kteb.jpg

بەشی (52): هەڵسەنگاندنی كتێبی سەرۆكی سەنگاپورە (من العالم الثالث إلی الأول)

مەلا بەختیار

"مێژووی خه‌بات‌و شكستی ئابوری!"

مێژوو، خه‌بات، سه‌روه‌ری، كه‌سایه‌تی، ئازایه‌تی، شه‌هیدان‌و شانازیه‌كان، وه‌كو رابوردوو مایه‌ی سه‌ربه‌رزین. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌، له‌ بونیاتنانی سیسته‌می حوكمڕانیدا، له‌ مه‌حه‌ك ده‌درێن. سیسته‌می حوكمڕانی باش‌و دادپه‌روه‌ر، نه‌ك سیسته‌مێك، ده‌سته‌واژه‌كانی مێژووش بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

سیسته‌می دادپه‌روه‌ریش، به‌بێ‌ ژێرخانی ئابوری هاوچه‌رخ، كه‌ سیاسه‌ته‌ ئابوریه‌كه‌ی، زاده‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ بێ‌، هه‌رگیز نایه‌ته‌ دی. ته‌نانه‌ت، ئه‌گه‌ر له‌ بونیاتنانی سیسته‌م‌و ژێرخانی ئابوریدا، سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌یه‌ت، هه‌موو سه‌روه‌ری‌و ده‌ستكه‌وته‌ مێژوویه‌كان، له‌ده‌ست ده‌درێ‌.

سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، دیدێكی فراوانی هه‌یه‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ش ده‌ڕوانێته‌ وڵاته‌كه‌ی‌و ده‌وروبه‌ری. به‌ چاوی ره‌خنه‌شه‌وه‌ روداوه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ‌. ده‌ڵێ‌:

"كاتێك روداوه‌كانی رابوردوو دێنمه‌وه‌ یاد، ده‌پرسم، ئه‌و هه‌ڵانه‌ چین كردوومانن؟ له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا، ئابوری تایله‌ندو كۆریاو ئه‌نده‌نوسیا، به‌ته‌واوی وزه‌ كاریان ده‌كرد. چه‌ندین وه‌به‌رهێنان گۆڕدرا بۆ پرۆژه‌ی گومان لێكراو. هاوكات چالاكی‌و جموجۆڵ به‌رده‌وام بوو. هه‌موشیان سه‌رچاوه‌ی لاوازی ده‌زگاكان‌و بونیادیان له‌م ئابوریه‌دا فه‌رامۆش ده‌كرد".(ل427)

دیقه‌ت له‌و په‌ره‌گرافه‌ بدرێ‌، به‌ئاسانی ده‌زانرێ‌ كه‌وا، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی پێشكه‌وتنی ئابوریشدا، پێویسته‌ به‌رده‌وام چاو له‌ كه‌موكوڕیه‌كان نه‌پۆشرێ‌. نه‌ك به‌ راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتن، هه‌ڵه‌كان فه‌رامۆش بكرێن‌و سه‌ره‌نجام كاره‌سات بقه‌ومێ‌. بۆئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی شكسته‌كان ده‌ستنیشان بكات، ده‌نوسێ‌:

"دۆخی ئه‌م وڵاتانه‌، باشتر ده‌بوو، ئه‌گه‌ر ورده‌كاری سه‌رمایه‌یان به‌ شێنه‌یی رزگار بكردایه‌و كاتی پێویستیان بۆ بونیاتنانی چاودێری، توێژینه‌وه‌، به‌كاربهێنایه‌و باڵاده‌ست بونایه‌ به‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنی بێگانه‌دا، بۆ ده‌سته‌به‌ری هاتنه‌ژوره‌وه‌ی له‌ وه‌به‌رهێنانی به‌رهه‌مهێنه‌ردا".(427)

ئابوری زانسته‌. پێویسته‌ زۆر به‌ وردیی جومگه‌كانی سیسته‌می ئابوری‌و سیاسه‌تی دارایی، چاودێری بكرێ‌. نه‌ك به‌ راده‌یه‌ك بوژانه‌وه‌، یان رێژه‌یه‌ك وه‌به‌رهێنان، یاخود، كه‌مێك كه‌ڵه‌كه‌بونی سه‌رمایه‌، چاو له‌ پرۆسه‌ی ئابوری بپۆشرێ‌. چاوپۆشین له‌ كه‌موكوڕی ئابوری، وه‌كو نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ وایه‌، له‌پڕ، په‌یكه‌ره‌ی ئابوری داده‌ته‌پێنێ‌. وردتر له‌مباره‌وه‌، سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌ ئاوا هه‌ڵه‌كان دیاریده‌كات:

"وه‌زاره‌تی دارایی گه‌وره‌ وڵاتانی (G7) فشاریان خسته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی كۆبه‌ند بازاڕی دارایی‌و بزاوتی گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ ئازاد بكه‌ن. به‌ڵام بۆ به‌رپرسانی بانكه‌ مه‌ركه‌زیه‌كان‌و وه‌زاره‌تی داراییه‌كان، له‌ ده‌وڵه‌تانی په‌ره‌سه‌ندودا، مه‌ترسیه‌كانی بازاڕی جیهانگیریان بۆ بونیات نه‌نان، بۆ دیاری نه‌كردن كه‌ ره‌نگه‌ هاتنی پاره‌یه‌كی بێشومار بۆ وڵاتان یان ناردنی له‌ خودی وڵاته‌كه‌وه‌، ته‌نها به‌ كلیك كردنێكی كۆمپیوته‌ر بگات‌و بڕوات".(هه‌مان لاپه‌ڕه‌)

ئه‌و باسانه‌، كوت‌ومت په‌یوه‌ستی زانستی ئابورین. به‌ڵام، سیاسه‌تی دارایی، چاره‌نوسی ئابوری ده‌نوسێ‌. له‌ هه‌ر بوارێكدا هه‌ڵه‌ بكرێ‌، له‌ سیاسه‌تی ئابوری‌و داراییدا، نابێ‌ هه‌ڵه‌ی زه‌ق بكرێ‌. به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی یه‌ده‌كیان نییه‌. وه‌كو كوردستان. وا ده‌زانرا، بوژانه‌وه‌ی بازاڕ، موچه‌، سولفه‌ به‌خشین، دامه‌زراندن، ته‌خشان‌و په‌خشان، كوردستانی گه‌یاندۆته‌ لوتكه‌ی پێشكه‌وتنی ئابوری.. به‌ڵام ده‌ركه‌وت، بوژانه‌وه‌ی بێ بناغه‌ی زانستی ئابوری، چ كاره‌ساتێك ده‌خوڵقێنێ‌.. ئه‌وه‌تا ده‌بینین، كوردستان، چۆن وه‌كو وڵاتانی پڵنگی ئاسیای به‌سه‌رهات.. ئه‌وه‌تا دامه‌زراندن، سلفه‌كان، ته‌خشان‌و په‌خشانه‌كان..تاد، بونه‌ته‌ بارگرانیه‌كی كه‌مه‌رشكێنی حكومه‌تی هه‌رێم!


ئەم بابەتە 74 جار خوێندراوەتەوە