Majid.jpg

ژن لە خەیاڵدانی دوو جۆر پیاودا! لەپەراوێزی ڕۆمانێکی (عاموس عەوز)ی جوودا!

ماجد خەليل

لێرە لە خەیاڵی رەسەن و ناڕەسەندا، خەیاڵی  دوو پیاو دەڵێم و دایدەڕێژمەوە.

خەیاڵی دوو پیرە پیاو، یەکێکیان ئەکادیمی و ئەفەندی، پیاوی پانوپۆڕی ناو دامەزراوەو دەسەڵات و گەنگەشەکەری گرەوی دیموکراتی و دنیای رۆشنبیریی، پیاوی فەرهەنگ و فەلسەفەو کتێب و کەلتوری کەللەوفیساڵی شارو سەرمایە.

 ئەویتریان پیالەیەکی پێپەتی و مەحروم لە مەدەنییەت و قەڵتاغی قوڕاوی شارستانییەت. ئەویتریان رەجاڵ و ڕووتو عوریانی عەولەمەو عەشقە سینەماییەکانی سەردەم، پیاوێکی بێپەڵپو پڕ لە پینەی ژیان.

خەیاڵی یەکەمیان، وەک هەمیشە، رۆمانسییەت و رۆحانییەتی ڕاودەناو رووی لە کوشکو تەلارو تەنتەنەی نازو عیشوە بوو. مژێکی لە سیگارەکەی دا، هێشتا دووکەڵە دووابڕاوەکە دەرنەهاتبوویەوە، ئاخێکی قوڵی دابەدەمییەوە.

بەڵێ، ئێستا لە کاخێکی رازاوەدا، لەناو دەستوپەنجەی پڕ لە فنجانی کچە کەنیزەکو کۆیلەکاندا شانمدادابێ، شانێک، شایەنی شەوکەتی حەریمی حیکایەتەکان بێ.

 لەوێ، لەلای دەستەڕاستم کۆرسی کەنیزە کۆچەرییەکانی قەوقاز، قۆرییە شەرابیان لەدەستابێ و لەلای دەستی چەپیشم چکۆڵەی چاوکەژاڵی خۆرئاوا ڕامژەنن و باوەشێ باقە رەیحان و بەزم و بالۆرەی دەیان دەنس و ئاواز بێتەگوێم.

 بەڵێ ئەمە خەیاڵی هەرزەکارانەی پیرە پیاوێکی ناو دامەزاراوەی دنیای مۆدێرنەو قیامەتی دیندارەکانە.

ئەویتریان پیالەیەکی پیریی پەرێز پاکو خاوێن، هێمن گوتەنی: پیرێکی زورهان و دزێو.  پیاوێکی پاڵفتەی نێو زبڵو زوڕنای ترافیک و تەنتەنەی تەکنەلۆژیا. ئەو نەخوێندەوارێکی نائاگاو نامەحرەم بە پوڵ و پەرژینی حەرەمسەراکان. لە خەیاڵیدا، خزمەتکارێکە، خزمەتکاری خانمو خاتونەکانی کاخێکە. تۆسەیرکە خەیاڵی ئەو شتێکە دەتوانێ دەستی بگات بە واقیع، خەیاڵی نێو چاڵێکی قوڵی قەسوەت و ئیرەیی نییە، دەتوانێ دەستی لەنێو دەستی ژیان بنێت. دەتوانێ مرۆڤ ئاشتبکاتەوەو لە غرورو غەنیمەتی بەرزاییەکانی لوتی مرۆڤدا پژماوەتە خوارێ. خەیاڵی ئەو پۆشاکێکی دەروێشانەی لەبەردایەو بڕوای بە خزمەت هەیە، نەک خزمەتکار، بڕوای بە نازی ژن هەیە، نەک نەڕەی دەستدرێژی و شەڕی شەهوەت. خەیاڵی ئەو هۆگری هێمنیی ژنانە، بەهەشتەکەی ئەو ئەستەمە ئەسراری مرۆڤبونی نومایان نەکردبێ، لە بەهەشتەکەی ئەودا خزمەتی خانمان دەکرێ، نەک خانمان خزمەتکاربن.
ئەو بەراوردە لە ئەدەبی عیبریدا زۆر جەختی لەبارەوە کراوەتەوە، لەوێدا خەیاڵی پیاوەکان جیاوازە.

ئەدەبی عیبری، ئەدەبێکی تابڵێی تژییە لە رۆحی مرۆڤدۆستی.

 پاڵەوانێکی پاکژی وەک (عاموس عوز) ئەویندارو ئەدیب و ئازادیخواز، دووساڵ پێش ئێستە ماڵئاوایی لە ژیانکرد.

 وەختێ هەواڵی مەرگی وەشانکرا، جیهانی عەرەبی دڵی داخورپاو دایە پڕمەی گریانێکی سەیر.

عاموس، لەرۆمانی (چیرۆکێک لەبارەی خۆشەویستی و تاریکی) دا، رێکوپێک رازە پەنهانەکان، پەخشاندەکات، دێت و بە وشەی رەنگاوڕەنگ، خەیاڵێک دەچنێت، خەیاڵێک وەک پەلکە زێڕینەی پاش باران، بەئاسمانی ویژدانی مرۆڤەوە هەڵیدەواسێ. زۆر بەوردی بۆڵبەبۆڵی خەیاڵی مرۆڤەکان دەگوشێت و شەرابێکی سەیریان لێ دەچۆڕێنێ، شەرابێک تا بیشڵەقێنی بەهای بەرزتر دەفڕێ، تا بیهێڵیتەوە بۆنوبەرامی باشتر بەردەبێتە کەپوی کەلتوری مرۆڤایەتی، تا زیاتر بینۆشی مانای مرۆڤبوون، مەستانەتر ماچدەکرێت.

بەراودی خەیاڵی دوو پیاو، بەسە بۆ ئەوەی بتوانین، سەرچاوەو سڕڕی مامەڵەو مێشکی تاکەکان بخوێنینەوە.

ئەو ڕۆچوونە ڕیشەییەی کە عاموس باسیدەکات، رێکوپێک لە جیناتی جیاوازی تاکەکانی کۆمەڵی کوردیی و کەلتوری کوردییەوە هەستیپێدەکرێت. عاموس لە وەسف و وێنای ژنی ناو خەیاڵدانی پیاودا، پردێکی پتەو و پۆشتە هەڵدەواسێ، پردێکی پڕ لە هەنگاوی پەڕینەوە، پردێکی پڕ لە دەربازبوون و باوەشکردنەوە بۆ بەهەشتی ئەوبەر ژیان.

لە باسوخواسی نەوتەکە دەڕواو نەوتەکە ناڕوادا، لە گیانەڵای گەروی وشکی ئازادیدا، ئەوکاتانەی لەزاڕۆی بێشکەوە تا بەساڵاچوی کن گۆڕو قەبرستانەکان، باسی نەوتی کەرکوکیان دەکرد. پیاوێکی پیری نەوەد ساڵی لای ئێمە وتی: ئەمە تەڵاقی بێت، چی بیرە نەوتی کەرکوک هەیە، ژنێک، تەنها ژنێک ناهێنێ.

تێگەیشتن وتێڕامان لەو وتەیە هەروا هەوانتەو ئاسان نییە. ئەبێ ژن، چەندە ژانری گەورەیی و چەندە نۆتەی نەوتراوی نەریتی شیرینی ژیان بن. ئەبێ ژن، چ شیرینی و شەماڵێکی شوکرانەبژێری، ببەخشێته ژیانی تاڵی دەمڕەشەبای ئەو وەحشەت و وەسەنییەتەی پەرستنی خێڵ و سەرمایە!


ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە