9694676249525.jpg

"شه‌وى جیهان" له‌ "دیارده‌گه‌رایى خود"ى "محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن"دا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

بێگومان تێزى زمان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى ئاراسته‌كراوى مه‌تریال، كه‌ "من" ئاراسته‌كانى دیارى ده‌كات و زمان وه‌ك شتێكى رووت و ئازاد، كه‌ خۆى قسان ده‌كات... زمان وه‌ك مانا و زمان وه‌ك ده‌لاله‌ت، وه‌ك جێگیربوون و گۆڕان، تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن... قابیلى قسه‌ى جۆراوجۆره‌، زمان ئه‌و كاته‌ ده‌توانێ هه‌نگاو بهاوێژێ، كه‌ ستراكتۆره‌كانى خۆى به‌یان كردبێ، ئه‌و كاته‌ ده‌بزوێ، كه‌ بتوانێ بنه‌ماكانى پێشووى خۆى هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، كه‌ دروشم و كلێشه‌كانى دنیاى كۆنى ته‌جاوز كردبێت، زمان له‌ ئاسته‌كانى داهێناندا ده‌بزوێ، زمان له‌ داهێناندا رابردووى خۆى ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، زمانى داهێنان هه‌رگیز بۆ رابردوو ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو رابردوو به‌ جۆرێكى دیكه‌ى جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌...

"كریشنا مۆرتى" له‌ كتێبى "رزگارى" وه‌رگێڕانى "سه‌عید سه‌یدى" پێیوایه‌ خود بریتییه‌ له‌ خه‌یاڵ و بیره‌وه‌رى و ئاكام و ئه‌زموون و بڕیارى جۆراوجۆر كه‌ ده‌كرێت ناویان به‌رین و كه‌ ناكرێ ناویان به‌رین. ئه‌و پێناسه‌ به‌نێویه‌كداچووه‌، وه‌ك تاریك و روونى خود لاى "محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن" كه‌ پێكهاتووى مێژووییه‌كى به‌رخوردى تاكه‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ جۆراوجۆره‌كانى ده‌وروبه‌ر و تێكه‌ڵاوه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ڵام و جولانه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ و ئینجا سیستماتیك كردنى پاڵنه‌ر و غه‌ریزه‌ ناوه‌كییه‌كان، له‌ زۆر شوێن به‌ یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌... بێگومان هیچ یه‌كێك له‌ پێناسه‌كان، ئاڵۆزى خود و بیروڕا جیاوازه‌كان ناشارنه‌وه‌، خود به‌پێى تێگه‌یشتنى بۆ چه‌مكى ئازادى وه‌ك زمان قسان ده‌كات و به‌پێى یاسا و رێساكانى (كۆ) وه‌ك زمان قسه‌ى پێده‌كرێت؟! چه‌مكى خود و چه‌مكه‌كانى دیكه‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ له‌ كتێبى "دیارده‌گه‌رایى خود، چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كى سایكۆفه‌لسه‌فى بۆ خودى كوردى، چ 2015" قسه‌ى لێكراوه‌ و قسه‌ى پێكراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ هیچ چه‌مكێك له‌و چه‌مكه‌ فیكرى و فه‌لسه‌فى و سایكۆلۆجیانه‌ى له‌و كتێبه‌دا قسه‌ و باسى لێكراوه‌ و پێكراوه‌، هه‌ڵگرى یه‌ك پێناسه‌ و یه‌ك تێگه‌یشتن و یه‌ك راڤه‌كردنى دیاریكراو بن! مرۆڤ له‌ پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامى چنینى خود و بونیادنانى خود دایه‌... ژیان به‌رده‌وامى ده‌ینه‌خشێنێت، فیكر و مه‌عریفه‌ و خه‌یاڵى مرۆڤایه‌تیش له‌ فره‌ ره‌هه‌ندى و جیاوازییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت!

نوسه‌ر ئازاده‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ كاره‌ ره‌خنه‌ییه‌كانى به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێت و ژیان له‌ جوله‌ى به‌رده‌وام و گۆڕانكارى به‌رده‌وامه‌وه‌ بنوسێته‌وه‌، پێویسته‌ خاوه‌نى مه‌عریفه‌یه‌كى به‌رفره‌وان بێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ سه‌ر گیروگرفته‌كانى ناوكۆییدا زاڵ بێت، پێویسته‌ له‌ ئاستێكى به‌رزى ئیستێتیكیدا بێت. هه‌موو نوسه‌رێك به‌ پێى به‌رهه‌مهێنانى زمان و مه‌عریفه‌ و داهێنانه‌ فیكرییه‌كانى خۆى كار ده‌كات! ده‌مه‌وێ بڵێم پێویسته‌ نوسه‌ر خاوه‌نى مه‌عریفه‌یه‌كى به‌رز و كراوه‌ بێت و خه‌یاڵى زمان ئازاد بكات، چونكه‌ جیهان له‌ ئێستا پێكهاتو‌وه‌، مه‌عریفه‌ كاریگه‌رى خۆى به‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان به‌جێ ده‌هێڵێ، به‌شێكى زۆرى ساته‌وه‌ختى نوسین ئێستاى فیكر، ئێستاى واقیع به‌ڕێوه‌ى ده‌بات!

دیارده‌گه‌رایى خود خوده‌ یونیڤێرساڵ و واقیعیه‌كه‌ى خۆمان وه‌ك خۆى وێنه‌ ده‌كێشێ و به‌ ئه‌مه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ده‌یخاته‌ روو بێ كه‌ش و فشه‌ مێژوویى و ناونانه‌ شۆڕشگێرییه‌ بێ ناوه‌رۆكه‌كان. بوێرى ئه‌و كتێبه‌ له‌وه‌دایه‌ ناتوانێ چیدى له‌ سه‌یركردنى سێبه‌ره‌كانى سه‌ر دیوار بڕیار له‌سه‌ر بوونى خۆمان بده‌ین، ئه‌و كتێبه‌ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر په‌رۆشى خۆمان بێت ده‌بێ له‌مه‌لا چۆن بین و چى بین و چه‌ندمان له‌بار دابێت ئه‌وه‌نده‌ خۆمان ده‌رخه‌ین، با چیتر خورافیانه‌ وه‌ك ریمۆن ئارۆن ده‌ڵێ شۆڕشگێر نه‌بین. ئه‌وه‌ قسه‌ى نوسه‌ره‌ له‌ باره‌ى كتێبه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌، به‌ڵام من ده‌ڵێم مه‌حاڵه‌ له‌ رێگاى فۆرمه‌كانى زانینه‌وه‌ خۆمان له‌ نه‌زانین رزگار بكه‌ین، له‌ رێگاى فۆرمه‌كانى رۆناكییه‌وه‌ "تاریكى جیهان" رزگار بكه‌ین... له‌و باره‌وه‌ من نامه‌وێ قسه‌ له‌ كتێبى دیارده‌گه‌رایى خود بكه‌م، چونكه‌ قسان زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌م ستایلى نوسه‌ر له‌ نێوان رسته‌ى درێژ و سوود وه‌رگرتن له‌ پڕشنگه‌كانى مه‌عریفه‌ى سه‌رده‌م دیارى بكه‌م، نه‌ك به‌و مانایه‌ى كه‌ بڕوام به‌ ستایل هه‌یه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ى كه‌ زمانى نوسین ده‌كه‌وێته‌ نێوان مانا و و مانا به‌خشین، تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن، جێگیربوون و گۆڕان... لێره‌وه‌ ده‌توانم بڵێم زمانى ئه‌و كتێبه‌ له‌ "قسه‌ى خۆم" و بابه‌تى "قسه‌یه‌ك له‌ باره‌ى دیارده‌ناسییه‌وه‌" تووندى پێوه‌ دیاره‌ (تووندوتیژى شه‌ڕ و وێرانكارانه‌ نا، به‌ڵكو تووندوتیژى زمان) له‌و دوو بابه‌ته‌دا منى نوسه‌ر وه‌ك سێنته‌ر و منى زمان وه‌ك مانا قسان ده‌كات، من نامه‌وێ بڵێم تووندوتیژى له‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى ده‌ربهێنى كۆمه‌ڵگاى كوردى هه‌ره‌س دێنێ، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ به‌ مانا فرۆیدییه‌كه‌ى بڵێم نوسه‌ر له‌ قسه‌كردندا چه‌مكى (نه‌ست) رابه‌رایه‌تى ده‌كات... به‌ڵام له‌ بابه‌تى "ئۆنتۆلۆژیاى خود و خودى كوردى"یه‌وه‌ ئه‌و تووندتیژییه‌، ئه‌و منه‌، كه‌م كه‌م ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و نوسه‌ر له‌ نه‌سته‌وه‌ ده‌كه‌ویته‌ (ناوكۆیى) فرۆیدییه‌وه‌ (مه‌به‌ستم له‌ ناوكۆیى فرۆیدى هێزى گێڕانه‌وه‌ى فرۆیدییه‌) زمان ده‌كه‌وێته‌ مانا به‌خشینه‌وه‌، خوێنه‌ر له‌ میانى مانا به‌خشینى زمان و ناوكۆیى فرۆیدییه‌وه‌ به‌ شێنه‌یى به‌ پڕشنگى زانینه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت، ده‌توانێ له‌ رێگاى راڤه‌كردنه‌وه‌، ره‌هه‌ندى دیكه‌ى جیاواز بدۆزێته‌وه‌ و چێژ له‌و راڤه‌كردن و به‌ یادهێنانه‌وه‌ وه‌رگرێت...

تێزى تووندوتیژى (جان جاك لۆسێركل) له‌ كتێبى (تووندوتیژى زمان) ئاماژه‌ى پێداوه‌ و یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانى ئه‌و تێزه‌ عه‌قڵى ناوه‌كى "عه‌قڵى باتینى"یه‌، كه‌ سیگمۆند فرۆید پێیوایه‌ هه‌رێمێكى تاریكه‌ له‌ نێو ده‌روونى مرۆڤ و ناكه‌وێته‌ ژێر رێكخستنى هیچ سیستمێكه‌وه‌ و غه‌ریزه‌كانى تێدا به‌ره‌ڵڵان... (محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن) وه‌ك نوسه‌ر له‌ نێو تاریكى واقیعى كوردى زۆر جاران زمانى نوسین به‌ره‌ڵڵا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ مه‌عریفه‌ و رۆناكى زمان وه‌ده‌ست بهێنێ، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێكى خودى كوردى رۆناك بكاته‌وه‌! به‌ڵام ماڵى زمان دڵنیایى ناس ناكات، هه‌میشه‌ مرۆڤ له‌ خواستى دۆزینه‌وه‌ى مانایه‌كى دیكه‌ و به‌كارهێنانێكى دیكه‌ و تێڕوانێنیكى دیكه‌دا ده‌ژى، ژیان هه‌رگیز چاره‌سه‌رى نه‌زانینمان ناكات، به‌ڵكو هه‌میشه‌ وه‌ك شێوازێكى دیكه‌ى ئه‌زموونه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌وێته‌وه‌... زمانى نوسه‌ر له‌ به‌شى "خود وه‌ك چێژبه‌ر" له‌به‌ر مۆمه‌كه‌ى باشلار به‌ نه‌رمى ده‌سووتێ و مانا ده‌به‌خشێ له‌گه‌ڵ چاوى پشیله‌كه‌ى شاعیر رۆشنایى به‌ هه‌موو لایه‌كدا بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

نوسین تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌، نوسین كرانه‌وه‌یه‌، نه‌ك به‌و مانایه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ نوسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ش كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ خوێنه‌ره‌وه‌ ده‌كات... كتێبى "دیارده‌گه‌رایى خود" له‌ منى نوسه‌ره‌وه‌ تێگه‌یشتن و له‌وێوه‌ به‌ره‌و راڤه‌كردنى منى خوێنه‌ر ده‌بێته‌وه‌! ئه‌گه‌ر تووندوتیژى كۆمه‌ڵگاى كوردى، ئه‌گه‌ر تووندى زمانى نوسه‌ر، ئه‌گه‌ر منى نوسه‌ر وه‌ك سێنته‌ر په‌نجه‌ره‌ى به‌دواداچوون و دۆزینه‌وه‌ و خه‌یاڵ دابخات، ئه‌وه‌ فه‌زا كراوه‌كانى كۆمه‌ڵگا و راڤه‌كردنى منى خوێنه‌ر ده‌رگا له‌سه‌ر ره‌هه‌نده‌كانى مانا و خه‌یاڵ و چێژ ده‌كاته‌وه‌! كێشه‌ى نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ر كێشه‌ى نێوان مرۆڤى ئاراسته‌كراو و مرۆڤى یاخییه‌، مرۆڤى دڵنیا و مرۆڤى به‌ گومان، كێشه‌ى زمان كێشه‌ى نێوان تێگه‌یشتنى منى نوسه‌ر و راڤه‌كردنى منى خوێنه‌ره‌، كێشه‌ى نێوان عه‌قڵ و خه‌یاڵه‌... ده‌شێ به‌شێكى زۆرى تووندوتیژى زمانى نوسین له‌و كتێبه‌دا به‌ واقیعى كلتورى كوردییه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌شێكى زۆرى راڤه‌كردنى خوێنه‌ر به‌ پڕشنگه‌ جیاواز و كراوه‌كانى سه‌رده‌مه‌وه‌ به‌ند بكه‌ین... یه‌كه‌میان له‌ تێگه‌یشتنى زمانى كوردى و ئاراسته‌كردنى زمانه‌وه‌ خۆى ده‌نوێنێ، دووه‌میان له‌ رووتى زمان و ئازادى راڤه‌كردنه‌وه‌یه‌، له‌ نێوان ئازادى نوسین و ئاراسته‌كردنى نوسین، كتێبى "دیارده‌گه‌رایى خود" وێنه‌ى خودى كوردى و مه‌عریفه‌ى سه‌رده‌م به‌ دوو زمان ده‌كێشێت...

سوكرات له‌ پێناسه‌كردنى مرۆڤدا ده‌ڵێت به‌ دوو قاچ ده‌ڕوات و بێ باڵ و په‌ڕه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌و گیانه‌وه‌ره‌ بێ په‌ڕ و باڵه‌ بێت، كه‌ به‌ دوو قاچ ده‌ڕوات، ئه‌و رووته‌ بێت، كه‌ سوكرات وێنه‌ى ده‌كات، ئه‌وه‌ مرۆڤى كوردى و خودى كوردى به‌و هه‌موو په‌ڕ و باڵه‌وه‌، به‌و هه‌موو تاریكییه‌وه‌ وه‌ك ئه‌و كتێبه‌ ده‌ینه‌خشێنێ، له‌ مریشك ده‌چێ، مریشكێكى ده‌سته‌مۆ... ده‌شێ ئه‌وه‌ هه‌ر قسه‌ى من بێ، بۆ زمانى ئاراسته‌كراو و زمانى ئازاد، بۆ جێگیربوون و گۆڕان، بۆ عه‌قڵ و خه‌یاڵ... ده‌شێ تێگه‌یشتن بۆ زمانى رووت (ئه‌بستراك) ئه‌وه‌ بێ، كه‌ زمان وه‌ك شتێكى رووت، له‌ ده‌ره‌وه‌ى جه‌سته‌ى كلتوردا خۆشى له‌ ئازاد بوونى خۆى وه‌رده‌گرێ، به‌وه‌ى كه‌ پاشاى هه‌موو كۆیه‌ له‌ رابردوو و ئێستا و داهاتوودا.. به‌ڵام "چۆمسكى" ده‌ڵێت: من قسه‌ به‌ رستیه‌ك ده‌كه‌م، كه‌ به‌ر له‌ من كه‌س قسه‌ى پێنه‌كردووه‌، چونكه‌ من رێزمان به‌ رێگاى تایبه‌تى خۆم به‌ كار ده‌هێنم! ئه‌وه‌ كێشه‌ى جیاوازى نێوان گوتنه‌كانه‌، نێوان منه‌كان، نێوان مریشك و مرۆڤ... ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ ئازادى بونیاد ده‌نێت، ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامى چنینى خود و بونیادنانه‌وه‌ى خود دایه‌... ئه‌وه‌ مریشكه‌ بێ باڵ و په‌ڕ ناژى! به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ نه‌ خودى كوردى له‌كه‌دار ده‌كات، نه‌ مه‌عریفه‌ى مرۆڤایه‌تى، نه‌ مریشك بۆ چێژ رووت ده‌كاته‌وه‌ و نه‌ مرۆڤ ده‌باته‌وه‌ سه‌ر سروشتى گیانه‌وه‌ر... من ده‌مه‌وێ بڵێم ژیان بێ مرۆڤ بوونى نییه‌، مرۆڤیش بێ جیاوازى بوونى نییه‌... ده‌مه‌وێ بڵێم ژیان بێ په‌یوه‌ندى بوونى نییه‌، ٍپه‌یوه‌ندى مرۆڤ له‌ ئه‌زموونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش ئه‌زموون له‌ په‌یوه‌ندى دروست ده‌بێت، په‌یوه‌ندى ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ خۆى تێدا ده‌بینێته‌وه‌، مرۆڤ بێ په‌یوه‌ندى بوونى نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ له‌ خۆى بگات، ده‌بێ له‌ په‌یوه‌ندى بگات...ٍ مریشكیش بێ په‌ڕو باڵ ده‌خورێت؟! به‌ڵام ده‌بێ بزانین ژیان هه‌رگیز چاره‌سه‌رى نه‌زانینمان ناكات، ئه‌وه‌ زمانه‌ قسان ده‌كات، بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌ نێو خه‌یاڵى زمانه‌وه‌... به‌ڵام ئایا كه‌سى قسه‌كه‌ر چۆن ئه‌وه‌ ده‌ڵێ، كه‌ ده‌یه‌وێت، ئه‌وه‌ جیاوازییه‌، واته‌ چۆن به‌ شێوازى خۆى ده‌دوێت؟!

له‌ نێوان تاریكى و رۆناكى، ئه‌زموون و خود... په‌یوه‌ندییه‌كى مێژوویى هه‌یه‌، دیدى هه‌ست بۆ نه‌ست رۆناكه‌، به‌ڵام دیدى نه‌ست بۆ هه‌ست تاریكه‌. به‌ مانایه‌كى دیكه‌ به‌شێكى گه‌وره‌ى خودى كوردى له‌ تاریكى ده‌ژى، به‌شێكى گه‌وره‌ى زمانى كوردى تێر مانا نه‌بووه‌، زمانى كوردى وه‌ك مانا خۆى به‌یان نه‌كردووه‌، به‌شێكى گه‌وره‌ى فیكر و مه‌عریفه‌ رۆناكى رابه‌رایه‌تى ده‌كات، زمانى فیكر و مه‌عریفه‌ له‌ رێگاى ماناوه‌ دێته‌وه‌، زمانى كوردى به‌ فیكر و مه‌عریفه‌ ٍنامۆیه‌... ئه‌گه‌رچى هه‌رگیز " مرۆڤ -شه‌وى جیهان به‌ مانا هیگلییه‌كه‌ى" ته‌واو رۆناك نابێته‌وه‌، هه‌رگیز زمان له‌ پارێزگاریكردن و پیسكردن تێر نابێت... به‌ڵام ئه‌و كتێبه‌ ده‌یه‌وێت له‌ نێوان پارێزگاریكردن و پیسكردن، له‌ رێگاى به‌شێك له‌ رۆناكییه‌ جیاوازه‌كانى سه‌رده‌مه‌وه‌، به‌شێك له‌ تاریكى خودى كوردى بڕه‌وێنێته‌وه‌.

منى خوێنه‌ر له‌ كتێبى "دیارده‌گه‌رایى خود" فیكر و مه‌عریفه‌ ده‌چنێ، به‌ دواى بواره‌كانى ده‌روونشیكارى فرۆید و فرۆم و ئه‌دله‌ر و رۆجه‌رز و سیكنه‌ر...دا ده‌ڕوات و له‌وێوه‌ تێگه‌یشتن یارمه‌تى به‌ بیرهێنانه‌وه‌ و به‌دواداچوون و راڤه‌كردنى ده‌دات، منى خوێنه‌ر له‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ چێژ له‌ به‌یادهێنانه‌وه‌كان وه‌رده‌گرێت... ده‌شێ بۆ رسته‌ درێژه‌كانى ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دوو بنه‌ما ده‌ستنیشان بكه‌م، یه‌كه‌میان له‌ جێگاى پارێزگاریكردن، سفتییه‌ و نوسه‌ر به‌ زمانێكى سفت ده‌دوێ! دووه‌میان له‌ جێگاى پیسكردن، شه‌هوه‌ت... سفتى به‌ درێژبوونه‌وه‌ى رسته‌كانه‌وه‌مان ده‌به‌ستێته‌وه‌ و شه‌هوه‌ت به‌ هه‌ڵڕژانى مه‌عریفه‌وه‌. بنه‌ماى سفتى زمان بۆ تێگه‌یشتن له‌ واقیع و ئه‌نتى واقیع و من و ئه‌نتى منى كوردى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و بنه‌ماى شه‌هوه‌تیش له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن و راڤه‌كردن و به‌دواداچوون خۆى بونیاد ده‌نێت، له‌ نێوان تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن، له‌ نێوان پارێزگاریكردن و پیسكردن، شه‌هوه‌تى رسته‌ درێژه‌كان چێژى نوسین ده‌خاته‌وه‌، ئه‌و چێژه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئازارى واقیع دروست بووه‌! سفتى تێگه‌یشتن له‌سه‌ر وه‌ستان وه‌ستاوه‌ و راڤه‌كردن له‌سه‌ر هه‌نگاونان، له‌ نێوان وه‌ستان و رۆیشتن، له‌ نێوان درێژى رسته‌كان و هه‌ڵڕژانى مه‌عریفه‌، له‌ نێوان سفتى و شه‌هوه‌ت... ئازار و چێژ دوو رووى "دیارده‌گه‌رایى خود" ده‌نه‌خشێنن...

هه‌ولێر 5ى شوباتى 2016


ئەم بابەتە 108 جار خوێندراوەتەوە