بوون.
زمانی گریکی ئەو داماوانە
تەواو بەربەری بوو

پاشان حەزی سووسەکردن
بەرەو کڵێسای برد
تەعمید بکرێ و ببێت بە کریستیانی
بەڵام زوو ڕاکەی گۆڕی
چونکە ئەوە دەبوە دوژمنکاریی
لەگەڵ خێزانە دەمارگیرە بت پەرستەکەیدا
بەوەیش - ئەمە ترسناکە - هاوکاریە
زۆر هەراوەکەی لێ دەبڕن.

هەرچۆنێکە... دەبێت هەرشتێک بکات
بوو بە مشتەریی هەموو ماڵە سۆزانیەکانی ئەسکەندەریە و
گشت پەنا و پەسێوی گەڕەکی لەش فرۆشان
لێرەدا ڕێکەوت فریای کەوت
سیمایەکی جوانی پێ بەخشی
چێژی لەم خەڵاتە یەزدانیە وەرگرت
کە لانی کەم، دە ساڵ بەو جوانیەوە دەمێنێتەوە
پاشان...
لەوانەیە جارێکی تر بگەڕێتەوە لای ساکاس
ئەگەر لەو کاتەدا، پیر مردبێت
دەڕواتەوە لای فەیلەسوف یان دانایەکی دی
چونکە دەشێت...
تۆ هەمیشە کەسێکی شیاو بدۆزیتەوە.
لە کۆتاییدا
لەوانەیە بگەڕێتەوە ئامێزی سیاسەت.
جارێکی تر بە شانازیەوە
باس لە داب و نەریتی خێزانەکەی..
ئەرکە نیشتیمانیەکانی و
باق و بریقەکانی لەم بابەتانە.. بکات.

ئاوێنەی ناو هۆڵ

لە هۆڵی ماڵە دەوڵەمەندەکەدا
ئاوێنەیەکی گەورەی کۆن دانراوە
هەشتا ساڵێک دەبێت کڕیویانە
گەنجێکی جوان، شاگرد بەرگدروو
(ئارەزوومەندی وەرزشی ڕۆژانی یەک شەممە)
بە ڕوزمەیەکەوە وەستابوو
ڕوزمەکەی دایەدەست کەسێکی ماڵەکە
ئەو لێی وەرگرتوو چوو وەسڵی وەرگرتنەکەی بۆ بێنێت
گەنجەکە، بە تەنیا، چاوەڕێی کرد
دوای پێنج دەقیقە وەسڵەکەیان دایە دەستی
وەری گرت و ڕۆشت
وەلێ ئەو ئاوێنەیەی بە درێژایی تەمەنی
هەزاران شت و هەزاران ڕوخساری دیبوو
ئەو ئاوینە کۆنەی لاوەکەی دیبوو
هەنووکە دڵی خۆشە و شانازیی دەکات
کە بۆ چەند دەقیقەیەکی کەم
بە دیداریی ئەو جوانیە شادبوە.

ئەو پرسیاری لە جۆرایەتی دەکرد

لەو نووسینگەیەی کارێکی نابووتی..
بە مووچەیەکی کەم تیا دەکرد
( لە هەفتەیەکدا نزیکەی هەشت نۆ جونەیهـ لەگەڵ
مزەیەکی سەرباردا)
دوای تەواو بوونی کارەکەی
کە بە درێژایی ئەو دوا نیوەڕۆیە
پشتی کۆمابوەوە
سەعات حەوت چوە دەرەوە
لەسەرخۆ، وێڵ وێڵ بە شەقامەکاندا گەڕا
سیمای جوان و سەرنج ڕاکێش بوو
وەک لە هەڕەتی لاویدا بێت وابوو
چونکە مانگێک دەبوو
تەمەنی گەیشتبوە بیست و نۆ ساڵ
سەرەڕۆ بەو شەقام و کۆڵانانەدا تێ دەپەڕی
کە دەیان بردەوە سەر ماڵەکەی.
بە پێشی کۆگایەکی چکۆڵەدا تێ پەڕی
هەموو جۆرە کەل و پەلێکی کۆن و
شتی هەرزان بەهای کرێکارانی تیا دەفرۆشرا
کاتێک لەناو کۆگاکەدا
ڕوخسارێک سەرنجی ڕاکێشا، چوە ژورێ
خۆی وادەرخست
ئارەزووی لە بینینی دەستەسڕە ڕەنگاوڕەنگەکانە
بە دەنگی گیراوەوە پرسیاری لە دەستەسڕەکان کرد،
دەنگی پڕبوو لە ئارەزوو
دەربارەی نرخ و جۆری دەستەسڕەکان
وەڵامێکی سەرسووڕهێنەر لە دەنگێکی نزمەوە هات
دەنگی قایل بوونێکی ژێر بە ژێر
ئیتر لەبارەی کەل و پەلەکانەوە
بە جووتە شتیان وت و وتیانەوە
تاقە شتێکیان فەرامۆش کردبوو:
دەبوو دەستیان، بەسەر دەستەسڕەکانەوە
بەریەک بکەوێت
دەبوو دەم و چاویان لە یەکدی نزیک ببوایەتەوە
لێویشیان هەروەها
وەک ڕێکەوت وای هێنابێت
لە شکۆمەندیەکی لەناکاوی بەیەک گەیشتنی جەستەدا
خێرا، بەدزیەوە
بە شێوەیەک بێت کە خاوەن پێشانگاکە
ئەوەی لە دوور دانیشتوە
هەست بە هیچ شتێک نەکات.


سەرچاوە: وداعا للأسکندریة التی تفقدها.


ئەم بابەتە 80 جار خوێندراوەتەوە