Asya_Jabar.jpg

ئاسیا جەبار لە ماڵی باوکمدا شوێنێک بۆ من نییە

سیامەند هادی

لە پرۆسەی خوێندنەوەدا زۆر جار لە ڕێگەی هەواڵ یان بابەتێکەوە لەسەر نووسەرێک، وادەکات بەدوای بەرهەمەکانیدا بگەڕێیت، بۆ ئەوەی بیخوێنیتەوە. جگە لە نووسەرانی وڵاتانی دیکە، بەردەوام هەوڵم داوە ئاگاداری نووسەرانی جەزائیر و مەغریب و هەندێکجاریش تونس بم، چونکە لەنێو نووسەرانی عەرەبدا، نووسەرانی ئەو وڵاتانە تا ڕادەیەک جیاواز دەنووسن، ئەویش زیاتر بەهۆی ئەوەیە کە سەرچاوەی ڕاستەخۆی ڕۆشنبیرییان زمانی فەرەنسی بووە. لە بواری فیکر و ڕەخنەی ئەدەبی و ڕۆماندا گەلێک نووسەری بەتوانایان هەیە. لێرەدا مەبەستمان ڕۆماننووسانە، کە زۆرجار هەوڵم داوە بەرهەمەکانیان پەیدا بکەم و بیانخوێنمەوە و هەندێک جاریش بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو نووسەرانە بە فەرەنسی دەنووسن و بەرهەمەکانیان نەکراون بە عەرەبی، ئەوا نەمتوانیوە بیانخوێنمەوە. هەندێک لەو ڕۆماننووسانەش کە بۆ بەرهەمەکانیان گەڕاوم، وەک (کاتب یاسین و محەمەد شوکری و تاهیر جاوت و ڕەشید میمونی و تاهیر وەتار و ڕەشید بوجەدرە و تاهیر بن جەللون و ئاسیا جەبار و مەلیکە موقەدەم و محەمەد زەفزاف و محەمەد دیب و...). جگە لە ڕەشید میمونی- کە گومان دەکەم بەرهەمی کرابێت بە عەرەبی، یەکێک لەو ناوانەی نزیکەی پانزە ساڵ دەبێت بەدوای بەرهەمەکانیدا دەگەڕێم ڕۆماننووسی جەزائیری (ئاسیا جەبار)ە.

زۆر بەلامەوە سەیر بووە نووسەرێک بەو هەموو ناوبانگەوە کە خاوەنی چەند خەڵاتێکی جیهانییە و چەند ساڵێکیش پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبڵ بووە، ڕۆمانەکانی نەکرابن بە عەرەبی. نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر لە پیشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، لە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی جەزائیر پرسیاری بەرهەمەکانیم کرد، جگە لەوەی سەرسام بوون بەوەی کە من چۆن ئەو نووسەرە دەناسم، وتیان تا ئێستا هیچ ڕۆمانێکی ئاسیا جەبارمان بە عەرەبی نەبینیوە.

ماوەیەک لەمەوبەر لە شەقامی موتەنەبی لە بەغداد، تەماشای کتێبم دەکرد و بەدوای چەند ناونیشانێکدا دەگەڕام، بەڕێکەوت چاوم بە ڕۆمانێکی (ئاسیا جەبار) کەوت کە ناونیشانەکەی (بوابة الذكريات) بوو. بەپێی ئەو بابەتانەی لەسەر ئەم نووسەرە نووسراون، جگە لەم ڕۆمانەی، بەرهەمەکانی تری نەکراون بە عەرەبی، ئەم ڕۆمانەش کاتێک کراوە بە عەرەبی، کە پێشتر بۆ سی زمان وەرگێڕدراوە.

(ئاسیا جەبار) لە بەرهەمەکانیدا بە وردی لەسەر شوێن و پێگەی ژن لە کۆمەڵی جەزائیردا کار دەکات، بەوەش ئەو شێوە ئیشکردنە دەبێتە وێناکردنی شوێن و پێگەی ژن لەنێو عەرەب و ئیسلامدا. ڕۆمانی (دەروازەی بیرەوەرییەکان) وێناکردنێکی وردی جەستەی کچێکە کە چۆن وردە وردە گەورە دەبێت و خێزان و قوتابخانە و کۆڵان و شار بە چ شێوەیەک لێی دەڕوانن. ئەم بەرهەمە ڕۆمانێکی ژیاننامەییە و نووسەر لەسەر ژیانی خۆی و خێزانەکەی دەوەستێت بە هەموو وردەکارییەکەوە. بێگومان لەو ڕێگەیەشەوە ئەم ڕۆمانە دەبێتە خوێندنەوەیەک بۆ ڕەوشی ژیان و باری کۆمەڵایەتی ئەوکاتەی جەزائیر. ئاسیا جەبار لەم ڕۆمانەدا لە تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵییەوە ئەوەی لەبیرێتی دەیگێڕێتەوە، بەڵام زیاتر لەسەر ئەو لایەنە وەستاوە کە چۆن کچێک هەر لە مناڵییەوە وەک مێینەیەک سنوورەکانی ژیانی بۆ دەکێشرێت. ئەو باوکێکی مامۆستا و توند و پابەند بە ڕێساکانی کۆمەڵی ئەوکاتەی جەزائیر و دایکێکی نێو دابونەریتی ئەو کۆمەڵەی هەبووە، ئەگەرچی دایکی لە باوکی کراوەتر بووە.
هەندێک دیمەن و ڕوانین وا دەکات بە درێژایی ژیان لە ڕۆحی کەسێکدا نیشتەجێ بێت. لەم ڕۆمانەدا کاتێک ئاسیا جەبار تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵان دەبێت، حەزی لە پاسکیلە و کوڕێکی دراوسێیان هەوڵ دەدات فێری لێخوڕینی پاسکیلی بکات، بەڵام کاتێک باوکی دەیبینێت توڕە دەبێت، ئەم گوێی لێ دەبێت ئەوکاتەی باوکی بە دایکی دەڵێت: نامەوێت بەسەر پاسکیلەوە کچەکەم قاچەکانی دەربکەون. ئیتر دەرکەوتنی قاچ دەبێتە گرێیەک لای ئەو مناڵە و بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بیر لەو ڕستەیەی باوکی دەکاتەوە. هەربۆیە ئەم بەرهەمە چاودێری جەستەی کچێکە لە مناڵییەوە بۆ سەردەمی لاوی و دواتر ناوەڕاستی تەمەن و پاشان پیری. لێرەشەوە ئەم بەرهەمە دەبێتە حیکایەتی ترسی جەستەی مێینەیەک لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا. ئەو ترسەش وا دەکات، کاتێک بۆ یەکەمین جار خۆشەویستێکی دەبێت، بە کوڕەکە دەڵێت: ئەگەر باوکم بەم خۆشەویستییە بزانێت، خۆم دەکوژم.

لەگەڵ ئەوەی نووسەر لەم دەقەدا زۆر بە وردی و بە زمانێکی شیعری، دیمەن و ڕووداوەکانی ژیانی خۆی بەرجەستە کردووە، بەڵام ئەم دەقە زیاتر لە بیرەوەرییەوە نزیکە وەک لە ڕۆمان. لە ڕووی هونەری و تەکنیک و گێڕانەوە و وێناکردنی کەسێتی و دروستکردنی ڕووداو و بابەتەوە، بەر وێناکردنێکی هونەریانە ناکەوین کە ڕۆمان دەیانخوڵقێنێت. بەڵکو زیاتر سەرنج خراوەتە سەر بیرەوەرییەکان و ئەو گۆشەنیگایەی کۆمەڵ کە چۆن و بە چ شێوەیەک لە کچێک دەڕوانێت.

جێی ئاماژەیە ئەم ڕۆمانە (٣٨٣) لاپەڕەیە و (محەمەد یەحیاتن) کردوێتی بە عەرەبی، بەڵام بەپێی ژیاننامە و بەرهەمەکانی نووسەر، بۆم دەرکەوت کە وەرگێڕ ناونیشانی ڕۆمانەکەی گۆڕیوە، بە فەرەنسی ناونیشانەکەی دەبێتە (لە ماڵی باوکمدا شوێنێک بۆ من نییە)، بەڵام وەرگێڕ کردوێتی بە (دەروازەی بیرەوەرییەکان).

ئاسیا جەبار
ڕۆماننووس و دەرهێنەری سینەمایی (ئاسیا جەبار) ناوی تەواوی (فاطمة الزهراء ايمالاين)ە، لە ٣٠/٦/١٩٣٦ لە شرشالی جەزائیر لەدایکبووە. لە زانکۆی سۆربۆن و مونبیلییە خوێندنی تەواوکردووە. یەکەم ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٥٧دا بە ناونیشانی (العطش) بڵاوکردووەتەوە. سەرەتا لە ترسی باوکی بە ناوی خوازراوی (ئاسیا جەبار)ەوە بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تا کۆتایی تەمەنی هەر بەو ناوەوە نووسیویەتی.

هەندێک لە بەرهەمەکانی:
١- العطش- ڕۆمان- ١٩٥٧
2- القلقون- ڕۆمان- ١٩٥٨
3- اطفال العالم الجديد- ڕۆمان- ١٩٦٢
4- القبرات الساذجات- ڕۆمان- ١٩٦٧
5- قصائي للجزائر السعيدة- شیعر- ١٩٦٩
6- نساء الجزائر في شققهن- چیرۆک- ١٩٨٠
7- الحب والفانتازيا- ڕۆمان- ١٩٨٧
8- الظل السلطان- ڕۆمان- ١٩٨٧
9- بعيدا عن المدبنة المنورة- ڕۆمان- ١٩٩١
10- واسع هو السجن- ڕۆمان- ١٩٩٥
11- ابيض الجزائر- چیرۆک- ١٩٩٦
12- الاصوات التي تحاصرني: على هامش فرانكفونيتي- لێکۆڵینەوە- ١٩٩٩
13- مرأة بدون قبر- ڕۆمان- ٢٠٠٢
14- اندثار اللغة الفرنسية- ڕۆمان- ٢٠٠٣
15- لا مكان لي في بيت ابي- ڕۆمان- ٢٠٠٧
دوو فیلمیشی هەیە بە ناوەکانی:
- نوبة نساء جبل شنوة- ١٩٧٨
- الوليمة أو اناشيد النسيان- ١٩٨٢

لە ساڵی ٢٠٠٥ کراوە بە ئەندامی ئەکادیمیای زمانی فەرەنسی و بۆ چەند ساڵێکیش پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبڵ بووە. لە ٦/٢/٢٠١٥ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە.


ئەم بابەتە 84 جار خوێندراوەتەوە