kteb.jpg

بەشی (51): هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

"سه‌ركه‌وتنی دوای پیلانگێڕی سیهانۆك"

پیلانگێڕی، هه‌میشه‌ روبه‌رێكی فراوانی مێژووی روداوه‌كانی داگیركردووه‌. هه‌ندێك له‌و پیلانگێڕییانه‌، به‌ هێزی عه‌سكه‌ری‌و هه‌ندێكیشی به‌ هێزی هه‌لپه‌رستی ئه‌نجامدراوون. واتا: هێزی عه‌سكه‌ری، به‌ چه‌ك‌و تفاقه‌وه‌، هاوتای هێزی هه‌لپه‌رستی له‌ناو كۆمه‌ڵدا، ده‌توانن كه‌تنی مێژوویی بده‌ن.

كه‌مبۆدیا، ڤێتنام داگیری كرد. پۆل پۆت له‌ناویا قه‌تڵوعامی كرد، سیهانۆك به‌هاوكاری هه‌لپه‌رستان له‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌رپه‌ڕێندرا. به‌ڵام تا سه‌ر به‌ پیلانگێڕان‌و داگیركه‌ران روداوه‌كانی مێژوو، قفڵ نه‌دران. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هێزو توانایه‌كی زۆریان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌مبۆدیا ته‌رخان كرد. 1991 سیهانۆكی لێخراو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌ ئایاری 1993 هه‌ڵبژاردن به‌سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان سازد ده‌درێ‌. حیزبه‌كه‌ی سیهانۆك زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان‌و كورسیه‌كانی برده‌وه‌. لێره‌دا، چین وه‌كو زلهێزێك، كاریگه‌ری كه‌م ده‌بێ‌‌و سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌ له‌مباره‌وه‌ ده‌نوسێ‌:

"سه‌رۆك وه‌زیرانی چین (1990) پێیگوتم: خه‌میره‌ سوره‌كان سه‌ره‌ڕای هه‌ڵه‌كانی رابوردویان، به‌شداریه‌كی باشیان له‌ روداوه‌كاندا گێڕا. واتا: شایه‌نی پێگه‌یه‌كی شیاون له‌ حكومه‌تدا. به‌ڵام شوره‌وی كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا رێكه‌وت بۆ كۆتاییهاتنی جه‌نگ له‌ ڤێتنام له‌ڕێی راگیرانی هاوكاری عه‌سكه‌ریه‌وه‌، تایبه‌ت هه‌نارده‌ی نه‌وت، كاریگه‌ری چین له‌ دوائه‌نجامدا، كه‌مبۆته‌وه‌".(ل420)

ئه‌مه‌یه‌ گۆڕانكاری هاوكێشه‌كان. ئه‌مریكاو شوره‌وی رێكده‌كه‌ون، چین پاشه‌كشه‌ ده‌كات. ڤێتنام ده‌شكێ‌. سیهانۆك هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌.

خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی روداوه‌كان‌و پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌یان هه‌تا به‌ره‌نجامی بابه‌تییان لێهه‌ڵبهێنجێندرێ‌، زۆر زۆر گرنگه‌. چونكه‌ سیاسه‌تی حكومه‌ته‌كان، دابڕاو نییه‌ له‌ هاوكێشه‌ ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.

دوای ئه‌و هه‌موو كێشانه‌.. پیلانگێڕی‌و هێرشی سوپاكانیان.. وڵاتانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، له‌ناو خۆیاندا رێكه‌وتن. چین‌و ڤێتنام‌و كه‌مبۆدیاش له‌ناو رێكه‌وتنه‌كه‌دا دوای 1995، شوێنی خۆیان دۆزیه‌وه‌و ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی رابوردویان بون.

مێژوو وایه‌.. ده‌وڵه‌تان‌و لایه‌نه‌كان، جاروبار ئاڕاسته‌ی روداوه‌كان ده‌گۆڕن.. به‌ڵام له‌دوائاكامدا، كام بڕیارو رێباز، له‌گه‌ڵ راستییه‌ بابه‌تیه‌كاندا بگونجێ‌، ئه‌وه‌یان سه‌رده‌گرێ‌. نه‌ك ئه‌قڵیه‌تی عه‌سكه‌رتاری‌و پیلانگێڕی!


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە