332238.jpg

دەربارەی دیوانی شیعری برادەری سدیق عەلی

خەسرەو میراودەلی

دیوانی برادەر کە پێک هاتووە لە کۆمەڵە شیعرێکی نوێی شاعیر سدیق عەلی ەو لە دوتوێی ١٣٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەمکتێبە کە لەماوەی پێشودا چاپ و بڵآو کرایەوە پێنجەم بەرهەمی شیعری (سدیق عەلی)ە و ئێستا لەکتێبفرۆشییەکان دەستدەکەوێت.

 

ئەمەی خوارەوە خوێندنەوەیەکی نووسەرو وەرگێڕ (خەسرەو میراودەلی)ە بۆ دیوانە شیعری "برادەر" و سایتی گەلاوێژ بڵاوی دەکاتەوە. فەرموون بۆخوێندنەوەی بابەتەکەی خەسرەو محەمەد.

 

"برادەر" یەکێکە لە دیوانە نوێیە جوانەکان، لەودیو دەقەکانییەوە باکگراوندێکی باشی شیعری، و ئەزموونێکی ڕاستەقینەی ئیستاتیکی بەدی دەکرێت. شاعیر خاوەنی زمانێکی جوان، و دەسەڵاتێکی دیارە بەسەر ئافراندنی وێنەی شیعرییەوە،و گەمەکردن بە هونەرە ڕەوانبێژییەکان.

 

دەقەکانی سەرەتای کتێبەکە تا دەگاتە نزیکەی نیوەی کتێبەکە، تا لاپەڕە پەنجاو هەشت، لە ئاستێکی باشدا بەردەوام دەبن، بەتایبەتتریش تا کۆتایی لاپەڕەچل.

لەلاپەڕە پەنجاو نۆ بەولاوە، بەگشتی دەقی گشتی سەربەخۆ بەدی دەکەین، کە بێناونیشانن، گەرچی دێڕو وێنەی جوانیان تێدایە، بەڵام وەکجۆرێک لە زۆر لەخۆ کردن دێنەبەرچاو، پێدەچێت شاعیر ئەوەندەی لەخەمی گەمە کردنی بەردەوامدا بووبێت بەهونەرەکانی ڕەوانبێژی، ئەوەندە ئاوڕی لەوە نەدابێتەوە کە ئەو گەمانە تا چەند توانای خوڵقاندنی وێنەی نوێی کاریگەر، و بەرهەمهێنانی شیعرەییەتی ڕاستەقینەیان هەیە.

ڕەنگە خودی دانانی ناونیشانیش بۆ ئەمجۆرە دەقانە، تاڕادەیەک گرفتی بۆدروستکردبێت، واتە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی ئەو کێشەیە.

 

هەروە گەرچی رەنگە پێوەرێکی دیاریکراویش بۆ ناونیشانی دیوان بوونی نەبێت، مەبەست ئەوەیە شاعیر ئازادبێت لە دیاریکردنی، بەڵام بەلای منەوە ئەم ناونیشانە کەمتر کاریگەرو گونجاوە بۆ دیوانێکی لەم چەشنە، هەرچەند ناونیشانی یەکێک لەدەقەکانیشە،و دەشێت لای شاعیرپاساوی هونەری خۆی هەبێت.

 

 

یەکەمین دەقی دیوانەکە، کە لەبارەی منداڵییەوەیە ((هەندێک وێنەی پەرشی منداڵی))، یەکێکە لەدەقە جوانە دەگمەنەکان:

 

((مامۆستا دارێکی خستە ناو سۆندەیەک

لەو دەمەوە

هەموو دارەکان هەناسە تەنگن

هەموو سۆندەکان هێڵنج دەدەن

 *      *          *

منداڵەکان، نەیان هێشت هاوڕێکەیان شەق لە تۆپە قوپاوەکە

بدات

لەو ڕۆژەوە بەهەموو تینییەوە شەق لەو زەمینە فانیە

هەڵدەدات))، ل ٥

لە دەقی ((دیوار)) یشدا، شاعیر بەم چەشنە دەپەیڤێت:

 

(( دیوارێکیان دروستکرد

تەلارەکانی نیگا ڕمان)) ل ١

 

((درەختەکەیان بڕیەوە

گەڵای ئەو هەموو سەربردەیە چرچ بوو

سێبەری ئەو هەموو خەیاڵە لەت بوو)) ل ١٠

 

 

((کەپرەکەیان تێکدا

ئەو هەموو هێلانەیە پووشی ئومێدیان فڕێدا

ئەو هەموو جریوەیە بەسەر مێژووی مندا بەربوونەوە)) ل١١

 

((گوناحی سەفەرە ئەبەدییەکان، ناخرێتە ئەستۆی ڕێگاوە))ل ١٢، یەکەمین دێڕی دەقی ((دڵم لەلای ڕێگاکانە)).

 

لەهەمان دەقدا:

(( ماڵەکان پڕن لەقسەی هەڵواسراو بە تەنافی شەرمدا ))، ل١٣.

((عەشق شتێکە ناکەوێتە جوگرافیای قسەوە

نافڕێتە ناو جوغزی کورت مەودای دەنگەوە)) هەمان لاپەڕە.

 

 

لەدەقی ((برادەر)) دا:

 

(( نامەوێ چیدی چەپکە شیعر

لەچنگە لەرزۆکەکانی شەرمدا بپلوێنم

گەرەکمە بەلەهجەکانی کارێزەکانەوە پێت بێژم

بەبێ تۆ سولی هیچ شعرێکم هەڵناڕژێ

دەمهەوێ بەزمانی هەورەکان بڵێم

بێ تۆ ، یەک دڵۆپەی بارانی میهرم ناتکێ))، ل ٢١.

 

لەنێو نیوەی دووەمی دیوانەکە،و دەقە بێناونیشانەکانیشدا، دەقی ل ١٢٨، کە باسی (پیری) دەکات، و نازانم بۆ بێناونیشان بەجێی هێشتووە، بەلای منەوە دەقێکی جیاوازو تایبەتە:

((پیری لێخوڕینی تەمەن نییە بە گۆچانێکی پشت کوڕ

کە لەلایی نییە لەترسی یاساوڵە ڕەشەکانی مردن

هەڵبڕینی دەستێکی لەرزۆک نیە ڕوەو پەنجەرەکانی منداڵی

گریانێکی بەکوڵ نیە بۆ تاسە شکاوەکانی جحێڵی

هەرگیز پیری شەنکردنی خەرمانی ئەسرین نیە بە ڕدێن

هەڵکێشانی سمێڵی بەفرین نیە لەبۆنی دوازەردەخەنە))، ل١٢٨

 

 

خاڵێکی دیکە سەبارەت بەم دیوانە کە بە پێویستی دەزانم ئاماژەی بۆبکەم، دەسەڵاتی بەکار هێنانی وشەیە، دەوڵەمەنییە لە وشەی کوردیدا،و بایەخپێدانێکی تایبەت لەمڕووەوە بەدی دەکرێت کە جێی دەستخۆشییە. وەک لەسەرەتادا لەبارەی گرنگیدان بەڕەوانبێژییەوە دوام، بایەخدانیش بە گەمەکردنێکی جوان بەزمان، لە پاڵ ئەم گرنگیپێدانەوە دەوەستێت، و دەبنە بەڵگەی بوونی توانای شاعیرێتی.

ماوەتەوە ئەوەی بڵێم بوونی و بەردەوامی شاعیرێکی وەک سدیق عەلی، و بەرچاوکەوتنی دیوانێکی وەک ((برادەر))، بەنموونەی ئومێدێک بۆ شیعری نوێی کوردی،و هۆکاری ڕەواندنەوەی ڕەشبینین لە بەرانبەر ئەم هەموو دەقە ناشیعری و لاوازانەی شیعری کوردی ئەمڕۆیان پێدەناسرێتەوە.

 

 


ئەم بابەتە 206 جار خوێندراوەتەوە