RANGA.jpg

ناوەندى 7 رەنگە دادەخرێت

کۆتایى ساڵى 2020 کۆتایى ناوەندى 7 رەنگە دەبێت.

بەختیار سەعید بەرپرسى ناوەندى 7 رەنگە لە واڵى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک هەواڵى داخستنى ناوەندى 7 رەنگەى بڵاوکردۆتەوە.

هەروەک لە هەواڵەکەدا هاتووە:

كۆتایی ساڵی 2020 كۆتایی 7 رەنگە دەبێت

شێوەكارانی خۆشەویست
هاوڕێیانی ئازیز

لەدوای پێنج ساڵ لە دامەزراندنی ناوەندی 7 رەنگەو ئەنجامدانی زیاتر لە 200 پیشانگەی تایبەتی و هاوبەش بۆ شێوەكاران لەسەر ئاستی كوردستان و هەل رەخساندن بۆ چەندین شێوەكاری لاوو بە ئەزموون، درووستكردنی چەندین بیرۆكە بۆ بە كلتوركردنی تابلۆی شێوەكارانی كورد لەسەر ئاستە جیاوازەكان، دواتریش بیركردنەوە لە سازدانی دیداری تایبەت بە كاریكاتێری كوردی سەرەتا لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەو دواتریش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كە 47 وڵات بەشداری تێداكردو بۆ ساڵی دوومیش واتا 2020 توانراوە بەرهەمی 49 وڵات كۆبكرێتەوە، لەهەمانكاتدا دامەزراندنی یەكەمین فیستیڤاڵی فۆتۆی كوردستان كە بۆ یەكەمینجار بوو لە رۆژی جیهانی فۆتۆداو لەسەر ئاستی كوردستان 100 فۆتۆگرافەر بەشداری بكەن، درووستكردنی چەندین پرۆژە لە ناوەندەكانی خوێندن ، چاپكرددنی چەند كتێبێكی شێوەكاری، دەركردنی دوو پاشكۆی هونەری بە هاوكاری رۆژنامەی كوردستانی نوێ وچەندین بیرۆكەی تر.
ئەمرۆ لەدوای ئەو ماندبوونەوە زۆرە كە هەوڵی تاكە كەسیی بووە بۆ ئەنجامدانی كاری شێوەكاری لەناو كوردستاندا، هەست دەكەم رۆژانە پەستانەكان و ماندوو بوونەكان لەسەرم زۆرتر دەبێت، كێشە داراییەكان بەهەمان شێوە، رووبەرووبوونەوەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە زۆرتر دەبن، لەجیاتی رێزگرتن لەو ماندووبوونە هەر لە خودی وەزیری رۆشنبیرییەوە بۆ خوارەوە بەكەم بینینی ئەو هەوڵانە كە دواجار بێزارییەكی زۆر زۆری لەلام كۆكردەوە، هەربۆیە بڕیارمدا بە كۆتایی هێنان بە چالاكییەكانی ناوەندی 7 رەنگە لەگەڵ كۆتایی ساڵی 2020دا بۆ ئەوەی هێندەی تر ماندوو نەبم، بۆ ئەوەی هێندەی تر بێ رێزی بەرامبەر هەوڵ و ماندوو بوونەكانم نەكرێت و هێندەی تر قەرزەكانم زیاتر نەبن.
هەربۆیە داوا لە هاورێ شێوەكارە خۆشەویستەكانم دەكەم تا كۆتایی ساڵ چ تابلۆ، پەیكەر، سیرامیك-یان لە 7 رەنگە هەیە بێن بۆ بردنەوەی تاكو بتوانم ئاسانتر كارەكانیان وەكو خۆی بگەیەنمەوە دەستیان.
شانازی دەكەم بە هەموو ئەو كارو چالاكیانەی كە لەو تەمەنەدا ئەنجاممداوە، شانازی بەهەموو ئەو خۆشەویستانەوە دەكەم كە پێكەوە كارمان كردووە، شانازی بەهەموو ئەو خۆشەویستانەوە دەكەم كە هاوكارم بوون بۆ سپۆنسەری كارەكانم كە گەیاندوویانەتە ئەمرۆ.
سوپاس بۆ گشت لایەك خۆشحاڵم بەسەركەوتوویی و پڕ چالاكی گشت لایەك ببینمەوە.

بەختیار سەعید
ب/ ناوەندی 7 رەنگە
شەوی 17/5/2020


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە