21wana.jpg

٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١

لە چوارچێوەى کتێبە چاپکراوەکانیدا و لە کارێکی نوێی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان کتێبى (٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١) چاپدەکات.

بەپێى راگەیەندراوێک، کە دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان بڵاوى کردۆتەوە، وا بڕیارە بەمنزیکانە کتێبى (٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١) له‌ نووسینى (یۆڤاڵ نووح هەراری) و وەرگێڕانى (ئاری ڕەشید) بڵاوبکرێتەوە.

له‌ به‌شێكى كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌:

مرۆڤەكان زیاتر لە چوارچێوەی چیرۆكەكاندا بیردەكەنەوە وەك لە فاكت و ژمارە، یاخود هاوكێشەكاندا و هەرچی چیرۆك سادەتر بێت، باشترە. هەموو كەس و گرووپ و نەتەوەیەك چیرۆك و ئەفسانەی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام لەدرێژایی سەدەی بیستەمدا دەسەڵاتدارانی جیهانی لە نیۆرك و لەندەن و مۆسكۆ، سێ‌ چیرۆكی گەورەیان ئامادەكرد كە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە هەموو ڕابردوو ڕاڤە دەكەن و پێشبینی داهاتووی هەموو دونیاش دەكەن. ئەو سێ‌ چیرۆكەش بریتی بوون لە: چیرۆكی فاشیست، چیرۆكی كۆمۆنیست و چیرۆكی لیبراڵ. جەنگی جیهانی دووەم چیرۆكی فاشیستی لەناوبرد و لە كۆتاییەكانی دەیەی 1940 تا كۆتایی 1980 دونیا تەنها مەیدانی جەنگی نێوان دوو چیرۆك بوو: كۆمۆنیزم و لیبراڵیزم. دواتر چیرۆكی كۆمۆنیست داڕما و چیرۆكی لیبراڵ وەكو ڕێنیشاندەری ڕابردووی مرۆڤایەتی و ڕێبەری پێویست بۆ داهاتووی دونیا مایەوە _یان بە لایەنی كەمەوە لە ڕوانگەی ئیلیتە جیهانییەكانەوە بەو شێوەیە دەردەكەوت.

چیرۆكی لیبراڵ، بەها و هێزی ئازادی بەرز دەنرخێنێت. ئەم چیرۆكە دەڵێت: مرۆڤ بەدرێژایی هەزاران ساڵ لە ژێر ستەمی ڕژێمە ستەمكارەكاندا ژیاوە، كە بەشێكی زۆر كەم لە مافە سیاسی و دەرفەتە ئابووری و ئازادییە كەسییەكانیان دابین دەكرد و بواری چالاكی تاك و بیركردنەوە و كاڵایان زۆر بەرتەسك كردبوویەوە. بەڵام مرۆڤەكان لە پێناو ئازادییاندا خەباتیان كرد و، ئازادی هەنگاو بە هەنگاو سەنگەرەكانی گرت. ڕژێمە دیموكراسییەكان جێگای دیكتاتۆریەتە دڵڕەقەكانیان گرتەوە. ئابووری ئازاد بەسەر ئابووری سنوورداردا زاڵبوو. خەڵك فێری ئەوەبوون لەبری ئەوەی بەگوێی كەشیشە دەمارگیرەكان و نەریتە بیرتەسكەكان بكەن و كوێرانە شوێنیان بكەون، بۆ خۆیان بیربكەنەوە و شوێن دڵی خۆیان بكەون. شاڕێگا و پردە بەهێزەكان و فڕۆكەخانە زۆر جەنجاڵەكان، جێگای دیوار و خەندەق و بەربەست و پەرژینە دڕكاویەكانیان گرتەوە.

چیرۆكی لیبراڵ دان بەوەدا دەنێت كە لە دونیادا هەموو شتێك باش نییە و هێشتا بەربەستگەلێكی زۆر هەن كە پێویستە بەسەریاندا تێپەڕین. بەشێكی زۆری هەسارەكە لەژێر دەسەڵاتی ستەمكاراندایە و تەنانەت لە ئازادترین وڵاتەكانی دونیادا، هاوڵاتیگەلێكی بێشومار هەن كە بەهۆی هەژاری و توندوتیژی و چەوساندنەوەوە لەئازاردان و دەناڵێنن. بەڵام بەلایەنی كەمەوە ئەوە دەزانین كە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم كێشانەدا پێویستە چی بكەین: دابینكردنی ئازادی زیاتر بۆ خەڵكی. پێویستە بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ بكەین، مافی دەنگدان بە هەموو كەسێك بدەین، بازاڕگەلی ئازاد بەرپابكەین و ڕێگا بدەین كە مرۆڤەكان، بیروباوەڕ و كاڵاكان بە ئاسانترین شێوەی شیاو، لە سەرتاسەری دونیادا ئازادانە لە هاتوچوندابن. لەسەر بنەمای ئەم دەرمانی هەموو دەردەی لیبراڵ كە بە جیاوازییەكی كەمەوە لەلایەن جۆرج دەبلیو بۆش و باراك ئۆباماوە قبوڵكراوە ئەگەر تەنها بەردەوامی بە لیبراڵیزەكردن و بەجیهانیكردنی سیستمە سیاسی و ئابوورییەكان بدەین، ئەوا ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو تاكێك دابین دەكەین.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە