azad_barznji.jpg

خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا، هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکى جیهانى

کتێبی خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا، هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکى جیهانى لە وەرگێڕانی (ئازاد بەرزنجی)، نوێترین کتێبى چاپکراوى دىزگاى چاپ و پەخشى سەردەمە، کتێبەکە چاپى سێیەمیەتى و بەمزوانە بڵاودەکرێتەوە.

ئەم کتێبە کۆمەڵێک کورتەچیرۆکی هەڵبژاردە لەخۆدەگرێت ، کە لەناو سەدان چیرۆکدا لەلایەن وەرگێڕەوە هەڵبژێردراون و کراون بە کوردی.
پێڕستی کورتە چیرۆکەکانی ناو کتێبەکە:
تەنیایی  لە نوسينى: گی. دو . موپاسان
ئەو پیاوە مەزنەی کۆچی دوایی کرد  لە نوسينى: لویجی پیراندێللۆ
سیمای غەمگینم  لە نوسينى: هاینریش بۆڵ
یەکەمین سواڵ  لە نوسينى: ولیەم مارچ
ڕاوچی  لە نوسينى: یەشار کەمال
مشکەکانیش بە شەو دەخەون  لە نوسينى: ڤۆڵڤگانگ بورشێرت
نان  لە نوسينى: ڤۆڵڤگانگ بورشێرت
خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا  لە نوسينى: موشانوکۆجی سانیتزۆ
باج  لە نوسينى: خۆلیۆ ڕامۆن ڕێبەئیرۆ
نەرمەبارانێکی سارد  لە نوسينى: خوان دی لا کابادا
چاوانی شین  لە نوسينى: ئۆکتاڤیۆ پاز
چوار کورتیلە چیرۆک  لە نوسينى: کارلۆس فۆینتس
لەبەرئەوەی هەژارین  لە نوسينى: خوان ڕۆڵفۆ
سەگێک ناوەڕێت  لە نوسينى: خوان ڕۆڵفۆ
ماکاریۆ  لە نوسينى: خوان ڕۆڵفۆ
بەتەنها کەفی سابوون بەسە  لە نوسينى: هێرناندۆ تیللیز
بووکەشووشەی ساڵی1946  لە نوسينى: یوسف سامی دۆغڵو
چیرۆکێکی جامایکایی  لە نوسينى: ئەی ئێڵ هەندریکس
ئیرین  لە نوسينى: ئەندریێ مۆروا
دەمەوپاییز  لە نوسينى: لانگستن هیوز
ئەمەگدارى  لە نوسينى: یۆکیۆ میشیما
٢٥ى ئابى ١٩٨٣   لە نوسينى: خۆرخێ لویس بۆرخس
دیسک  لە نوسينى: خۆرخێ لویس بۆرخس
جووجەڵەى مل هەڵکەنراو  لە نوسينى: ئۆراسیۆ کیرۆگا
جوانترین پیاوى خنکاو لە جیهاندا  لە نوسينى: گابرێل گارسیا مارکیز
بۆگەنى تەرمەکە  لە نوسينى: سێرگیۆ ڕامیریز
بووکێ ( دوا چیرۆکى چیخۆڤ)   لە نوسينى: ئەنتۆن چیخۆڤ

 

یەکێک لە چیرۆکەکانی کتێبەکە:
"دەمەوپاییز"
لانگستۆن هیوز
کاتێک بێڵ هێشتا لە هەڕەتى لاویدا بوو ئەم دوانە دڵدار و دڵبەرى یەک بوون، چەندەها شەو پێکەوە بوون و بۆ چەندەها شوێن پێکەوە چوون، دواتر لەسەر شتێکى بچووک پەیوەندییان تێکچوو و لە یەک زیز بوون.
کچەکە داى لە کەللەى و شووى بە پیاوێک کرد، کە واى هەست دەکرد خۆشى دەوێت، بێڵیش بە دڵڕەنجاوى لە تەواوى ئافرەتان، ڕێى ژیانى گرتە بەر. دواى ساڵانێکى زۆر دوێنێ ئافرەتەکە لە گۆڕەپانى (واشینگتۆن)دا چاوى بەو کەوت.
- بێڵ ۆکەر!
وەستا، یەکەم جار نەیناسییەوە، چونکە زۆر پیر و شکستە بووبوو.
- مارى، لە کوێوە؟!
ئافرەتەکە کە بێ ویستى خۆى دەموچاوى بەرز کردەوە، وەک بڵێى بیەوێ ماچى بکات، بەڵام پیاوەکە دەستى بۆ درێژ کرد و ئەویش توند گوشیى.
- ئێستا لە نیویۆرکم.
- ئەها...
بە شەرمەوە بزەیەک کەوتە سەر لێوى، پاشان چرچێکى بچووک کەوتە نێوان هەردوو برۆیەوە.
- هەر دەموت خوایە دەبێ ئێستا بێڵ چى بکات؟!
- بووم بە پارێزەر، ئێستا لە کۆمپانیایەکى باشدا کار دەکەم کە کەوتووەتە ناوەڕاستى شارەوە.
- ژنت هێناوە؟
- بەڵێ، دوو منداڵیشم هەیە.
ئافرەتەکە وتى: ئەها...
خەڵکێکى زۆر دەهاتن و دەچوون و بە لایاندا تێدەپەڕین، خەڵکانێک کە نەیاندەناسین، عەسرێکى درەنگ بوو، دەمەوئێوارە، هەوا سارد بوو.
پیاوەکە پرسيى: ئەى مێردەکەت...؟
- سێ مناڵمان هەیە، لە خەزێنەى زانکۆى کۆلۆمبیادا کار دەکەم.
- لەوە دەچێ زۆر... (دەیویست بڵێ تێکشکاو بيت) کامەران بيت.
ئافرەتەکە تێگەیشت، لەژێر درەختەکانى گۆڕەپانى واشینگتۆندا هەستى کرد خەریکە بێهوودە بەرەو یادگارییەکانى ڕابردوو دەگەڕێتەوە، ئەوسا کە لە ئۆهایۆ بوون، (بێڵ) لەم لاوتر بوو.
ئێستا ئەم لاوێتیى خۆى لەدەست داوە، بەڵام بێڵ هێشتا لاوێتيى پێوە دیار بوو.
وتى: ماڵمان لە (سەنترال پارک وێست)ە، ڕۆژێک سەردانمان بکە.
پیاوەکە وەڵامی دایەوە: بێگومان ئێوەش شەوێک لەگەڵ مێردەکەتاندا وەرنە لامان تا پێکەوە شێو بکەین، هەر شەوێکتان پێ خۆش بوو، (لوسیل) و من بە هاتنتان خۆشحاڵ دەبین.
هێدى هێدى گەڵاى درەختەکان دەوەرین، باى نەدەهات، بەم دەمەوئێوارەى پاییزە ئافرەتەکە هەستى بە بێهێزیى دڵى دەکرد.
وتى: مایەى خۆشحاڵیى ئێمەشە.
پیاوەکە بەدەم زەردەخەنەوە وتى: تۆ هەر دەبێ منداڵەکانى من ببینى.
لەناکاو تەواوى گڵۆپەکانى شەقامى پێنجەم داگیرسان، زنجیرەیەک ڕووناکیى تەماوى بوون لە فەزایەکى شینباودا.
ئافرەتەکە وتى: ئەها... پاسەکەى من هات.
پیاوەکە دەستى درێژ کرد و وتى: خواحافیز.
ئافرەتەکە ویستى بڵێ (کەى...)، بەڵام پاسەکە خەریک بوو جێى بهێڵێت، گڵۆپەکانى شەقامەکە دادەگیرسان و دەکوژانەوە، بەدەم چوونە ناو دەرگاى پاسەکەوە دەترسا لەوەى دەمى بکاتەوە، دەترسا لەوەى نەتوانێ قسە بکات.
ناکاو بە دەنگێکى بەرز هاوارى کرد: "خواحافیز!"، بەڵام لەو کاتەدا دەرگاى پاسەکە داخرابوو.
پاسەکە کەوتە ڕێ، خەڵک کەوتە نێوانیانەوە، ئەو خەڵکەى بە شەقامەکەدا تێدەپەڕین، ئەو خەڵکەى نەیاندەناسین.
ئاسمان و خەڵک... بێڵ لە بەرچاوى ون بوو، دوایى هاتەوە یادى کە لە بیرى چوو ناونیشانەکەى خۆى بداتێ، یا ناونیشانى ئەو داوا بکات، یا هەر هیچ نەبێت پێى بوتبایە کە کوڕە بچکۆلانەکەشى ناوى (بێڵ)ە.


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە